کەسێک لە شاندی دانوستانکاری عێراقی ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا لەگەڵ ئەمریکا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق
وتیشی”ئێمە داوامان کردووە راهێنەر و راوێژکاری سەربازی بمێننەوە و ئەمریکاش دەیەوێت هێز بهێڵێتەوە.”
ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری یەکێک لە شاندی دانوستانکاری عێراقەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی تەواوی هێزەکانیان بەردەوامە چونکە عێراق خوازیارە راوێژکاری سەربازی و راهێنەران بمێننەوە، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت هێز لە عێراقدا بهێڵێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا بەشێوەیەکی سەرەتایی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
ئەمەش لەکاتێکدایە، نوسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، “لایەنی ئەمریکی پێیان راگەیاندین و جەختیان کردەوە کە چیتر عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی نەماوە لەسەر خاکەکەی بمێنێتەوە.”