کلوت: دەبێت دامەزراوەکانی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لە ئازادی ئۆجالان بکەن

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا یورگن کلوت رایگەیاند، ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری پرسی کورد و داوای کرد پەرلەمان و ئەنجومەنی ئەوروپا و هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لە داواکاری ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەرببڕن.

٣٣ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی زیندانی کراوە. مافی دیداری ئەو لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی زەوت کراوە. بۆ شکاندنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ١٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر هەڵمەتی “ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” دەستیپێکرا. دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەڵمەتەکە بەردەوامە.

‘گۆشەگیری مایەی قەبوڵکردن نییە’

ئەندامی فراکسیۆنی چەپ لە خولی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا یورگن کلوت قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و باسی لەوەکرد کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان مایەی قەبوڵکردن نییە. کلوت ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گۆشەگیرییە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤە و رایگەیاند، “مافێکی زۆر ئاساییە کە عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی دیدار ئەنجام بدات. بە بڕوایە من ئەو هەلومەرجەی ئۆجالانی تێدایە مایەی قەبوڵکردن نییە. زۆر ئاشکاریە کە ئەو دۆخە پێشێلکردنی پێوانە نێونەتەوەییەکانە”.

‘ئۆجالان سەلماندی کە لایەنگری چارەسەری سیاسیە’

سیاسەتمەداری ئەڵمانی یورگن کلوت کە ئەویش پشتیوانی لە هەڵمەتی “ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد” دەکات بەم جۆرە بەردەوامبوو لە قسەکانی، “دەبێت هەلومەرجی ئێستای ئۆجالان بگۆڕدرێت. لە روانگەی منەوە تایبەتمەندییەکی دیکە کە دەبێت مرۆڤ هانی بدات و پشتگیری لێبکات دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتییە کە ئۆجالانیش تیایدا بەشدارە. ئۆجالن ساڵی ٢٠١٣ سیاسەتی بەرخۆدانی چەکداری گواستەوە بۆ چارەسەری سیاسی و بەم جۆرە بە ئێمەی نیشاندا کە بە راستیش لایەنگری ئاشتییە. هەربۆیە لەو بڕوایەدام کە دەبێت پەرلەمانی ئەوروپا، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئەوروپا، سیاسەتمەداران و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان پشتیوانی لە ئۆجالان بکەن. من پێموایە بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی کوردان کۆتایی پێبهێندرێت و پرۆسەی ئاشتی دەستەبەر بێت ئەوە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ”.

‘ئازادی ئۆجالان لە چارەسەری پرسی کورددا گرنگە’

کلوت ئەوەی خستەڕوو کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە بنەمایەک بۆ چارەسەری پرسی کورد و وتی، “ئازادی ئۆجالان بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، لە سەر رێبازی چارەسەری سیاسیی گشتیی، درێژخایەن و بەردەوام، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ. ئازادی ئۆجالان لە هەمان کاتدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگوچەڵەمەی جیاجیا دەبێتە بناغەیەک. بە بڕوای من ئەوە بۆ هەموو کەس پێویستە و دەبێت سیاسەتمەدارانی ئەوروپیش بە هەند وەریبگرن، بۆ راگرتنی شەڕ، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەسەر و مسۆگەرکردنی ئازادی ئۆجالان دەبێت گوشار بخرێتەسەر تورکیا. بە بڕوای من ئەوە پێویستییەکە”.

‘دەبێت یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر تاوانەکانی شەڕی تورکیا بێدەنگ نەمێنێت’

ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا یورگن کلوت هەڵوێستی ئەوروپای لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا هەڵسەنگاندن و وتی، “هێرشەکانی سەر رۆژئاوا پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانن. ئاشکرایە کە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و کەسانی مەدەنی لە دژی بەها یاساییەکانن. ئەگەر ئێمە گلەیی و گازندەی ئەوە دەکەین کە رووسیا لە ئۆکرانیا تاوانی شەڕ دەکات، کەواتە دەبێت هەمان نیگەرانی پەیوەست بە تورکیاش بخەینەڕوو کە لە رۆژئاوا لە بەرامبەر سەڵکانی ئەوێ بە تایبەتی لە دژی کوردان هەمان تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. دەبێت تورکیا بدرێتە بەر رەخنە تا ناچار بکرێت رێز لە یاسا نێونەتەوەیەکان بگرێت و گوشاری بخرێتەسەر کە هێرشەکانی سەر رۆژئاوا رابگرێت”.

 

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …