هاوکار عزەت
هەمووان و بە تایبەت ئەوانەی بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن بینەری دیمەنەکانی شکستی سوپای ئەفغانستان و گەڕانەوەی بزوتنەوەی تالیبانین، شکستێک کە هێندە خێرایە شۆکێکی گەورەی دروستکردوە بۆ چاودێران و شرۆڤەکاران، چۆن دەبێت سوپایەکی زەبەلاحی مەشقپێکراوی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرگەی چەند ڕۆژێک وەستانەوە دژی تالیبان نەگرێت و گۆڕەپانی جەنگ چۆڵبکات.
لە دوو رۆژی ڕابردودا شتێک زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە دڵنیام سەرنجی زۆربەی خەڵکی تریش بوە، ئەویش ئەو شکستە خێرایەی سوپای ئەفغانستانە کە زیاد لە ٢٠ ساڵە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە مەشقی پێدەکرێت.
زۆر گەڕام بە دوای هۆکارەکانیداو زۆرم خوێندەوە لەسەری، لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە بە تایبەت سەرچاوە ڕۆژنامەوانیە دیار و ناسراوەکان بە وردی بەدواداچونم کرد،شرۆڤەی چەند کەسێکی شارەزای کاروباری سەربازی و سیاسی ناوچەکەم خوێندەوە، سەرەنجام گەشتمە ئەو ئەنجامەی هۆکاری ئەو شکستە خێرایەو ئەو دەسەوەستان بونەی سوپایەکی زەبەلاح لە بەرامبەر چەند هەزار چەکدارێکی تفەنگ ژەنگاویدا گەندەڵی و ناراستی و کۆمەلێک کێشەی ترە.
لە سەرچاوەکانەوەم چنگ کەوت کە کونسوڵخانەی ئەمریکا چەند جارێک واشنتۆنی ئاگادارکردوەتەوە لە گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی سوپای ئەفغانستان و پشێبینی ئەوەی کردوە بەو هۆیەوە ئەو سوپایە توانای بەرگری نەبێت لە کاتی پێویستدا.
ئەمریکیەکان لە ئەفغانستانەوە چەند ڕاپۆرتێکیان ناردوەتەوە واشنتۆن و ئاماژەیان بەوە کردوە کە گەندەڵی و گەلەندەڵکاریی بە شێوەیەک لە نێو سوپای ئەفغانی تەشەنەی کردووە باس ناکرێ، ئیشی سەرکردە سەربازییەکان، هەر ئەوە بووە مووچە بۆ هێزەکانیان ببڕنەوە و ئەو چەک و شتوومەکە سەربازییەی ئەمەریکا دەیدانێ لە بازاڕی ڕەشدادەیان فرۆشتەوە،بەشێکی زۆر لە چەک و کەرەستە سەربازیەکانیان بەدەست تالیبانەوەیە ئێستا کە پێشتر لە سوپایان کڕیوەتەوە، ئەفغانیەکان بەردەوام لە بارەی ژمارەی سەرباز و هێزەکانیان درۆیان لەگەڵ ئەمەریکا دەکرد و ژمارەیەکی زۆر گەورەتریان بە ئەمریکیەکان وتوە کە چەند هێندەی ژمارە راستەقینەکەیە و ڕێژەیەکی زۆری سەربازانیان بندیوارن و لە ئەرکی فەرمیدا نەبوون و نین، هەر گروپەو بۆ خۆی هێزی سەربازی و چەک و تفاقی جەنگی هەبوەو میزانیەو ئۆتۆمبێل و مەشقی تایبەت و جۆرەها خزمەتی تری لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابینکراوە، بەڵام حکومەت هیچ سودێکی لە بونی ئەو هێزانە وەر نەگرتوە و ئەوەتا ئێستا واقیعەکە دەبینرێت، ئەمە قسەی نێو ڕاپۆرتە دزەپێکراوەکانی ئەمریکایە.
ئەگەر بێین ئەم دۆخە بەراورد بکەین بە کوردستان، هەمان ئەنجاممان بۆ دەردەچێت، هەمان ئەو شتانەی کە لە راپۆرتەکانی ئەمریکیەکاندا ئاماژەی پێکراوە لای هێزەکانی ئێمەش بونی هەیە، گەندەڵی و بەهەدەردان و دزی و ئاماژەکردن بە ژمارەی زۆر گەورەی هێزی پیشمەرگەو فرۆشتنی چەکی هاوپەیمانان لەلایەن بەرپرسانەوە لە بازارەکاندا، هەروەها بونی هێزی رێکنەخراو لە خزمەت بەرپرسان و حزب وکەسێتیەکانی نێو حزبەوە، لە هەمووی خراپتر ژمارەی زۆری بندیوارەکان، هەموو ئەمانە لێرەش هەن و دور نییە هەمان چارەنوسی سوپای ئەفانستان روبەڕوی پێشمەرگەو هیزە جۆر بەجۆرەکان ببێتەوە لە هەر کاتێکدا.
ئەگەر باس لە ڕوبەڕو بونەوەی داعش دەکرێت، هەموو دەزانین پێشمەرگە چ قارەمانێتیەکی نواند و توانی بەرگری بکات، بەڵام پێم وانییە کەس لەو راستییە حاشا بکات کە پێشمەرگە لە دۆخێکی تەواو خراپدا بوو، پێشمەرگە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە دابەشبوبون بەسەر چەند حزب و چەندین بەرپرسی حزبیدا کە کەمترینیان لە بنەما سەربازیەکانی سەردەم تێدەگەشتن، هەموو دەزانین هێندەی تەفرەقەی نێو حزب و سیاسیەکان پیشمەرگەیان بە هیلاک برد نیو هێندە داعش بە هیلاکی نەبردن، هێندەی فەرماندەی نە شارەزاو ململانێی نادروستی حزبی و ناوچەیی پێشمەرگەی بە شەهیدکردن دا نیو هێندە دوژمنە حەقیقیەکە نەیتوانی زەفەر بە پێشمەرگە ببات.
ئەوەی لەسەر حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی هەرێمە وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە کە بە زویی ئەو چیرۆکە کۆتایی پێ بهێنن کە چەند سالێکە دەیلێنەوە، کە ئەویش یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو داڕنینی لە دەستی حزب و شەخسەکانە.
دەبێت هێزی پێشمەرگە بکرێتە هێزێکی ڕێکخراوی نیزامی بۆ بۆ ئەوەی ژمارەو ئاست و توانای ئەو هێزە بە ڕونی بزانرێت و لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیە پشت بەو هێزە ببەسترێت، نەک لەسەر بنەمای وەهمێک کە حزب و بەرپرسەکان بۆیان دروست کردوین و دواتریش وەک ئەفغانستان بەرگەی چەند کاتژمێرێک بەرگری نەگرین.
ئەوەی لە ئەفغانستان ڕویدا هیچ دور نییە لە چەند شوێنێکی تریش ڕوبداتەوە، بەڵام دەکرێت بە زویی کارێک بکرێت کە ئەو مەترسیە لە ئێمە دور بخرێتەوە.