ئێشی کوردێکی تیرۆرکراوی تر

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

موسا باباخان گەنجێکی جوامێر و بە ویقاری کرماشان، لەناوشاری هەولێردا بە فیت و داوی کوردێکی نامووسفرۆشراو بە تیرۆرکردن دەدرێ.

کتومت ئەو قسەیەی بەناوی ” درەخت”ـەوە کراوە: ئەگەر داری هاوڕەگم نەبێتە کلکی تەور، تەور کوا دەتوانێ بمبڕێتەوە! دەڵێی بۆ ئەم کوردە بە هەیبەتە وتراوە کە دوای ئەشکەنجەدان و عەزیەتێکی زۆر لە هۆتێلێکدا شەهیدیان کردووە.

موسا یەکێک بوو لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبی دیموکرات، خۆی و حزبەکەیشی زانیارییان هەبوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە تیرۆری بکات. ئەی کە وایە بۆچی ئەوەندە بە ئاسانیی کەوتە داوی کوردی بەکرێگیراوی دەوڵەتی ئێرانەوە؟

شەهید قاسملوو لە دیدارێکیدا دەیگێڕێتەوە دەڵێ: ئەو ساڵەی عەجەم بە فێڵ و درۆ سمایل خانی شکاکیان خستە داوەو تیرۆریان کرد، من هاتمە دنیاوە. بابم هەمیشە دەیوت هەرکاتێ گەیشتی بە عەجەمان یان بیکوژە یان لێی هەڵبێ چونکە ئەو دەتکوژێ!

کەچی ئەم سەرکردە هەڵکەوتوو و ڕۆشنبیر و بە ئاگایەی کورد، لەناو دڵی ئەوروپادا لەوپەڕی تێری لە عەقڵ و هۆشدا، کەوتە داوی عەجەمە تیرۆریستەکانەوەو لەسەر مێزی گفتوگۆ شەهیدیان کرد!!

یەکێک و دووان و سیان نا، بەڵکو دەیان کادیر و فەرماندە و تێکۆشەری رۆژهەڵات بە ئاسانیی و بێ خۆماندووکردنی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، درانە بەر خەنجەری تیرۆر، باشە چۆنە ئەو حزبانەی رۆژهەڵات دەرس و پەند وەرناگرن؟

ماوتسی تۆنگ وتوویەتی: شۆڕشگێڕ ئەگەر باش دوژمنەکەی ناسی، ئەوا ئەستەمە لەبەردەمیدا بدۆڕێ.

سیاسەت و ئەفکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر بنەمای تیرۆر و ڕەشەکوژیی بنیاتنراوەو بە عەمەلیش
هەروای کردووە، ئەی دەبێ نەیارەکانی … بە کورد و فارس و تورک و عەرەبی ئێرانەوە… کەی بیناسن تا بەسانیی نەدۆڕێن؟

ئینکاری لەوە ناکرێ، ئێران وەکو دەوڵەت خاوەن توانا و تاقەتێکی زۆر گەورەیە لە سڕینەوەو هەڵتەکاندنی نەیارەکانیدا. بۆ ئەوەیش دەست لە هیچ شتێ ناپارێزێ و لە هەرکوێی دنیا بیەوێ کاری تیرۆر و رەشەکوژی دڵڕەقانەی خۆی دەکات. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە نەیارەکانی دابنیشن تا دانە دانە قەڵت و بڕیان دەکات. ستراتیژ و تاکتیکیان دەبێ بگۆڕن و تاسەر لە خۆپارێزی و خۆحەشارداندا نەمێننەوە.

دەبێ سەرکردایەتیی و کادیرانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەمەولا زۆر وریاتر و چاوکراوەتربن تا بە ئاسانیی نەکەونە داوی کوردە نامووسفرۆشەکانی ناوخۆوە. بەهۆی ئەو بێکاریی و گرانیی و نیمچە قاتوقڕییەی لە ئێراندا سەری هەڵداوە، لە هەموو کات زیاتر خۆفرۆشیی و ملشۆڕیی بۆ پارە لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا گەشە دەکاتەوە.

لە سەردەمی وادا، نامووسفرۆشان لە هەموو ئان و ساتێ زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەری پارەی هەڵڕژاو بۆیان و سڵ لە هیچ تاوانێ ناکەنەوە. دەبێ تاکتیکی خۆپارێزیی و ستراتیژی بەرپەرچدانەوەی تیرۆری دەوڵەتی ئێران بگۆڕن و لەو قاڵبە تەقلیدییە بێنە دەرەوە کە هیچ کەسێک تێیدا گیانی پارێزراو نییە.

لە ساڵانی سەرەتای نەوەدەکان لە باشووری کوردستان، بەهۆی گرانیی و قاتوقڕییەوە، خۆفرۆشیی و نامووسفرۆشیی گەیشتە ڕادەیەک، نەک تەنیا کادیر و فەرماندەکانی رۆژهەڵاتیان بۆ ئێران دەکوشت، بەڵکو بۆ مشتێ پارە ژن و پیاوی بێگانە کە بۆ یارمەتیدانی کورد قاڕەکانیان بڕی بوو، دەکوشت بۆ ئیستخباراتی عێراق!

ئێستا کە بارودۆخێکی هاوشێوەی نەوەدەکانی باشوور لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا هەیە، نرخی نامووسفرۆشان لە هەموو کات هەرزانتر دەبێ و بەناو وڵاتدا بەریان دەدەنە گیانی تێکۆشەرانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

نە حکومەتی هەرێم توانای دەست شکاندنەوەی تیرۆری ئێرانی هەیە، نە هۆشیارییەکی کوردانەی وەها هەیە کە پاراستنی گیانی کادیر و فەرماندەکانی رۆژهەڵات وەکو یەکێ لەئەرکە نەتەوەییەکان سەیر بکرێ لە باشوور، بۆیە تەنیا شتێ دەتوانێ گیانیان بپارێزێ خۆیان و بیرکردنەوەی تازەی خۆیانە نەک چاوەڕێی کوشتن و تیرۆرکردنی دانە دانەی ئینسانە پاک و هەڵکەوتووەکانی رۆژهەڵات بن.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *