خوێندنەوەی دوران کاڵکان بۆ ئەفغانستان و تاڵیبان و ئەردۆغان

سەرچاوە: Medya haber TV

ئەفغانستان وەکو ناوەندی جیهانە !

ئەفغانستان وەکو ناوەندی جیهان وایە، هەر لە کۆنەوە بووەتە نوێنەری شەڕو ناکۆکییەکان و ئەم بارودۆخە هێشتا بەردەوامە، هەربۆیەش لە ئەفغانستاندا تێکۆشانێکی چەندین لایەنە هەیە. ناکۆکیی هێزە سیاسییە جیاجیاکانی ناوخۆیی و بەرژەوەندیی و ناکۆکیی و دەستێوەردانە دەرەکییەکان زۆرن، بۆیەش زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان دەستێوەردانی جدی دەکەن لە بارودۆخی ئەفغانستاندا، هۆکاری گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستانیش ئەنجامەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بارودۆخانە .

 “کاریگەریی ڕووخانی سۆڤییەت”

من بە بیرم دێت کە لە ڕێبەندانی ساڵی ١٩٧٩دا لە ئێران ڕژێمی شاهەنشاهی ڕووخێندرا و لە خەرمانانی هەمان ساڵدا، کودەتا لە ئەفغانستاندا ڕوویدا وهەر بەم ڕێگەیەش دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، کودەتاچییەکان لایەنگری یەکێتی سۆڤییەت بوون و دەوترا: یەکێتی سۆڤییەت دەست بەسەر ئەفغانستاندا دەگرێت.

سوپای یەکێتی سۆڤییەت ڕەوانەی ئەفغانستان کرابوو و ‌هێزە دژبەرەکان دژایەتییەکی زۆری ئەم لەشکرکێشییەی یەکێتی سۆڤییەتیان دەکرد، شەڕی نێوان هێزەکان ١٠ ساڵی خایاند، تاڵیبان و گروپەکانی تری وەک تاڵیبان لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دروستبوون. لە ڕاستییدا بۆ ئەوەی ئەفغانستان نەکەوێتە ژێر ڕکێفی یەکێتی سۆڤییەتەوە، ئەمریکا و ناتۆ تەواوی هێزی پشتگیریی جەنگییان بۆ ئەو کەسانە ڕەوانە کرد، دژی ئەوانەی کە بە کودەتا هاتبوونە سەر دەسەڵات شەڕیان دەکرد. پێم وابێت حکومەتی ئەوکاتە ١٠ ساڵ لەسەر دەسەڵات مایەوە، سەرۆکی ئەو کاتیش وەکو ئەشرەف غەنی وڵاتی بەجێهێشت و ڕایکرد، حکومەتی کودەتاچییەکان ڕووخا، خەڵک لە پشێوییدا بوو، چونکە تەنها دەوڵەتی کودەتا نەڕووخابوو بەڵکو یەکێتی سۆڤییەتیش ڕووخابوو . لە ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەتدا شەڕی ئەفغانستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو ، دوای ساڵی ١٩٩٠ بوو کە تاڵیبان دەرکەوت و دەسەڵاتی گرتە دەست کە ئەویش بەشێک بوو لەو هێزانەی لە شەڕی ئەفغانستاندا شەڕی دەکرد وئەمریکا و ناتۆ پشتیوانییان دەکرد. دوای ئەوە ڕووداوی ١١ی سێپتەمبری ٢٠٠١ ڕوویدا، دوا بە دوای ئەم ڕووداوە ئەمریکا شەڕی دژی تاڵیبان و ئەلقائیدە ڕاگەیاند .

“ناتۆ لە هەمان باروودۆخی یەکێتی سۆڤییەتدایە”

ئەوە٢٠ ساڵە کە ناتۆ و ئەمریکا هەوڵی کۆتایی پێهێنانی تاڵیبان و دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ دەدەن، کۆتاجاریش لە کۆبوونەوەکەی مانگی تەمموزی ناتۆدا ڕایانگەیاند، کە دەوڵەتێکی نوێمان دروستکرد ، ڕاهێنانی تەواوەتیمان بە هێزە سەربازییەکان کرد و ئیدارەیەکی نوێمان بونیاتنا کە ئیتر دەتوانێت خۆی بپارێزێت هەبۆیەش لە ئەفغانستان دەکشێینەوە . لە ماوەی یەک مانگدا هەموو شتێک پێچەوانە بوویەوە، وایان لێهاتووە کە تەنانەت ناتوانن هێزەکانیشیان بکشێننەوە و توانای پاراستنی باڵیۆزەکانیشیان نییە. ئەو شتانەی کە لە ساڵی ١٩٨٩دا بەسەر یەکێتی سۆڤییەتدا هات، هەمان شت خەریکە بۆ ناتۆش دوبارە دەبێتەوە. هەندێک کەس دەیانوت کە ناتۆ شێوازێکی نوێی بینیوەتەوە و لەسەرەتاوە جیهان بونیاد دەنێتەوە و ئیتر کەس ناتوانێت لەبەرامبەر ناتۆدا بوەستێتەوە!  ئێمە شێوازەکەی ناتۆشمان بینی، کە چۆنە و چۆن لە ئەفغانستان تووشی شکست بوونەوە، ئەوان ئێستا لە ڕووخانێکی هەمەچەشنەدان .

 “ئەو ڕۆڵەی کە ناتۆ بە ئەردۆغانی سپارد”

نازانم دەیانوت ڕۆڵێکی گەورەیان بە ئەردۆغان سپاردووە ، بەم شێوەیەیان کردووە بەو شێوەیەیان کردووە. فەڵان و فیساریان کردوە. ئێستا دەردەکەوێت ئەو ڕۆڵەی کە بە ئەردۆغانیان سپاردووە چی بوو . ڕۆڵی چی و شتی چی! ؟ ئەوان ئەردۆغان تەنیا بۆ ڕزگارکردن و ڕفاندنی ئەو جاسوسانەی، کە  ئەمە٢٠ ساڵە بەرامبەر تاڵیبان بە ڕێکخستنیان دەکەن بەکاردەهێنن! ئەوان ڕۆڵی گرتن و پاراستنی فڕۆکەخانەی کابولیان پێسپارد بۆ ڕزگارکردنی لایەنگر و هاوکارەکانیان ، وەک ئەو کەسانەی کە مرۆڤ دەڕفێنن یان ئەو تاجیرانەی کە پەنابەر دەڕفێنن، لە کۆبونەوەکەی تەمموزی ناتۆدا ئەم ڕۆڵە بە ئەردۆغان سپێردرا . دەیانگوت ماشەڵا چ رۆڵێکی گرنگیان بە ئەردۆغان داوە! نازانم لە سەر فڵان شت و فیسار شت رێککەوتوون! ئەوەی کە بە ئەردۆغان سپێردراوە رۆڵ نییە،  پێش ئەوەی ئەو شتەی کە بڕیار بوو ئەردۆغان بینێرێ  بۆ ئەفغانستان لە ئەنقەرەوە بەڕێکەوێ، تاڵیبان هەموو ناوچەکانی گرتەوە، بە فڕۆکەخانەکەشەوە!

تاڵیبان و ئەزموونەکانی لە چوار سەردێڕدا”

١. ئەفغانستان شوێنێکە کە شەڕ و ناکۆکی زۆری لەخۆگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستێوەردانی دەرەکی زۆری تێدایە، پێویستە بزانرێت قۆناخی نوێ چۆن دروستدەبێ و ئەمەش نابێ بە ئاسانی بگیردرێتە دەست. تاڵیبان بەڕاستی لەلایەن ئەمریکاوە دروست کراوە، سەرەتا ناتۆ پشتیوانی کرد و دواتریش هەر ناتۆ شەڕی بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دژی ڕاگەیاند و دواتریش ڕێککەوتنیان بەست. لەڕاستیدا ئەمریکا هەموو ئەو شتانەی کە ڕەوانەی ئەفغانستانی کردبوو ڕادەستی تاڵیبانی کرد، هەر وەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤دا لە موسڵ و لە ڕەققا ئەو شتانەیان تەسلیمی داعش کرد!  تەنانەت ئەم جارەیان دەسەڵات و هێز و چەکی زۆر زیاتری تەسلیمی تاڵیبان کردەووە .

٢.  تاڵیبان هێزێکی ئەفغانییە و پێویستە بەم شێوەیە ببینرێت، وەکو ئەلقاعیدە یان داعش نییە کە دیار نەبێ لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێ!؟  تاڵیبان هێزێکی چەتە نییە کە دیار نەبێ چی دەکات و چی لێ بەسەردێت. هێزێکی ئەفغانە و هەمیشە لە ئەفغانستاندا بووە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا شەڕی کردووە و و قوربانیداوە. سیاسەت و ئایدۆلۆجیاکەیت بە دڵ بێت یاخود نا، ئەمە ڕاستییەکە پێویستە بزانرێت . پێویستە تاڵیبان باشتر بناسین.

٣. دەستێوەردانی دەرەکی زۆرە و بە راستیش دەبێت لەدژی ئەم دەستێوەردانانە بوەستینەوە. ئینجا لە ئەفغانستان بێ، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ یان هەر شوێنێکی تر، نابێت لایەنگری دەستێوەردانی دەرەکیی بین. چونکە دەستێوەردانی دەرەکیی هیچ سوودێک ناتوانێت بە ناوچەکە بگەیەنێت. یەکێتی سۆڤیەت بە سوپای سوورەوە هات و رۆیشت هیچ قازانجێکی بۆ ئەفغانستان نەبوو. ناتۆ بەهەموو هێزەکەیەوە هات و ڕۆیشت بێ ئەوەی هیچ سودێکی هەبێت. جگە لە شەڕی ناوخۆیی ، ناکۆکی، قەیران و پێکدادان و مردن شتێکی تریان بە ناوچەکە نەبەخشی، هەربۆیەش پێویستە دەستێوەردانی دەرەکی ڕەتبکرێتەوە.

نابێت وا ڕەفتار بکرێت کە گوایە دەستێوەردانی دەرەکی دیموکراسی و ئارامی دێنن یاخود دەسەڵاتەکەی ئەشرەف غەنی بەباش بناسێندرێت.  پێویستە کەس لایەنگریی بەکرێگیراوێکی ئەمریکا وەک ئەشرەف غەنی نەکات. ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراسییەوە نییە. ئەو جۆرە کەسانە تا دواڕادە نۆکەر  بەکرێگیراو و سیخوڕن، توانای خۆڕاگرییان نەبوو. تەنانەت فیشەکێکیشیان نەتەقاند، سیستەمەکەیان ڕووخا، هەربۆیەش  پێویستە بەر لە هەموو شتێک دژ بە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی بوەستینەوە.

٤. نابێت دەستێوەردانە دەرەکییەکان وەکوو دیموکراسی لەقەڵەم بدرێن، یان پێوانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئەوروپا وەک پێوانی ئازادبوون ببینرێن و لە سۆنگەی ئەم چەمک و بۆچوونانەوە شەڕ لە دژی تاڵیبان بکرێت. ئەگەر بەم شێوەیە نزیکی بارودۆخەکە ببنەوە ئەوا ناتوانرێت تێکۆشانێکی بە کاریگەر لە دژی تاڵیبان بەرەو پێشەوە ببرێت و تاڵیبان زیاتر وەک هێزێکی هەرێمی و خۆماڵی دەمێنێتەوە ، پێویستە ڕێگای ڕاست بگیردرێتە بەر بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر تاڵیبان. ئەمە چ مانایەک دەگەیەنێت؟ بێگومان پێویستە کولتور و سیاسەت و تایبەمەندی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا بە بنچینە وەربگیردرێت و دیموکراسی و ئازادی لەمانەدا ببینرێت، نابێت هەڵبخەڵەتێن بەو دیمکوکراسییەی کە لیبڕالیزمی مۆردێڕنیتەی کاپیتالیزم دروستی کردوە. ئەگەرنا ناتوانرێ شکست بە تاڵیبان بهێنرێت. خۆ ناتۆ و ئەمریکا نەیانتوانی ئەو کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن، جا لایەنێکی تر چۆن  دەتوانێت. هەربۆیەش پێویستە بە سەرنجەوە تێکۆشان بکرێت و ڕێگەی ڕاست بگیردرێتەبەر.

“ نە لایەنگیری تاڵیبان و نە لایەنگیری ناتۆ !”

لە نێوان ناتۆ و ئەمریکا و تاڵیباندا گرێبەست ئیمزاکراوە، هەر بە پێی گرێبەستەکەش هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە و لەم کشاندنەوەیەشدا تاڵیبان هەلەکەی قۆستەوە و زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە. ئەوان هێشتاش بەردەوامن لەسەر چاوپێکەوتنەکانیان، دەتوانن فۆڕمێکی نوێ لە حکومەت دابمەزرێنن، هەربۆیەش ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر ئەستۆی کۆمەڵگای ئەفغانستان، بە تایبەت ژنان و گەنجانی ئەفغان. بەڕاستی ئەوان پێویستە بەرامبەر بە تاڵیبان ڕێگەی ڕاستی تێکۆشان و ئازادیی بخوڵقێنن. پێویستە ئازادیی کۆمەڵایەتی بە خۆڕاگریی و ئیرادەی خۆیان دەستەبەر بکەن نابێ وابیر بکەنەوە، کە ئەوان بە  هاوکاریی ناتۆ و ئەمریکا دەتوانن ئەم کارە بکەن. گرتنەبەری ڕێگەی دروست زۆر گرنگە. پێویستە ئەوە بزانین کە نە داعش و نە تاڵیبانیش هێزێک نیین، کە لە دەرەوەی سیستەم بن. بەڵکو هێزێکن لە لە ئەنجامی شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی سیستەمەوە هاتوونەتە ئاراوە. پێویستە لەمەدا بەرچاومان ڕوون بێیت. نابێ تاڵیبان وەکو سیستمێکی جیاواز یاخود سیستمێکی دژ بە سیستمی سەرمایەدارییە ببینین. ڕاستە هەندێ ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئایا ئەو ناکۆکییانە چین ؟ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بە پشت بەستن بە مۆدێرنیتەی خۆیان، کە مۆدێرنیتەیەکی دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتخوازە، لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و مۆدێرنیتەی ئەمریکا کە تازە بۆتە دەوڵەت لە ناو ناکۆکی دایە. بەڵام لەڕاستیدا گەوهەری هەردووکیان هەر یەک شتە.  دەوڵەت و دەسەڵات سیستەمێکی یەکپارچە و یەکانگیرە.  واتە هیچ دژایەتییەک لە نێوان تاڵیبان و سیستەمدا نییە. نابێ لە لایەنگری لە تاڵیبان بکرێت و نە لایەنگری لە ناتۆ .

 “هاوکێشەیەکی قورس لە ئارادایە”

لە ڕاستییدا هەردووکیان (ئەمریکا و تالیبان ) لە سەر بەڕێوەبردنی ئەفغانستان ڕێککەوتوون. هەربۆیەش پێویستە گەل و کرێکاران پەرە بە ڕێبازی خۆیان بدەن . ژنان لە ناو تێکۆشاندان، کاردانەوە نیشان دەدەن. ئەمە گرنگە. مافی خۆیانە تێکۆشان بکەن. پێویستە هەڵسەنگاندێکیش لە سەر هەڵوێستی ژنان بکەین. ئەویش ئەوەیە کاتێک کە ژنان لە دژی زیهنییەتی پیاو سالارانەی تاڵیبان تێکۆشان دەکەن پێویستە ئاگایان لەوە بێت کە رێبازی ئەم تێکۆشانەیان لە سەر ئەو زیهنییەتەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری نەبێت، کە ژن دەکاتە مانکێن(مۆدێل). پێویستە ئازادیی گەل و ئازادیی ژن بە بنەما وەربگرن بۆ ئەوەی  کە تێکۆشانەکەیان کاریگەری هەبێیت. زۆر چین و توێژی کۆمەڵایەتی دیکە هەن کە تا ئێستاش بەرەنگاری  تاڵیبان دەبنەوە.

ڕاستە لە ئەفغانستان حکومەت هەڵوەشایەوە  و زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتی لە دەست تاڵیبان دایە، بەڵام تاڵیبان هێشتا نەیتوانیوە دەست بەسەر هەموو ناوچەکاندا بگرێت و هێشتا ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەردەوامن . زاڵ بوون بەسەر هەموو ناوچەکانی ئەفغانستاندا کارێکی ئاسان نابێت، ئەمە  پێشتریش هەر  وابووە.  بەڵام ئایا ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانێ هەندێ هانی ئەو گرووپانە بدات  کە ئیسلام بەکاردەهێنن ؟ پێم وانییە، لەڕاستییدا تاڵیبان زۆر لایەنگریی لەوانە ناکات، ڕاستە، کاریگەریی لەسەر دەوروبەری دەبێت،هەندێک کەس دەڵێن کە جەنگی سارد سەرهەڵدەدات و هەندێک کەسیش دەڵێن کە شەڕ لەدژی ئێران دەستپێدەکات. ئەمریکا لەگەڵ ئەمانە رێککەوتووە. لە دژی ڕوسیا و چین بەکاریان دەهێنێت. ئەمە ئێدی کێشەیەکی ناوخۆیی سیستمە. هاوکێشەیەکی قورس لە ئارادایە بارودۆخەکە ناڕوونە و ئەگەری زۆرشت هەیە .

هەڵبەت  پێویستە مرۆڤ تالیبان باش بناسێت، کۆمەڵگەی ئەفغانستان باش بناسێیت. پێویستە لە بەرامبەر سیستمی دەوڵەت و دەسەڵات، لە بەرامبەر زیهنییەتی پیاوسالاریی، هەم لە ئاسیا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕێبازێکی تێکۆشانی ئازادیخوازیی پەیڕەو بکرێت، کە پشت بە کۆمەڵگا و ئازادی ژن و دیموکراسی ببەستێت، دەتوانرێت بوترێت دەرفەتی گونجاو بۆ تێکۆشانێکی لەم چەشنە هەیە، گەل بۆ ماوەی چەندین ساڵە لەناو شەڕدایە، جموجۆڵێکی بەردەوام هەیە، ژنان لەناو ئەم شەڕەدان. ئەم شەڕ و ناکۆکیانەش ئاستێکی باشی تێگەیشتن و زانابوونیان لای ژنان سەبارو بە کێشەکان خولقاندووە. ڕەنگە لە ڕوواڵەتدا تۆزێک هەژار و فەقیر دیار بن، پێویستە کەس بەمە نەخەڵەتێت. ڕاستە کە ژنان چارشێو بەسەیاندا دەدەن، بەڵام نابێ وەکو نەزان ببینرێن. ئەزموونی ژیانیان زۆرە، هێزی خۆڕاگرییان زۆرە،  ئەمەش زەمینە بۆ هەڵوێستی دیموکراتی و ئازادیخواز دەڕەخسێنێت و دەتوانێت ببێتە بنەڕەتی دەستپێکردنی تێکۆشان لە دژی تاڵیبان. چونکە تاڵیبان و هێزەکانی دی دەسەڵات هێشتا نەیانتوانییوە بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ ببن. هێشتا دیار نییە کە چۆن پەیوەندییەکیان لەگەڵ هێزەکانی دی دەسەڵات دەبێیت.

“ئەو دەرگایەی کە ئەردۆغانی ڕزگاردەکرد پێش ئەوەی بکرێتەوە داخرا !”

قسەی زۆرمان لە سەر تاڵیبان دەبێت، بەڵام با ئێستا ئاوڕێکیش لە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان بدەینەوە.  ئەردۆغان زۆر دڵگەرم ببوو بەوەی، کە ئەرکی پێدەسپێرن، ڕۆڵی بۆ خۆی دیارکردبوو! ئەو دەرگایەی کە ئەردۆغان هیوای هەبوو لە ئەفغانستاندا بە ڕوویدا بکرێتەوە و لەم تەنگەژەی ئێستا ڕزگاری بکات، بە ڕوویدا داخرا. هێشتا نەکرابوویەوە ئیفلاسی کرد. ئەو ئەرکەی کە بایدن لە کۆبونەوەکەی مانگی  تەمموزی ناتۆدا بە ئەردۆغانی سپارد بوو ئاشکرا بوو: واتە کاتێ کە هێزەکانیان لە ئەفغانستاندا فشاریان بۆ هات بتوانێ لە ڕێگای تورکیاوە ڕزگاریان بکات. ئەردۆغان ئێستا خەریکە ئەو ئەرکەی ئەنجام دەدات، لەکاتی ئەنجامدانی ئەم ئەرکەدا ئەو دیوارەی کە لەسەر سنووری ئێران دروستی کردبوو، پێشی لە  پەنابەرەکان گرت، لە ڕاستییدا هەبوونی ئەم دیوارە کاتێک ئاشکرا بوو، کە پەنابەرە ئەفغانییەکان نەیانتوانی تێیپەڕێنن. ئەمە دیواری ڕیسوایی، دیوارێکە بۆ جینوسایدی کورد دروست کراوە. ئەم دیوارە هەموو کوردستان پارچە پارچە دەکات، لە کەوکاز (قەفقازەوە) تا چیای ئاگری لەوێشەوە تا عەفرین هەمووی دەکاتە دیوار، دیواری ڕیسوایی. دیواری جینۆساید، پێویستە هەموو کەسێک ئەمە ببینێت. مەسەلە تەنیا کشانی دیوار نییە، مەسەلەکە ئەوەیە، کە ئەم لاو و ئەو لای دیوارەکە لە کورد ڕادەماڵێیت. واتای ئەمە جینوسایدی کوردە. هەرێمی چۆڵکراو دروست دەکات، پێدەڵێین هەرێمێکی تامپۆن. دەیانگوت ئەگەر ئەم دیوارە نەبێت پەنابەر دێن. ئێستا خۆیان پەنابەر دێنن!! مەبەستی بنەڕەتی دیوارەکە بەم شێوەیە ئاشکرا بوو، دەیەوێت ئەم کۆچبەرانە وەکو کارتێکی فشار لە دژی ئەوروپا بە کار بێنێت، کورد دەتوانین بڵێین ئەمریکا ٢٠ ساڵ هەموو شتێکی دا بە کارزای و حکومەتی ئەشرەف غەنی، مەنزڵگای کۆتاییان بوو بە ئیمارات!!!  ئەوە ٢٠ ساڵیشە هەمان ئەمریکا ئەردۆغانیش  بەخێوە دەکات، ئەوە چارەنووسی ئەشرەف غەنی بەسەر ئەردۆغانیشدا دێیت، با هەر لە ئێستاوە شوێنێک بۆ خۆی ئامادە بکات،  چونکە کاتەکەی نزیک بووەتەوە !!!.

 

 

 

هەروەها چێکی بکە

دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دوو لە دەسگیرکراوان دەرکرد

  پارێزەری دەستبەسەرکراوانی بادینان ڕایگەیاند راگەیاند، کە لە ئێستادا سزای هەریەکە لە بەدەل بەرواری و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *