ئەندامێکی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی رایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا جینۆساید کردنی گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەر ئەم هێرشە ناڕەوا و دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکیا دا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەکات.
ئەبوبەکر مەجید – ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان باس لە هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هاوکاریی و بەشداریی چەکدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەڕی دژی گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل دەکات و بە ماڵپەڕی تەڤگەری راگەیاند: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان، لە رووی یاسای نێودەوڵەتیی و مرۆڤایەتییەوە ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی و خاک و وڵات و گەل و نیشتمانە. جگە لەوەش ئامانجی دەوڵەتی تورکیا هەڵمەتێکی دڕندانە و فاشیستانەیە بۆ جینۆساید کردنی گەلی کورد و داگیرکردنی کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەر ئەم هێرشە ناڕەوا و دڕندانە و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا دا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەکات.
وتیشی: تەنانەت کار گەیشتوەتە ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای تورکیادا، هێرش بکەنە سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەو گەریلایانە بەدڵ و بەگیان، پارێزگاریی لە سەروەریی و ژیان و بەها و نرخەکانی گەلەکەمان دەکەن، دەبوایە هیچمان پێنەکرێت ئێمە نەبینە هاوکاری دوژمن و داگیرکەرێکی وەک دەوڵەتی تورکیا، کە دەوڵەتێکی فاشیست و نکۆڵیکارە. بەداخەوە! ئەم هاوکاریییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سوپای تورکیا، کاردانەوەی خراپ و کارەساتی گەورەشی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەبێت فشارێکی جەماوەریی و سیاسیی لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دروست بکرێت. داوای ئەوە لە پارتی ناکەین سەنگەر لە دەوڵەتی تورکیا بگرێت، بەڵام دەتوانێت هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا نەکات؛ هەر بۆیە ئەمە ئەرکی سەرشانی هەموو تاک و رێکخرا و لایەنێکی سیاسیی عێراق و باشوری کوردستان و هەموو کوردستانیشە کە فشارێکی گەورە بخەنە سەر پارتی، هەتا بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا نەکات.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی جەختیشکردەوە: دەوڵەتی تورکیا ئامانجی تەنها لێدانی پارتێک یان لایەنێکی سیاسیی نییە، ئامانجی تورکیا قڕکردنی گەلی کوردە! داگیرکردنی کوردستان و وێرانکردنیەتی! ئەوەتە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە لە رۆژئاوای کوردستان بە چەکی قەدەغەکراو! هێرش دەکاتە سەر سەرچاوەکانی ژیان، سەرچاوە ئابوورییەکان، خزمەتگوزارییەکان و خەڵکی مەدەنیی ژن و منداڵ دەکوژن! ئایا ئەمە بەچی پێوەرێک رەوایە؟ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق چۆن دەچێتە ژێر ئەو بارەوە؟