ساڵی نوێی زایینی پیرۆز بێت

‎سەری ساڵی زایینی لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان – لە زیندانیانی دۆزی گەلی کورد و لە ڕێبەری گەلان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانەوە وانەی تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد مانیفێست دەکات پیرۆز دەکەین، هاوکاتی پێداگیری لەسەر ڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ بەڵێنی تێکۆشان دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتییە سەپێنراوەکانی سەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی، بەو ڕۆحییەتەوە ساڵی نوێتان لێ پیرۆز دەکەین. لە کاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٤ جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی بە دۆخێکی پڕ قەیران و شەڕ و ناکۆکیدا تێ دەپەڕێت، ڕۆژ بە ڕۆژ هێرش و پەلاماری هێزە بەرژەوەندیخواز و هەژموونگەراکان بۆسەر ماف و ژیانی گەلان زیاتر دەبن، دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان بەسوود وەرگرتن لە لە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بە سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردن بە کۆمەڵکوژی سەر کوردان درێژە بە تەمەنی ستەمکاری خۆیان دەدەن، فاشیزمی دەوڵەتی تورک بەهەرچوارلادا هێرشی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکات، بێ پێوان و بێ ئەخلاق و بێ یاسا کەوتووەتە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵگەکەمان، گەلی کورد لە باشووری کوردستان دوای ئەو هەموو قوربانیدان و نەهامەتییانە، بەهۆی سیاسەتی خۆ خۆری و وابەستەیی و خێڵەکییانە، ساڵ لەدوای ساڵ پێگە و ستاتۆکەی لاوازتر دەبێت، ژیان و گوزەران سەختتر و پێشێل کاریەکان زیاتر دەبن بۆسەر

‎ماف و ئازادییەکان، بەهۆی سیاسەتی قۆرخکاری و ناکۆکی دامەزراوە شەرعییەکانیان خستە بەردەم هەڵوەشاندنەوە، سەروەری خاک و هاووڵاتییانیان بێ پاراستن بۆ دوژمنان جێ هێشت، گەلی باشوور ساڵانێکی پڕ لە نائومێدی و سەختی بەڕێ کردووە، کاتی ئەوەیە و دەبێت حیساب پرسینێک بکات، لێگەرینێک بکات بۆ دەرباز بوون و ڕزگار بوون لەو سیستم و دەسەڵاتە خێڵەکی و وابەستەیە بە داگیرکەران، باشووری کوردستان و خەڵکە قوربانی دەرەکەی هەرگیز شایەنی ژیانێکی بەم شێوەیە نییە، ئێمە کە دەچینە ساڵی نوێوە چەندین ڕۆژنامەوانی ئازاد لە زیندانەکان سزا دراون، هەموو ڕۆژێک تیرۆری ئازادیخوازان و بێباکی دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکانی دەبینین، مامۆستایان و مووچەخۆران مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێت و شایستە داراییەکانیان نادرێت، بە مەبەست کار بۆ خراپتر بوونی گوزەرانی چین و توێژەکان دەکرێت، خانەنشینان لە بری ڕێزلێنان لە نۆرەی مووچەدا گیان دەسپێرن، بێکاری و نەبوونی هەلی کار بە ئامانج دەکرێت لە پێناو بە لاڕێدا بردنی کۆمەڵگە، لەو ڕێگەیەوە پێشخستنی کۆچبەری یان بە سیخوڕ کردن و ئالوودە بوون بە مادە هۆشبەرەکان پێش دەخرێت، دۆخی ژنان لە هەموو ئاستەکاندا لەبەر چاوە و کۆمەڵکوژی لەسەریان بەڕێوە دەچێت، کەرتەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاری و ژینگە هەر ڕۆژێک بەرەو وێرانە تربوون دەچێت و لە پێناو بەرژەوەندی ئابووری دەسەڵات و کۆمپانیاکانیدا دەدرێنە کەرتی تایبەت، هەردێت گەل برسیتر و دەسەڵات زەنگین تر دەبێت، هەردێت نادادی پێش دەکەوێت و تووڕەیی کۆمەڵگە زیاتر دەبێت، لە ڕاستیدا کۆمەڵگە تینووی سیستەمێکی دیموکراتی و دادپەروەرییە، تینووی ئازادی و ژیاندۆستی و یەکیەتی نەتەوەییە، با پێکەوە ساڵی نوێ بکەینە ساڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاری گەورە، ساڵی نوێ ببێتە بەدیهێنانی خەون و ئامانجی شەهیدان گەلەکەمان چیتر لە چاوەڕوانیدا نامێنێتەوە، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە کاتێکدا پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە تەواوی کۆمەڵگە دەکات هیواخوازە بێ ڕەچاوکردنی جیاوازییە فیکریی و سیاسی و حیزبییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە سەخت و ناهەموارە، هەمووان پێکەوە دەست لە ناو دەست ساڵێکی پڕ لە تێکۆشانی دیموکراتی بۆ ژیانێکی شایستە و ئارام دوور لە توندوتیژی بەڕێکەین و بگەین بە ئامانجەکانمان، بێگومان بە کەرەستە و مێکانیزمای خودی هێزە دەسەڵاتخواز و هەژمونگەرا و داگیرکارییەکان ناتوانین ڕووبەڕوو ببینەوە، بەڵکوو تێکۆشان بە مۆدێلێکی نوێی یەکتر قبووڵ کردن بۆ ئاوا کردنی سیستەمێکی دیموکراتی و پێکەوەژیان پێویستییەکی هەنووکەییە، هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر بە مێژوو، بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتە کە چیتر مافی دووبەرەکیمان نییە کات کاتی ئازادییە و کاتی خەباتێکی بێ وچانە بۆ گەیشتن بە مافە ئاسایی و سروشتییەکانمان

‎تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

٣١/١٢/٢٠٢٣

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …