شکۆی مامۆستا

گیانفیدای دەست و قەلەم بم ،  ئەسپ و زینم بۆ چییە

تا قەڵەم هیممەتکا ، بڕنەو کڕینم بۆچییە

ئیدریس سدیق

پیشەی  مامۆستایەتی لەپێشە هەرە مەزن و پیرۆز و پڕ لە شکۆ و شانازییەکانە، ئەو پێشکەوتنە خێراو بەرچاوانەی رۆژانە بەدیدەکرێ، ئەو هەموو گۆڕانکاری و داهێنانەی بەرهەمدەهێنرێت لە سەرجەم بوارەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، زانستی، تێکنوڵۆجی، پێشەسازی، کشتوکاڵی، گەشتی ئاسمانی و …… ، دەرهاویشتەی ژوورەکانی قوتابخانە و تاقیگەکانە، کە مامۆستاکان و پەروەردکاران بە شەونخوونی و بێ وچان و بێ چاوەڕوانی پاداشت، لە ئەڕکدابوونە ، رۆڵی بەڕچاوی مامۆستا لە دیدی خاوەندارێتی لە خاك و نیشتیمان، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات، پارێزەری شووناس، مێژوو، شارستانی و بەها مرۆییەکانی نەتەوەن، کۆڵەگەی بەهێزی کۆمەڵگە،  بە ئاگا و بە توانا ، متمانە بەخۆوەبوون، شارەزا لە بوارەکەی، پێشەنگ و رابەر لە پەیامی بەرزی بنیادنانی شارستانێتی و پێشکەوتن، دانەری بەردی بناغەی گەشەی کۆمەڵگە و پێگەیاندنی گەشی نەوەکانی داهاتووە، داینەمۆی سەرسوڕهێنەری گۆڕانکارییەکانە. وەك مۆم دەسووتێ تا دڕ بە شەوەزەنگی دواکەوتوویی و نەزانی بدات ، میدالیای شەڕەف سینگ و بەرۆکی دەڕازێنێتەوە.

سەرجەم وڵاتانی دنیا بە شکۆوە ئەرك و ماندووبوونی مامۆستا بەرز دەنرخێنن و لەبەر چاو دەگرن. گەورە بیرمەندی رۆمانیای کۆن شیشرۆن Marcus Tullius Cicero (3 / 1/ 106  BC  – 7/ 12 / 43 BC) دەڵێت : ” بەنرخترین دیاری پێشکەش بە کۆمەڵگا بکرێت ، پەروەردە و فێرکردنی نەوەکانییەتی ” . ڤیکتۆر ماری هۆگۆ  Victor- Marie Hugo (٢٦ /٢/ 1802 – 22/5/  1882)  گەورە بیرمەندی فەڕەنسی بۆچوونی وایە : ” لەگەڵ کردنەوەی هەر خوێندنگایەك دەرگای زیندانێك دادەخرێت “،  ژاپۆن Japan ، دوای تێکشکان و شکست و وێرانبوونی لە جەنگی جیهانی دووەم، لە سەر دەستی مامۆستا، خێرا و دووبارە و سەردەمییانە بنیادنراوە، بوو بە وڵاتێکی هەرە پێشکەوتوو، سەرجەم چین و توێژەکان پیشەی مامۆستا بە پیرۆز دەزانن،  مامۆستا نازناوی (بەڕێز ، سیسنی) کە لە دوای ئیمپڕاتۆڕ دێت،  پارێزبەندی دیپلۆماسی و مووچەی وەزیری پێبەخشرا، هەرکاتێ مامۆستا بچێتە ژووری پۆل،  خوێندکاران  دوای چەمانەوە بەیەك دەنگ (ئەی مامۆستامان تکاکارین بفەرموویت و فێرمانکەیت) ی دەڵێنەوە ، جگە لەو پەندەی کە دەڵێ : ” بە حەوت هەنگاو لە مامۆستا دوورکەوە ، تا بە هەڵە سێبەرەکەی نەکەوێتە  ژێر پێیەکانت ” .

لی کوان یوو Lee Kuan Yew ( 1923 / 9 / 16 – 2015 / 3 / 23 ) ی یەکەم سەرکردەی دیار و دامەزرێنەر و سەرۆکوەزیرانی سەنگاپۆری نوێ Singapore، لە وتە بەناوبانگەکەیدا کە دەڵێ : “من لە سەنگاپۆر بە موعجیزە هەڵنەساوم، تەنها بەرامبەر نیشتیمانەکەم بە ئەرکی سەرشانم هەڵساوم، هەرچی داهاتی وڵات هەیە بۆ پەروەردەم تەرخانکردووە، پێگەی مامۆستایانم لە چینێکی نەدار گۆڕی بۆ بەرزترین چین لە سەنگاپۆر ، ئەوە مامۆستایە ئەو موعجیزەی دروستکردووە ، نەوەیەکی بێ فێزی زانست و رەوشت دۆستی بەرهەمهێناوە ، پاش ئەوەی گەلێك بووین لە شەقامەکاندا تف باران دەکرد و جنێومان بە یەکتر دەدا ” ، ئەوە ئەو قەڵەمبازە مەزنەبوو وڵاتی بۆ یەکەمین وڵاتانی پێشکەوتوو گۆڕی لە رووی داهات و شارستانی .وڵاتی ئاڵمانیش Germany  پاش خاپووربوونی لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم ، رێڕەوی ژیانیان بەستەوە بە سەرلەنوێ هەستانەوە و بووژانەو و بنیادنان لە سەرجەم بوارەکان بەتایبەتیش کەرتی پەروەردە ، رۆژێکیان دادوەرەکان ، پزیشکان ، ئەندازیاران و …… داوایان لە ئەنجیلا مێرکڵ Angela Dorothea Merkel ی راوێژکاری ئەو وڵاتە کرد بۆ بەرزکردنەوەی مووچەکانیان وەك مامۆستایان ، لە وەڵامدا پێی وتن : ” چۆن دەکرێت یەکسانتان بکەین لەگەڵ ئەوانەی فێریانکردوون ! ” هەر لەو سەر و بەندەدا ، کاتێ کەسێ ویستی رێزەکە ببەزێنێ و بچێتە ریزەکەوە ، خاتوونێك لێیهاتە دەنگ و بەسەریدا هاواریکرد ” شەڕمان دۆڕاند ، بەڵام ئەخلاقمان نەدۆڕاندووە ! ”  ئەوە ئاڵمانیای ئەمڕۆیە وەك دەبینرێ . لە وڵاتی چین China یش پەندەکە دەڵێت ” ئەوەی پیتێکی فێرکردووم  بە درێژایی ژیانم ئەوە باوکمە ” ، هەروەها بە ( ئەندازیاری رووح ) ناوزەد کراوە . شاعیری گەورەی بە رەچەڵەك کوردی میسری ئەحمەد شەوقی دەڵێت ” قم للمعلم وفه التبجيلا    كاد المعلم أن يكون رسولا ) .

کورد گوتەنی:

میللەتی نەزان و سووك و رسوایە

گەنجی بۆ خەڵکە و رەنجی بە بایە

هەر سیستەمێك لە کۆی دنیا ، لە رووی کارگێڕی و سیاسییەوە پشت ئەستوور نەبێت بە پەروەردەوە ، بە دڵنیاییەوە خۆی ناگرێ ، تووشی داڕمان دەبێت و هەرەس دێنێ ، خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت ، هەرلەدوای راپەڕینەوە تا ئێستاشی لە گەڵا بێت ، بەناو دەسەڵاتی خێڵەکی خۆسەپێنەری باشوور ، نەك هەر  لە خەمی کەرتی پەروەردە نەبووە ،  بەڵکو سەرجەم بوارەکانی تریشی فەرامۆشکردووە  ، لە دانانی کەسانی نانیشتیمانی ، ناشایست

ە ، نەزان ، بێ ئەزموون ، گەندەڵ ، نەشارەزا و …… کە حزبایەتی کردۆتە پێوەری هەڵسەنگاندن ، بێ باکانە لەو ناڕەزایەتییەی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران کە بۆ سێ مانڴ دەچێت و داواکاری سادەترین مافی رەوای خۆیانن ، لە ژیانێکی شکۆدارانە و ئازاد ، لە خەباتێکی شارستانیانەی دژی تاڵانچییەکان ، بە گیرفانی بەتاڵ ، بە ئیڕادەیەکی بەرز و گەورەتر لە حزبەکان کە گرەویان لەسەر شکاندنی بایکۆت دەکرد ، وەك ئەوەی لەپشت گوێی گادا خەوتبن و درك بە شکۆی وڵات لە شکۆی مامۆستایاندایە نەکەن،  هەڵوێستێکی شەرمنانەی ئەرێنیینیشیان  نەنواند و بە دوای داواکارییەکانیانەوە بچن و  چارەسەری ریشەیی بکەن !

بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی خێڵەکی نەزان ، بازرگانانی حزب ، گەندەڵ و خیانەتکار ، کاتێ خاك هەرزانفرۆشبکات و بیخاتە ژێر پۆستاڵی رەش و قێزەونی داگیرکەران ، بیر  لە بەها و پیرۆزییەکانی نەتەوە و هاونیشتیمانیانی نەکاتەوە ،  چ جای ئەوەی لە خەمی هاونیشتیمانییانی دابێت و بە دوای چارەسەردا بگەڕێت ! شەڕی نەرمی داگیرکەرانیش لەرێگەی بەکرێگیراوەکانیان ، سەرەتا تێکشکاندنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنە ، بە مەبەستی بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە و بێ ئیڕادەکردنی تاکەکانی و تێکشکاندنی ئینتیمای نیشتیمانی ، بۆیە لە فەرهەنگی دەسەڵاتی بنەماڵەی خێڵەکی ،  وەك چۆن ئازادی لە ژێر فشار ، هەڕەشە ،  زیندانی ، تیرۆر و مەترسیدایە ، ئاساییە مامۆستا شەقی تێهەڵبدرێ و سووکایەتی پێبکرێ ، بەڵام  سووککردنی مامۆستاش ، واتا سووککردنی هەموو بەهاکانی بە نیشتیمانیبوون ، بە مرۆڤبوون و بەهاکانی کۆمەڵگەیە و کوشتنی شکۆی مرۆڤە تاکەکانە .

پشتیوانیکردن لە مامۆستایان ، ئەرکە و نیشانەی پێگەیشتن و هۆشیاری کۆمڵەگەیە ، تێگەیشتن و بەڕپرسیارێتی تاکەکانییەتی بەرامبەر خاك و نیشتیمان.

چی لە جوانی کەم کە نەفام دەرکەوت

مۆمێك چاکترە لە چرایەکی بێ نەوت

تێبینی

هەندێ  زانیاری لە google وەرگیراوە .

 

هەروەها چێکی بکە

كێ وای كرد ڕۆح لە باشوردا نەمێنێ؟

تارا حسێن شەهید لە دوای شەهید کەسانی سڤیل و بێ چەك، گوندنشین، هەنگەوان، دوكاندار، جوتیار …