هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت، پەرلەمان چی بۆ هەرێمی کوردستان کردوە؟ دەسەڵاتێک زاڵە بەرسەر پەرلەماندا پێچەوانەی دیموکراسییە و جەختی کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ترسی لە دەستکەوتەکانی هەیە بۆیە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەکات.
چرۆ شوانیی – هاوسەرکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەیەوە بە ماڵپەڕی تەڤگەری ئازادیی راگەیاند: هەڵبژاردن پرۆسەیەکی سیاسیی دیموکراسییە و ماف بە کۆمەڵگە دەدات کە نوێنەرایەتیی خۆی لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی داکۆکیی لە مافەکانی بکات؛ بێگومان هەموو چین و توێژەکان ئەبێت بەشداربن لە هەڵبژراندا بە گەنجان و ژنانیشتەوە بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن، پەرلەمان کە شوێنی شەرعیەتدان و یاسانەکە و شوێنی داکۆکیی کردنە لە مافەکان هاووڵاتییان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان چیی کردوە بۆ هەرێمی کوردستان؟ سەتا سەت رەتی ناکەینەوە، بەڵام نوێنەرەکان ئەوانەی هەڵبژێردراون کارێکیا نەکردوە لە ئاستی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەدا بێت، راستە نوێنەری دڵسۆز هەبووە لەپەرلەمان. ئەمەش لەبەرئەوە بووە کە حیزبایەتیی زاڵ بووە بەسەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٣ کۆمەڵێک داخوازیی کەسوکاری شەهید و ئەنفال کراوان هەبوون جێبەچی نەبوون. لە کاتێکدا کە پەرلەمانمان هەیە، چینەکانی کۆمەڵگە بۆ نمونە مامۆستایان کە بۆ داکۆکیی کردن لە مافەکانیان هاتوونەتە سەرشەقام، رووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە! پەرلەمان داخرا و رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان کرا، مافی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارەکان سەندرایەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخرا؛ ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت ئەو دەسەڵاتەی بەسەر پەرلەماندا زاڵە پێچەوانەی پرسە دیموکراتییەکانە.
شوانیی، راشیگەیاند، ئێمە ئەزانیین لە رووی سیاسیی و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیی و هەرێمییەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. لەم هەلومەرجە سیاسییە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ناتوانین بڵێین هەڵبژاردن گۆڕانکارییەکی سەتا سەت دەکات، بەڵام ئەتوانین بڵێین هەنگاوێکە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت پەرلەمانێکی سەرکەوتومان هەبێت و داکۆکیی لەمافی هەووڵاتییان بکات و مافەکانی بەدەست بهێنێت، هەموو چیین و توێژەکان لە ناوپەرلەماندا بەشدارییان هەبێت، ئەوا ئەبێت سەرەتا لە کۆمەڵگەوە دەستپێبکەین و کۆمەڵگە خۆی رێکبخات و گۆڕانکارییەک بەرەو سیستمێکی نوێ دەستپێبکات و جیاوازبێت لەم سیستمە دەسەڵاتدارییە کە باڵی کێشاوە بەسەر هەرێمی کوردستان دا. ئەگەر باس لەبەوە بکەین، هەڵبژاردن قەیرانەکان چارەسەر دەکات، ئەوا قەیرانەکان چارەسەر ناکات. هەر هەلومەرجێکی سیاسییش کە دێتە ئاراوە، دەبێت هاووڵاتییان و ئەوانەش کە خۆیان بە نوێنەرانی راستەقیەنەی هاووڵاتییان دادەنێن بتوانن لەو هەلومەرجە سیاسییەی کە هەیە سود وەربگرن و هەروەها بتوانن لە ئاستی داخوازیی گەلەکەیاندا بن.
هاوسەرکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی ئەوەشی بە ماڵپەڕی تەڤگەر راگەیاند، لە راستییدا ئەو گۆڕانکارییەی لە بارودۆخەکەدا هەیە، ئەو حیزبە دەسەڵتدارەی کە هەمیشە خۆی بەبراوەی یەکەمی پەرلەماندا دادەنا و بە تەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر پەرلەماندا سەپاندبوو، دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی کە کورسی پێکهاتەکان نەما کە لە راسییدا پێچەوانەی دیموکراتییە، بەڵام لە واقیعی حاڵدا بەکارهێنانی ئەو کورسیانە بۆ لایەنێکی دیاریکراو بەتایبەتی پارتی دیموکراتیی کوردستان کە هەمیشە ئەو کورسیانەی بۆ مەبەست و ئامانجەکانی خۆی بەکار دەهێنا، ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ترسی ئەوەی هەیە هەمان ئەو دەستکەوتەی دەست نەکەوێتەوە کە لە پێشودا هەی بووە و بەکاری دەهێنا و دەبووە براوەی یەکەم. هەربۆیە ئێستا کێشە دروست دەکات بۆ هەڵبژاردن و هەرجارەی بەبیانوویک هەڵبژاردن دوادەخات، لەبەر ئەوەی ئەو تەنها دەسەڵات و مانەوەی خۆی بەلاوە گرنگە، گەلی باشور ئەوە ئەزانن، هەربۆیە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە هەڵبژرادنی پەرلەمان دوابخرێت، پارتی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارەیە کە هیچ کاتێک لە خزمەت و بەرژەوەندیی گەلەکەیدا نەبووە و قەیران لەدوای قەیرانی دروست کردوە.