جوان جەلالەدین: لە هەرێمی کوردستان لێپرسینەوەی گشتی نییە و هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت 

جوان جەلالەدین – مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، لە بارەی کاری مێدیایی و کێشەکانی لە هەرێمی کوردستان قسەی بۆ ئاژانسی “ژنها” کرد و رایگەیاند، میدیا کاری زەقکردنەوەی چینایەتی نییە، بەڵکو بەرپرسیارە لەوەی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە وەک یەک لێبکات، ئەگەر چینایەتیەکیش بوونی هەبێت، دەبێت میدیا کارەکانی بە شێوەیەک بێت کەسەکان لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە وەک یەک لێبکات و بنبڕی بکات، هۆشیاریی بڵاوبکاتەوە تا چینایەتیی نەمێنێت ئیتر هەر چینێک بێت دەوڵەمەند، هەژار، نەخۆش و خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت.

ئەو مامۆستایە ئەوەی روونیکردەوە گرنگیدان بە چینێک و یادکردنەوەیان، یاخود باسکردنی ڕۆژە تایبەتەکانیان جیاوازە لە دروستکردنی چینایەتی، چینی خاوەن پێداویستی بە نمونە هێنایەوە و وتی: ڕاستە ڕۆژی تایبەت بە خۆیان هەیە و میدیاکان ڕاپۆرت و هەواڵیان لەسەر ئامادە دەکەن، بەڵام پێویستە بە شێوەیەک بێت تواناکانیان دەربخات، نەک بە شێوازێکی بەزەییانە بێت، دەبێت یەکسانیی لە کارەکەدا بەدی بکرێت و بینەر هەست بە جیاوازییان نەکات لەگەڵ مرۆڤێکی ئاسایی.

مامۆستا جوان ئەوەشی ختسەڕوو، کارکردنی میدیاکان لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و دەرخستنی وەک منداڵێکی جیاواز لە منداڵێکی ئاسایی ئەمە دروستکردنی چینایەتییە، چونکە هەندێک کات میدیاکان بێ توانایی ئەو تاکە نیشان دەدەن، باس لەو توانایانە ناکەن کە ئەو منداڵە هەیەتی، یاخود نیشاندانی چینی هەژار و دەرخستنیان بە شێوەیەکی بەزەییانە، چونکە ئەو مامەڵەیە ئەوپەڕی شکاندنەوەی تاکە، بە پێچەوانەوە دەتوانرێت بە شێوەیەک کار بکرێت، ئیرادە و شکۆمەندی هەژارەکە نیشان بدرێت، چونکە ئەوان توانای بەرگەگرتنیان هەیە، ئەو مامەڵەیە هەندێک کات منداڵانی هەژار کە دەیانخەنە سەر شاشەکان لە کۆمەڵگە دادەبڕێن.

باسی لەوەشکرد، سیاسەت و ئامانجی کەناڵەکان ڕۆڵی هەیە لە نیشاندانی تاکەکان بەو شێوەیە، وتی: لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە ئامانجیەتی خراپی دۆخی خەڵکی نیشان بدات کە هاوویڵاتیان زۆر هەژارن، بە گریانیان دەهێنن و لاوازییەکەیان نیشیان دەدەن لە کاتێکدا ئەم مامەڵەیە هیچ ڕێگەپێدراو نییە، دەبێت کێشەکانیان بخرێتە ڕوو بەڵام فرمێسک لە چاویان نەڕێژرێت.

مامۆستا جوان باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لێپرسینەوەی گشتی نییە و چاودێری نییە بەسەر کەناڵەکانەوە و هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت، چۆن و چ مەبەستێکی هەبێت بەو شێوەیە کار بکات، ئەمانە وایکردووە بیر لە بنەما سەرەکییەکانی لێپرسراوێتی کاری ڕاگەیاندن نەکەنەوە، “ڕاگەیاندنی کوردیی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات و تەنها ئامانجی لایک کۆکردنەوەی بینەرە بۆ ئەم مەبەستەش هەست و سۆز دەجوڵێنێت”.

لەبارەی جیاکردنەوەی توانای کەسی بەرامبەر و بێ دەسەڵاتی هەمان کەس، مامۆستا جوان ڕوونیکردەوە، کێشەکانی دەربخە، بەڵام ڕێگەچارەشی بۆ دەسەڵاتداران نیشان بدە کە ئەمانیش دەتوانن بەو ئامانجە بگەنە کە خۆیان دەیانەوێت، تەنها پێویستیان بە هەندێک پاڵپشتی هەیە، دەڵێت: هەندێک لە میدیاکان پێیان وایە بە دەرخستنی دۆخی خراپی خەڵکی و چینێکی دیاریکراو لە دەسەڵات دەدەن، بەڵام نازانن شکۆی تاک دەشکێت، نابێت هەمیشە ئامانجیان لێدان بێت لە دەسەڵات، بەڵکو دەبێت بیر لە بارودۆخی کەسەکە بکەنەوە.

دەربارەی ڕۆڵی کامێرا لەو بابەتەدا مامۆستا جوان ئاماژەی بەوەکرد، کامێرا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە هەموو چالاکی و ڕاپۆرت و هەواڵێکدا، چونکە کامێرایە دەرخەری پەیامەکەیە، کامێراوان دەتوانێت بە پێی دیمەنەکان پەیامەکە بگەیەنێت، کاتێک کەسێکی ئاسایی یاخود خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەچێتە لای بەرپرسێک بە شێوازێک دەردەخرێت کە ئەو کەسە لاوازە، هەمیشە دیمەنی بەرپرسان بە شێوازێکی بەهێز نیشان دەدرێت، بەڵام دیمەنەکان بۆ کەسانی دیکە بەو شێوەیە نییە.

لە کۆتایدا بە ئەرکی میدیا دەزانێت لێپرسراوانە کار بکات، بابەتی سیاسی و ئامانجی سیاسی جیابکاتەوە لە کاری خۆی، بنچینەی کاری خۆی چاودێریکردنە و گرنگیدانە بە بینەر، خستنەڕووی کێشەکانە بە شێوازێک بچوککردنەوەی تیادا نەبێت، بەڵکو ڕێگەچارەسەری تیادا بێت، هەوڵی لە شکۆدانی تاک نەدەن، بەڵکو ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن کە گەیاندنی زانیارییە.

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …