مەجید ساڵح
«1»
لەوکاتەی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لەوپەڕی شکۆی ئابوری و سەربازی و سیاسی خۆیدا بوو، حەزرەتی مەسیح دەرکەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ ونبوونی لایەنی رۆحی و فکری لە ناو دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە وتی «مرۆڤ تەنھا بە نان ناژی». پاش یەک دوو سەدە لەو قسەیە، پاپاکان بە ناوی مەسیحەوە بوون بە بڕیاردەری ئەوڵ و ئاخر و قەیسەر و پادشاکانی ئەوروپا بەبێ ئەوان دەستیان نەدەکرد بە ئاودا، بەڵام خەڵکەکە لەوپەڕی برسێتی و لە بێدەرەتانیدا دەژیان بۆیە چەندین بیرمەند و فەیلەسۆف دەرکەوتن و قسەکەی مەسیحیان پێچەوانە کردەوە و وتیان «مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی» و «میژووی مرۆڤایەتی بریتیە لە ململانێی گەڕان بە دوای ناندا»، دەبێ ئەم سیستەمە ئاینییە تیوەکراسییە بگۆڕێن بۆ دیموکراسی و خەڵک خۆیان بڕیار لە سەر حاکمەکانی خۆیان بدەن و دوای یەک دوو سەدە لە تێکۆشان ئێستا وڵاتە ئەوروپیە مەسیحییەکان بە شێوەیەک نان و ئازادی تیایاندا بەرقەرارە، خەڵکی لە هەر چوارلای دنیاوە حەوت کێو و حەوت دەریا دەبڕن بۆ ئەوەی لە سایەی بەهەشتی حوکمی ئەواندا بژین.
«2»
سەدەی 21 لە ناو رێکخراوی ئیخوان موسلمیندا کە لە لە زۆر وڵاتی عەرەبی و ئسلامیدا خەریکی کاری سیاسی و دەعەوی بوون و ببوون بە ئۆپۆزسیۆنی نهێنی و ئاشکرادا وڵاتەکانی خۆیان، ئاراستەیەکی فیکری سەری هەڵدا پێیان وابوو «ناتوانین مرۆڤەکان بگەڕێنینەوە بۆ پرەنسیپەکانی ١٤٠٠ پێش ئێستایان بەسەردا بسەپێنین»… بڕیاریاندا لەگەڵ دنیای لیبرالیزم و سەرمایەداری نوێ و دیموکراسیدا خۆیان بگونجێنن … بۆ ئەم مەبەسەتە دەیان کتێب و کۆڕ و کۆبوونەوە کرا. خەڵکی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیان بینی، باوەڕیان پێیان کرد و لە شۆڕش و هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیان لێ کردن و لە هەندێ وڵاتی وەک تورکیا و میسر و تونس و لیبیا، هاتنەسەر دەسەڵات. بەڵام ئەوان پاش ماوەیەک لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەت و حوکمی ئیسلامی… لە تورکیا ئەردۆغان وەک میردەزمە سواری کۆمەڵگای تورکیا بوو و نەخشەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی سوڵتانی عوسمانی دانا.. لە میسر و تونس هەمان میکانیزم پەیڕەو کرا و لە جیاتی نان و ئازادی بەڵێنی چوونە بەهەشتیان بە خەڵکدا. ئەمانە بوون بە بیانوو بە دەست عەسکەرەوە لە سەر کورسی دەسەڵات بیانهێننە خوارێ، جگە لە بەشیک لە رێکخستنەکانی خۆیان نەبێ، زۆرینەی خەڵک بێ دەنگ بوون، چونکە دەیانزانی «مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی…» ئێستا زۆربەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی گەڕاونەتەوە بۆ سەردەمی عەسکەر…
«3»
هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١دا لە هەناوی وڵاتە کۆمەنیستیەکاندا جوڵانەوەیەکی نوێ سەری هەڵدا و وتیان «مرۆڤ تەنیا بە ئایدۆلۆژیا ناژی و پێویستی بە نان و ئازادیە»… بۆیە لە شەپۆلێکی دیموکراسیخوازیدا زۆربەی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵاتی بە ناو کۆمەنیزم هەرسیان هێنا و بە حسابی خۆیان رویان کردە لیبرالیزم و دیموکراسی… چەند ساڵێک دوای ئەو شۆڕشانە هەڵبژاردن کرا و کۆمەڵێک لە کۆنە شیوعییەکانی وەک (پۆتین و علییف و رەحمانۆف … ) بە هەڵبژاردن هاتنە سەر دەسەڵات. وا چەندین ساڵە لە کورسی دەسەڵات نایەنەخوارێ و نە نانیان هێنا و نە ئازادی، دۆخی وڵاتەکانیان گەلێک خراپترە لەسەردەمی کۆمۆنیزم… ستالین و خرۆشۆف بە حەوت ئاو شۆراونەتەوە لە چاو دەسەڵاتدارانی ئیستادا..!!
راستە مرۆڤ تەنها بە نان ناژی، بەڵام بە بەڵینی چونە بەهەشت و ئایدۆلۆژیاش ناژی.. بۆیە تاکە چارە لاسایی کردنەوەی ئەوروپایە کە لە پێشدا (نان) و ئینجا (ئازادی) فەراهەم دەکات و وڵاتەکانیان دەکەن بە (بەهەشت)ی راستەقینەی سەر ئەرز، بەهەشتێک کە جێگەی خەونی مرۆڤەکانە…