لە شەوی 21ی تەمموزی 2008 و سۆرانی مامە حەمە تیرۆرکرا بەدەستێکی نادیار، سۆران لە ساڵی 3/3/1986 لە گەڕەكی (شۆریجە) شاری کەرکوک لەدایكبووە، لەساڵی 2003 وە دەستی بە كاری رۆژنامەگەری کردووە و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین بوو ماوەیەک لەو گۆڤارە كاری کرد و بەردەوام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی بڵاوکردوەتەوە تا ئەو کاتەی لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە شاری كەركوك لە لایەن چەند چەکدارێکەوە تیرۆركرا تا ئێستاش بكوژانی هاوشێوەی بكوژانی تری شەهیدانی قەڵەم بە نادیاری ماوەتەوە.
تارا حسێن دەڵێت: ”سۆران ئەو گەنجەی بێ ئەوەی ڕوبەڕوو بینیبێتمان، بوو بە ھاوڕێمان، پێش شەھید بوونی ھەر نەمانناسیوە کەچی ئێستا ھەڤاڵێکی ئازیزمانە، بێ ئەوەی ڕۆژێک چاوەکانیمان بینیبێ، ھەر کە سەیری چاوەڕەشەکانی و برۆ تێکڕژاوەکانی دەکەین لە وێنەدا، موچوڕکەیەک لە کەمتەرخەمی و قەرزداری و خاوەنداری داماندەگرێت، ئاخر ئەو بووە بە بەشێک لە ڕۆح و ھەستمان، چونکە لەو پێناوەدا خۆی بەخشی کە ئێمەش بۆی تێدەکۆشین و ھەمان ئامانجمان ھەیە، بە داخەوە گەلەکەمان وەکو پێویست خاوەن لە پێشەنگ و فیداکارەکانی خۆی دەرناکەوێ،
ئاماژە بەوەشدەکات: “بۆیەش زۆرجار ھێندەی جەلادەکانی بە ماسکی جیاجیاوە دەیانەوێ خۆیان وەک میراتگری دەرخەن ئازادیخوازان نین، یان کۆمەڵێک ساختەکاری بەناو ئازادیخواز بۆ گەیشتن بە پلە و ناوبانگ و پۆست و پەرلەمان و حکومەت، شیری دایکی حەڵاڵی نەبێ ئەو کەسە و ئەو لایەنە و ئەو گروپەی بیەوێ بە خوێن و ڕەنجی ئێوە خۆی پێبگەیەنێ،
دەشڵێت: “سۆران باوانم بەڵێن بێ وەکو ئێوە ، وەکو تۆ و ڕێھەڤاڵەکانت سەردەشت و کاوە و وەدات و دکتۆر سیروان و ھەڵمەتەکان ، ئێمەش بۆ فرۆشتن نەبین، تا گەیشتن بە دیدارتان ڕێھەڤاڵ و شوێنکەوتەی ئێوەبین و ئێوە مامۆستا و ڕێنیشاندەر، ئێمەش خوێندکارێکی گوێڕایەڵی تەنھا ئێوە و پەیامەکانتان و دژ بە عەقڵیەتی بۆگەنی دەسەڵاتداری و عەقڵیەتی ژەنگخواردووی گەیشتن بە دەسەڵات بین.