کێشەی کەرکوک و چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک

 سەلاحەدین ئەردەم

تاکە مۆدێلی چارەسەری بۆ عێراق و کەرکوک، مۆدێلی نەتەوە و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکە. چونکە نەتەوەی دیموکراتیک نەتەوەی زمان، ئایین، خاک و ئابووری نییە. نەتەوەی دیموکراتیک نەتەوەی یەکێتی و یەکڕیزی ھۆشمەندی و کولتوورە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، لە چارەکی یەکەمی سەدەی ١٦دا، میرەکانی کورد لە پێناو دامەزراندنی “ئیدارەی کوردستان”، نەیانتوانی ڕێکبکەون و یەکێتی و یەکڕیزیی پێکبھێنن. دەسەڵاتی عوسمانی ویستی ئیدارەی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی دەرەبەگایەتی ئامەد و موسڵەوە یەکلایی بکاتەوە. لە ئەنجامی دابەشکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، بەشێک لە خاکی کوردستان خرایە سەر حەلەب. ئەو پرۆسەیە لەگەڵ پەیماننامەی قەسری شیرین لە ساڵی ١٦٣٩ کۆتایی هات، خۆی لەخۆیدا لە ئەنجامی ئەو پەیمانە، کوردستان بە فەرمی لە نێوان عوسمانییەکان و ئیمپراتۆریەتی ئێراندا دابەش بوو.

وەک دەزانرێت جەنگی جیهانی یەکەم، شەڕی نێوان بەریتانیا و ئەڵمانیا بوو، کە دەیانویست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کوردستان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بەریتانیا و فەڕەنسا، کە لە شەڕەکەدا سەرکەوتن، لە کۆتایی شەڕەکەدا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد. لە ڕێگەی پەیمانی سیڤەرەوە نەخشەی ئەم دابەشبوونە کێشرا، بەڵام بزوتنەوەی کەمالیستی کە خۆی لە ئەنقەرە ڕێکخستبوو، ئەو نەخشەیەیی لە کردەوەدا لەباربرد، ئەمجارە لە ڕێگەی پەیماننامەی لۆزان نەخشەیەکی نوێ کێشرا. ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان لە نێوان سێ زلهێزەکەدا واژۆ کرا.

دیسان بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، یەکێک لە گرنگترین ئەجێنداکانی گفتوگۆکانی لۆزان، ‘کێشەی موسڵ’ بوو. لەو کاتەدا کەرکوک لەڕووی ئیداریەوە سەر بە موسڵ بوو و دانیشتوانی کورد لە ویلایەتی موسڵ (شار) زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی بوو. واتە شاری موسڵ شارێکی کوردی بوو. ھەر بۆیە ئەو پرسەی وەک ‘کێشەی موسڵ’ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، لە ڕاستیدا گفتوگۆ لەسەر ‘کێشەی کورد’ بوو. واتا ئەو گفتوگۆیە دەکرا، کە لە بونیادنانەوەی نوێدا، دۆخی کورد بە چ شێوەیەک دەبێت.

لە ئەنجامدا خاکی دەرەبەگانی ئامەد درا بە بزوتنەوەی کەمالیست. زەوی و زارەکانی کورد لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی حەلەب درا بە فەڕەنسا و پاشان بۆ ئەو دەوڵەتە بەجێهێڵدرا، کە دواتر دامەزرا و پێی دەوترا ‘سوریا’. شەڕە گەورەکە لەسەر ئەوە بوو، کە ‘موسڵ’ بۆ کێ بێت. بە مەبەستی چارەسەرکردنی، ئەو کێشەیان بردە کۆمەڵەی گەلان، کە ھاوشێوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمڕۆ بوو. کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی گەلان لەسەر بنەمای ‘دەنگدانی خەڵک’ بەڕێوەدەچوو. دەسەڵاتی بەریتانیا دەترسا کە کورد دەنگ بە ئیدارەی ئەنقەرە بدات و هەر بۆیە ڕێگری لە کارەکە کرد. دواتریش سوودی لە بەرخۆدانی باکووری کوردستان وەرگرت و بە چەند مەرجێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆماری تورکیا کە تازە دامەزرابوو ڕێککەوت، کە موسڵ بخرێتەسەر خاکی عێراق و بۆ بەریتانیا جێبهێڵدرێت. لە ڕێگەی پەیمانی ئەنقەرە لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٢٦دا، سنوورەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیا دیاری کرا. دوای یەکەم دابەشبوون لە ساڵی ١٦٣٩دا، لە ساڵی ١٩٢٦یشدا، “کوردستانی عوسمانییەکان” بە فەرمی لە نێوان سێ نەتەوە دەوڵەتدا دابەشکرا.

کاتێک نەتەوە-دەوڵەتی عێراق دامەزرا، بۆ ئەوەی ئەقڵییەت و سیاسەتی قڕکردنی کورد جێبەجێ بکەن، ئەو دابەشبوونە کۆتاییەی کوردستانیش بەس نەبوو. خۆی لە خۆیدا زیاتر لە نیوەی ویلایەتی موسڵ کورد بوون و ویلایەتێکی کوردان بوو. لەو دۆخەدا دەبوو کورد ئیدارەی موسڵیان پێکبھێنایە. بۆ ئەوەی ڕێگری لەوە بکەن، دابەشکارییەکی دیکەیان خستەبەر باس، خاکی ویلایەتی موسڵیان لێسەندرایەوە و ویلایەتی نوێیان لە عێراق دامەزراند. سەرەتا شاری کەرکوکیان لە موسڵ جیاکردەوە و کرا بە پارێزگایەکی جیا. پاشان دهۆک، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە کران بە پارێزگایەکی جیا. بەم جۆرە ئەو شارانەی کە زۆربەیان کورد بوون لە موسڵ جیاکرانەوە و موسڵیان کرد بە ناوچەیەک کە کوردی تێدا کەم بێت. جاران کاتێک باسی ‘کێشەی موسڵ’ دەکرا، ‘کێشەی کورد’ بەبیر مرۆڤ دەهاتەوە، بەڵام ئێستا پارێزگای موسڵ وەکو پارێزگایەکی عەرەبنشین دەبینرێت و دەناسرێت.

لە پڕۆسەی دامەزراندنی پارێزگا نوێکاندا، سەرنجڕاکێشترین دۆخ لە کەرکوک ھاتەئاراوە. لە پارێزگای کەرکوکی تازە دامەزراودا کورد، عەرەب، تورکمان و کەمە نەتەوەکانی دیکە نیشتەجێ بوون. لە ڕاستیدا ئەم دۆخەی کەرکوک دۆخێکی سەیر نەبوو. نەتەوە-دەوڵەتی عێراقی نوێ کە لەسەر بنەمای پەیماننامەی لۆزان دامەزرا، وەک تابلۆیەکی گەورەی کەرکووک وابوو. لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقدا عەرەب، کورد، تورکمان، پێکهاتەکانی دیکە و کەسانێک لە ئایین و مەزهەبی جیاواز پێکەوە دەژیان. ھەر بۆیە لە ڕوانگەی نەژادپەرەستی نەتەوە-دەوڵەتەوە، ئەوە کێشەیەکی وەھا بوو کە نەدەتوانرا چارەسەر بکرێت. چونکە ئەو نەژادپەرەستییەی ئاماژە پێکرا نەتەوەیەک، ئایینێک یان مەزهەبێک بۆخۆی بەبنەما دەگرێت. ئەوە بنەمای سەرەکی نەژادپەرەستی نەتەوە-دەوڵەت بوو. لەو بارودۆخەدا نەتەوەیەک، ئایینێک و مەزهەبێک باڵادەست دەبوون و ئەوانی دیکەش دەربەدەر یان لەڕووی کولتوورییەوە دەتوێنرانەوە. ئەوەش هۆکاری سەرەکی پێکدادانی بێکۆتایی و ململانێ چارەسەرنەکراوەکان و شەڕە بێکۆتاییەکانی سەدە بوو. لە ڕاستیدا پێکھاتە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییە جیاجیاکان پێکەوە دەژیان و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەک نەبوو. گرووپە نەتەوەییە جیاجیاکان زمانی یەکتریان دەزانی و پێکەوە قسەیان دەکرد. کاراکتەری فاشیست و یەکڕەنگخوازی نەژادپەرەستی نەتەوە-دەوڵەت، شەڕ و ململانێی دەھێنایە ئاراوە.

ئێستا لەم رۆژانەی دواییدا سەرلەنوێ کەرکوک خراوەتە دۆخێکی ئاڵۆز و یەک لە دوای یەک هەڕەشە دەکرێت. هەموان بە شێوەیەکی جدی باس لە ‘پرسی کەرکوک’ دەکەن و دەڵێن ‘کەرکوکی ئێمە’ و نایەوێت ئەوانەی دیکە ببینێت و بیانخوێنێتەوە. سیخوڕەکانی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە کەرکوک رایانگەیاندووە کە ‘کەرکوک شارێکی تورکمانییە’. بە گوێرەی نەژادپەرستی عەرەبەکانیش ‘ بە بێ هیچ مشتومڕێک کەرکوک شارێکی عەرەبییە’. هەرچەندە ژمارەشیان کەم بێت نەژادپەرستە کوردەکانیش دەڵێن ‘کەرکوک شارێکی کوردییە”.

دیارە کە لەماوەکانی رابردوودا ژمارەی دانیشتوانی کورد لە ویلایەتی موسڵ لە نیوە زیاتر بوو و ئەوێ وەک خاکی کوردان دادەنرا، ئێستاش لە کەرکوک ژمارەی دانیشتوانی کورد لە نەتەوەکانی دیکە بە جیا جیا زیاترە، بەڵام بە گشتی لەهەموو نەتەوەکانی دیکە پێکەوە، زیاتر نییە. لەبەر ئەوەش پارێزگاری کەرکوک لە پێکهاتەی کورد و جێگرەکانیشی لە نەتەوەکانی دیکەبوون. دەستوری هەمیشەیی عێراق هەوڵیدا سیستمێکی نوێی بەرێوەبردن بۆ کەرکوک ساز بکات. بەڵام نە لە عێراق و نە لە کەرکوکیش ئەو سیستمە جێبەجێ نەکرا. خۆی لە خۆیدا ئەو سیستمە نە بەتەواوەتی روون و نە وەک پێویست دیموکراتیکیشە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەموولایەکەوە نەژادپەرستی دەوروژێنرێت و رێگەنادرێت سیستمەکە جێبەجێ بکرێت. لەبەر ئەو مامەڵە نەژادپەرستانەیە پرس و کێشەی کەرکوک دێتە ئاراوە.

ئەگەر ئێمە بە ئاشکرا و بەڕوونی بڵێین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت هانی تورکمانەکان بدات، زیاتر رێکیان بخات و ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت داگیری دەکرد. پەدەکە کە جگە لە خۆی هیچ سیاسەتێکی کورد بە فەرمی ناناسێت، لەگەڵ هەندێک هێز کە کورد نین، هاوپەیمانی ساز دەکات و دەیەوێت لە کەرکوک تەنیا خۆی وەک سیاسەتی کورد بمێنێتەوە. لایەنە عەرەبیە نەژادپەرستەکانیش لە هەموو دەرفەتێکدا کار بۆ ئەوە دەکەن کە کەرکوک لە ژێر کاریگەری و لە ژێر دەستی ئەواندا بێت. زۆر روونە کە سیستمی نەتەوە-دەوڵەت ناتوانێت هەموو کێشەکانی کەرکوک و عێراق چارەسەر بکات. بە پێچەوانەوە نەژادپەرستی هەنوکەیی بە ئاڵۆزی و شەڕ لە کەرکوک و عێراق کۆمەڵگاکان بەرەو دۆخی مەترسیدار ئاراستە دەکات.

ئەزمونی سەدەی رابردوو دەریدەخات کە سیستمی نەتەوە-دەوڵەتی ئێستا ناتوانێت نە عێراق و نە کەرکوک بەڕێوەببات و ناتوانێت رێگری لە ناکۆکیەکان بکات و ناتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بەدیبهێنێت. تەنیا هزر و سیاسەتی نەتەوەی دیموکراتیک کە رێبەر ئاپۆ بەرەوپێشی بردووە دەتوانێت ئەوە بەدیبێنێت. سیستمی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک لە سەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، کە بینای سیاسی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە، دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات و ئاشتی و سەقامگیری بێنێتەدی.

تاکە مۆدێلی چارەسەری بۆ عێراق و کەرکوک مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە. لەبەر ئەوەی نەتەوەی دیموکراتیک نەتەوەی زمان، ئایین، خاک و ئابوری نییە. نەتەوەی دیموکراتیک نەتەوەی یەکێتی هۆشمەندی و کولتوریە. لە ژێر ناسنامەی نەتەوەیی باڵای ‘عێراقیزم’دا هەموو ناسنامە نەتەوەییەکان دەتوانن ئازادانە خۆیان رێکبخەن و بەشداری لە یەکێتی دیموکراتیکدا بکەن. بەتایبەتی لە کەرکوک هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان دەتوانن هەبوونی خۆیان بە ئازادی رێکبخەن، وەک بەڕێوەبەری دیموکراتیکی باڵا دەتوانن کۆنفێدراسیۆنی دیموکراتیکی کەرکوک دابمەزرێنن. لەبەر ئەوەی بەساڵانە لە رووی کولتورییەوە لە یەکەوە نزیکن و لە مێژوودا پێکەوە ژیاون، ئەمە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و بێتەدی. با یەکێتی هۆشمەندی و هزریان هەبێت و بڕوایان بە بەڕێوەبەری دیموکراتیک هەبێت.

چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک بۆ عێراق و کەرکوک بژاردەیەک نییە، تاکە چارەسەرییە کە کێشەکان چارەسەر بکات و ئاشتی بێنێتەدی. ئەڵترناتیڤ و جێگرەوەیەک بۆ ئەم چارەسەریە بوونی نییە. بەڕێوەبەرایەتی کۆنفێدڕاڵی دیموکراتیکی باڵا کە لە سەر بنەمای رێکخستنبوونی سیستمە خۆبەڕێوەبەر و دیموکراتیکەکانی پێکهاتە نەتەوەییەکانە، دەتوانێت کێشەکانی عێراق و کەرکوک چارەسەر بکات و ئاشتی بەدی بهێنێت، ئەمە تاکە سیستم و شێوازی ئەو مەبەستەیە. هەر هیچ نەبێت کوردانی ئازادیخواز و ئەو هێزانەی بە راستی بڕوایان بە دیموکراسی هەیە، دەتوانن بە دەوری چارەسەریەکی لەم جۆرە یەکبگرن و بۆ بەکرداری کردنی تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەببەن. ئەگەر لەم بابەتەدا دوابکەون و دەست بە گەڕان و پەیجوری نوێ بکەن، کارەساتی نوێ دێتەئاراوە.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

 

 

هەروەها چێکی بکە

كێ وای كرد ڕۆح لە باشوردا نەمێنێ؟

تارا حسێن شەهید لە دوای شەهید کەسانی سڤیل و بێ چەك، گوندنشین، هەنگەوان، دوكاندار، جوتیار …