فلیز بوداک: ئەو کەسەی لە قەرەچوخ کوژرا ئەندامی میت بووە

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلی مەخمور رایگەیاند، کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەیەوێت لە ژێر ناوی خۆیدا دەوڵەتی تورک لە دەوروبەری مەخمور جێگیر بکات و رایگەیاند، “ئەو کەسەی لە شەڕەکەی قەرەچوخدا کوژرا، ئەندامی میت بوو”.

فیلیز بوداک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلی مەخمور لە بارەی دوا پەرەسەندنەکانەوە قسەی بە ئاژانسی هەواڵی فورات کرد وباسی لەوەشکرد هەر ئەو هێزانەی سوپاسی  گەریلایان کرد، دواتر بە هۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیانەوە لە گەڵ دەوڵەتی تورک بەردەوام هەبوونی هێزەکانی گەریلایان وەک هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نیشانداوە. بەتایبەتیی لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بۆ بوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە مەخمور دەگەڕاندەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان تائاستێک لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور کشایەوە و حکومەتی عێراقیش ئەرکەکانی بە جێنەگەیاند و ماڵی بارزانییش هەبوونی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار یاخود هەبوونی کوردیان وەک هۆکاری هێرشەکانی سەر کوردستان نیشان دەدا.

هەبوونی هەپەگە و یەژاستار لە مەخمور گەرەنتی ئاسایش بوو

فیلیز بوداک ئەوەشی خستەڕوو، گەریلاکانی کوردستان ئەرکی پاراستنیان رادەستی ژنان و گەنجانی کەمپەکە کردووە و باسی لەوەشکرد، ئەگەرچی هەبوونی هەپەگە و یەژاستار گەرنتی ئاسایش و ئۆقرەییبوو، بەڵام کشانەوەیان بە تەواوەتی لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کەمپەکە ئەنجامدراوە. کۆمەڵگا تائێستاش رازی نییە بەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا دەزانن کە چ کاتێک پێویست بکات هەمان ئەو هێزانە خۆیان دەگەیەننە لای ئەوان و ئامادە دەبن.

حکومەتی عێراق رێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەکرد

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلی مەخمور لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کەمپەکەیان زیادی کردبوو، نە حکومەتی عێراق و نە هاوپەیمانی نێونەتەوەیی هیچ هەڵوێستێکیان بۆ رێگریی لەو هێرشانە نەبووە و لە ئێستاشدا ناتوانین بڵێن بە کشانەوەی هێزەکانی گەریلا لەسەدا سەد حکومەتی عێراق پاراستنی کەمپەکە دەگرێتە ئەستۆ، چونکە پێشتریش هەپەگە لەناو کەمپەکەدا نەبوو و لە چیای قەرەچوخ بوون، بەڵام دەوڵەتی تورک ناو کەمپەکە و ماڵ و مزگەوتی بۆردومان دەکرد.

‘پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەیەوێت دەوڵەتی تورک لە چیای قەرەچوخ جێگیر بکات’

فلیز بوداک سەبارەت بە شەڕی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی کرد وتی، “ئەوەی هێرشی کرد پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو. بەردەوام ئەوەمان خستووەتەڕوو جێگیربوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە دەوروبەری مەخمور چ مەترسییەکی لێدەکەووێتەوە؟ رەنگە هەندێک بڵێن کورد بۆچی نایەوێت کورد لە دەوروبەری ئەوان بن، بەڵام ئەو کوردە جلوبەرگی خۆی دەکاتەبەری ئەندامێکی میت و دەیهێنێتە قەرەچوخ و جێگیری دەکات. لە هێرشەکەی ٢٢ی تشرینی یەکەمدا لە شەڕی نێوان سوپای عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا کەسێک کوژرا کە ئەندامی میت بوو و جلی پێشمەرگەی لەبەردابوو. بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەیەوێت لە چیای قەرەچوخ جێگیر ببێت؟ لەبەر ئەوەی دەیەوێت لە ژێر ناوی خۆیدا دەوڵەتی تورک لەوێ جێگیر بکات. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ بەدواوە گەمارۆی خستووەتەسەر مەخمور. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق رێگری بەوە نادات منداڵانمان لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ رووبکەنە هەولێر، لە بازگەکانی رێگە نادات نەخۆشەکان بگەیەنرێنە هەولێر و چەند منداڵ لەناو باوەشی دایکەکانیان لە بازگەکان گیانیان لەدەستداوە. بابەتی سەرنج راکێشیش ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە سەر خاکی کوردستان ٧ کەمپی بە ئێمە گۆڕی. بە بیرکردنەوەی ئەوەی کەدەچینە باشووری کوردستان، ئێمە پەنابەر بووین، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە زۆرەملێ ئێمەی لە ٧ شوێن هەڵتەکاند، خێمەکانی ئێمەیان سوتاند، مەڕوماڵاتمان تاڵان کرا، بە چەک هێرشیان کردە سەرمان و خەڵکی ئێمەیان کوشت. تەنانەت سەروی دوو کەسی تەمەن ٦٠ ساڵیان بڕی و بە دەوڵەتی تورکیان فڕۆشت. هەربۆیە نامانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە چیای قەرەچوخ جێگیر بکرێت. هەموو ئەوانەی ریزمان کرد، لەسەر دەستی ماڵی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە سەرماندا هاتووە. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە قەرەچوخ جێگیر ببێت ئەوە بە مانای جێگیربوونی میت و دەوڵەتی تورکە لە قەرەچوخ، بەوەش مەخمور رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا چی رووبدات تائێستا دیار نییە”.

‘هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە قەرەچوخ مەترسیە بۆ سەر ئێمە’

بوداک باسی لەوەشکرد، ئەم شوێنە بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستور ناوچەی جێناکۆکە، لە رۆژانی داهاتووشدا دیار نییە کێ لەوێ جێگیر دەبێت، بەڵام هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە قەرەچوخ بۆ سەر ئێمە مەترسیە، ئەوەشی کە بوترێت حکومەتی عێراق بە شێوەی تەواوەتی پارێزگاریمان لێدەکات، ئەوەش زۆر راست نابێت، بەڵام دواجار ئێرە خاکی عێراقە و ئەوەی رێگەی بە مانەوەمان داوە حکومەتی عێراقە و هیچ پەیوەندییەکی بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقوە نییە. ئەوەی رێگە نادات بچینە هەرێمی کوردستان پارتییە. پێداگری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر جێگیربوونی لە قەرەچوخ ئەو پرسیارە دەوروژێنێت کە ئاخۆ دەوڵەتی تورک لە رێگەی پارتییەوە دەیەوێت لە دەوروبەری مەخمور چی بکات؟ تائێستا هیچ رێککەوتنێک نەهاتووەتە ئاراوە و دۆخەکە بەناکۆکی ماوەتەوە”.

‘دەبێت پاراستنی جەوهەری خۆمان بەهێز بکەین’

بوداک لەکۆتاییدا وتی، کە دەبێت وەک کۆمەڵگا پاراستنی جەوهەری خۆیان بەهێز بکەن و قسەکانی بەم جۆرە کۆتایی پێهێنا: “چی دەبێت با ببێت، دەبێت ئێمە وەک کۆمەڵگە پاراستنی جەوهەری خۆمان بەهێز بکەین. ئێمە لە قۆناغی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا دەژین. بۆ ئەوەی هێزێک کە مەترسی نەبێت بۆ سەرمان لێرە جێگیر بێت، ئێمە هەموو لایەنە دیپلۆماتیکەکان بەکار دەهێنین. بەتایبەتی گەل لەوبارەوە گفتوگۆ دەکەن. دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بکات. تائێستا دەیانوت ئەو شوێنە ناوچەیەکی چەکدارییە، ئێمە ناتوانین بێین’، بەڵام ئەو پاساو و بیانووەشیان نەما. ئەگەر حکومەتی عێراق هەنگاوی بەرچاو بنێت، واتە کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەر بکات، ئەو کاتە دەتوانرێت لە نێوان حکومەتی عێراق و مەخموردا پەیوەندی باش سازبکرێن. لەو رووەوە گەل ئەم داواکارییانەی هەیە؛ دەرهێنان و دروستکردنی ناسنامە، دابینکردنی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئەمنیەت”.

 

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …