پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکردوە” لێپرسینەوە لە هەر دوکان و مارکێتێک دەکرێت کە یاری ئاگرین بفرۆشن.
لە راگەیاندراوێکدا پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاندووە، “لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان تەرەقە و یاری ئاگرین سەری هەڵداوەتەوە و رۆژانە هاوڵاتیان سکاڵا دێننە لای پۆلیس کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەکارهێنانی یاری ئاگرینەوە لەکۆڵان و گەڕەکەکان مەترسی لەسەر ئۆتۆمبێل و گیانی منداڵانیان دروستبووە.”
ئاماژەبەوەشکراوە، دوێنێ مەفرەزەکانی ١٠٤ی کەلار لە هەڵمەتێکدا دەستیان بەسەر کۆمەڵێک تەرەقە و یاری ئاگریندا گرتووە.
پۆلیسی گەرمیانیش داوایەک ئاڕاستەی دوکاندار و خاوەن مارکێتەکان دەکات، خۆیان بەدووربگرن لە فرۆشتنی ئەو یاریانەی کە زیانی گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.”
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی بۆنە و جەژنەکاندا، بەشێکی زۆری دوکان و مارکێتەکان یاری ئاگرین دەفرۆشن و بەشێکی هاوڵاتیانیش بێزاری دەردەبڕن لە بوونی ئەو جۆرە یاریانە، بەهۆی دەنگە بەرزەکەی و زۆر جار مەترسی سوتان و زیانی ماددی لێدەکەوێتەوە.