هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، تورکیا بەرپرسیارە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافەکانی خاوەندارێتیی زەوی، لە ناوچەکانی کوردستانی سوریا.
رێکخراوی هیومان رایست وۆچ (HRW) راپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە تیادا هاتووە، “تورکیا بەرپرسیارێتیی ئەو پێشێلکارییە قورس و تاوانە جەنگییانە لە ئەستۆ دەگرێت کە لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی خۆی و ئەو گرووپە چەکدارە ناوخۆییانەی کە پشتگیریان دەکەن” لە باکووری سوریا ئەنجامدەدرێن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەرپرسانی تورکیا لە باکوری سوریا “راستەوخۆ تێوەگلاون لە تاوانە جەنگییەکان”، هێزەکانی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانیشی بەشدارن “لە ئەنجامدان و سەرپەرشتییکردنی پێشێلکارییەکان”.
رێکخراوەکە دەڵێت، پێشێلکارییەکان “زۆربەیجار ئاڕاستەی هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد و هەر کەسێکی دیکە دەکرێت کە وا هەست بکرێت پەیوەندی بە هێزەکانی کوردەوە هەبێت”.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ژنانی دەستبەسەرکراوی کورد توندوتیژیی سێکسییان بەرامبەر دەکرێت، هاوکات منداڵانی تەمەن شەش مانگ لەگەڵ دایکیان دەستبەسەر کراون.
HRW هێما بۆ ئەوەشکراوە، پۆلیسی سەربازیی و کوتلە بێشومارە یاخیبووەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا کە هەردووکیان لەلایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتیی دەکرێن، “بە ئارەزووی خۆیان هاووڵاتییانیان دەستگیر و دەستبەسەر کردووە، بە زۆر بێسەروشوێن کراون، ئەشکەنجەیان داوە و بە شێوەیەکی تر مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، دادگایی سەربازیی نادادپەروەرانەیان بەسەر دەیان کەسدا سەپاندووە.
هاووڵاتییەک سورییەک کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دا ژیاوە بە HRWی وتووە: “هەموو شتێک بە هێزی ئەو چەکەوەیە.”
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە مانگی تەمموزی ساڵی 2023، ئەنقەرە زیاتر لە 1700 هاووڵاتیی سووری بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا ڕەوانەی ناوچەی سنووری گرێ سپیی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەدان هەزار دانیشتووی کەرتی سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەستی تورکیادایە، لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، لەلایەن هێزەکانی سەر بەدەوڵەتی تورکیا و ماڵەکانیان تاڵان کراوە و دەست بەسەر موڵک و زەویییەکانیدا گیراوە.
پیاوێکی ئاوارەی ئێزیدی خەڵکی سەرێکانی بە HRW ی وت: قورسترین شت بۆ من ئەوە بوو، لە بەردەم ماڵەکەمدا وەستام و نەمتوانی بچمە ناویەوە”.