دەربارەی پەیماننامەی لۆزان
وەک دەزانرێت پەیمانی لۆزان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە نێوان زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز بەسترا، ئەم پەیماننامەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارچە پارچە کرد و کۆتایی بە هەموو ڕێکەوتن و پەیماننامەکان هێنا، بە تایبەتی گورزێکی خراپ بوو لە پەیمانی سیڤەر درا هەرچەندە مافی کورد و گشت خاکی کوردستان لە پەیمانی سیڤەریشدا جێگەی نەکرابۆوە، کە لە بەندەکانی(62,63,64)دا بەشێک لە مافی کوردان دانی پێدانرابوو، هەربۆیە دەتوانین بڵێین موئامەرەیەکی گەورە بوو لە کورد کرا بە پێشەنگایەتی دەوڵەتی تورکیا و (مستەفا کمال و عیسمەت ئینونو) ئەم پرۆسەیە ئەنجامدرا، بێگومان دەوڵەتانی زلهێز و بەریتانیاش ڕۆڵێکی زۆر خراپیان تێدا گێڕا.
لەئەنجامدا کوردستان بێ ڕەحمانە دابەش کرا بەسەر چوار دەوڵەتدا و بێبەش کرا لە سەرەتاییترین مافە شەرعیەکانی خۆی و دواتریش قۆناغ بە قۆناغ کورد کۆمەڵکوژ کرا و چەند جارێک کورد لە هەرچوار بەشی کوردستان جینۆساید کرا.
وەک (تەڤگەری ئازادی) دەمانەوێت ئەوە بخەینە ڕوو کە واخەریکە نزیک دەبینەوە لە سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتنەدا، کە ئیدی ماوەی پەیماننامەکە کۆتایی پێدێت، بەڵام تورکیا و خودی ئەردۆغان ئەیانەوێت ئامادەکاری بکەن بۆ پەیمانێکی دیکەی لۆزان بەڵام بە ڤێرژنێکی نوێوە، ئەوکات پەڕلەمانی تورکیا لێپرسینەوەیان لە عیسمەت ئینونو و شاندی یاوەری دەکرد بەوەی کە (ولایەتی موصل)یان نەخستۆتە چوارچێوەی خاکی تورکیاوە، هەربۆیە ئێستا تورکیا دەیهەوێت بەتەنها (ولایەتی موصل)نا، بەڵکو تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان و زۆر دوورگەی دیکەی یۆنان و گەلێک ناوچەی دیکە بخاتە ژێر حوکمی خۆیەوە، هەربۆیە داگیرکاریەکانی ئێستای تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان و عێراق لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە.
هاونیشتمانیانی ئازیز ئێمە و زۆر هێز و لایەن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و کۆمەڵگە بە گشتی هەست بە مەترسیەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و لامان ڕوونە کە ئەگەر پێشی لێنەگیرێت زۆر مەترسیدارە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە، جگە لەوەش لامان سەیرە دەستی ناوخۆی باشوری کوردستان ئەگەر شەخسی بێت یاخود هێزی سیاسی بێت بە ئاشکرا و بێ شەرمانە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن و پەلکێشی ناوچەکەی دەکەن، هەربۆیە وەک (تەڤگەری ئازادی) بەتوندی ئەمە مەحکوم و شەرمەزار دەکەین
جێگەی خۆیەتی ئاماژەش بەوە بدەین کە ئەم چەند ساڵەی پیشوو، هەروەها لە ئێستاشدا کورد قۆناغێکی باشی بڕیوە و لە ئێستاشدا خاوەن پرستژێکی باشە، بەتایبەت لە شەڕی دژ بە داعشدا لەبری هەموو جیهان شەڕی کرد و تێیدا سەرکەوتوو بوو، هەربۆیە ئەگەر یەکگرتوو و هەماهەنگی لەناو هێزە کوردیەکاندا هەبێت، مومکین نیە لە سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا کورد پەراوێز بخرێت و نەبێتە خاوەن ستاتۆی خۆی
داواکاری ئێمەش بۆ یەکگرتنی گەلی کورد و گوتاری هاوبەش لەسەر ئەو بنەمایەیە، بە پێچەوانەوە ئێمە سەدان ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە و هەموو ئەو قوربانیەی دراوە بەهەدەر دەڕوات…..
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستاندەستەی هاوسەرۆکایەتی
24 ی تەموزی 2021