حاشا من لەو جۆرە کوردە فاشییانە نییم!

کامیار سابیر

١- رقت لە فاشیزمی ئەردۆغانیی و لە فاشیزمی تورکە نەژادییەکانە، مافی کوردبوونی خۆتە، بەڵام کەس بۆی نییە بە ناوی هەموو کوردەوە، دژایەتیی هەموو شتێکی تورک بکات. ئەم رێگەدانە بە نەفسی خۆت کە تەواوی گەلی تورک، بە فاشیی و بە راسیست ئەزانیت، رێک ئەو بۆچوونە کوردییەش، بۆچوونێکی فاشییانە و راسیستانە و ئەحمەقانەیە.

٢- سروشت، پێوەندیی بە نەتەوە و نەژاد و طائیفە و ئایدیۆلۆژیاوە نییە. سروشتی هەمووانە، دڵخۆشبوون بەوەی دارستانەکانی ناوچە تورکییەکان ئەسوتێن، ئەم فاشیزمە کوردییەیان لە فاشیزمە ئیخوانییەکەی ئەردۆغان، مەترسییدارترە؟

٣- بەزەییت بە عەفرین و کۆبانێ و بادینانی کوردستانی عێراقدا دێتەوە جەرگت ژان ئەکات بۆیان، با لە رووانگەی کوردبوونێکی ئینسانیی و عەقڵانیی و واقیعییەوە بێت، تەواوی گەلی تورک، لای کەم زۆریینەی گەلی تورک لەگەڵ ئەو فاشیزمە ئیخوانییەی ئەردۆغان و ناسیۆنالیستە تورکەکاندا نیین. ویژدان و عەقڵ و فیکر و مەعریفە بۆ کورد زۆر باشە. ئاخر دووکەس لەو پێنج کەسەی پەکەکەیان دروست کرد، بە نەژاد و بە قەومییەت، تورک بوون و لە رێگەی رزگاریی و ئازادیی گەلی کوردی کوردستانی تورکیادا، بە قیمەتتریین شتی خۆیان بەخشی کە ژیانیان بوو، بە شانازییەوە مەرگیان هەڵبژارد و فاشیزمی تورکیی کوشتنی. لە دوای نەژادی کورد و عەرەب، نەژادی تورک سێیەم نەژاد دێت کە زۆرتریین قوربانییان لە کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا، دژ بە داگییرکارییەکانی تورکیا داوە و داکۆکیی لە پەیەدە ئەکەن. لە ئێستایشدا، باشتریین و عەقڵانییتریین و جەریئتریین قیادییەکانی پەکەکە، بە نەژاد تورکە.

٤- کوردی موسڵمانە، خواناسە، چەپی مۆدێرنە و باسی ژینگەپارێزیی ئەکات، کەچیی لەگەڵ ناسیۆنالیستە نەژادییەکانی کورددا، یەک سەنگەریان گرتووە و فاشیزمی کوردایەتیی و راسیزمی کوردیی بە گەلی تورکەوە ئەنێن. حاشا من لەو جۆرە کوردە فاشییانە نییم و رقم لە گەلی تورک و نەتەوەی تورک و کولتووری تورک و سروشتی تورکیا… نییە.

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *