سەرۆکی هۆزی ئەبو عەوجە کە یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی باشووری عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بڕیاری جددیی بدات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان و دەڵێت: پلانی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی کەرکوک و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
عیماد ئەلبزونی، سەرۆکی هۆزی ئەبو عەوجە-ی باشووری عێراق، کە یەکێکە لە هۆزە دیارەکانی بەسرە، لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە وتی: تورکیا پاساو دروست دەکات بۆ داگیرکردنی عێراق، هەمیشە پیلان بۆ بەدیهێنانی خەونی عوسمانییەکان دادەنێت.
داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، بێدەنگ نەبن بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تاوانەکانی بەرامبەر خەڵکی مەدەنیی و بێ تاوان.
ئەو سەرۆک هۆزە نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی بەرپرسانی عێراقیش دەربڕی و وتی: دەبێت حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی جددیی و کاریگەر کاربکات، بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و تویت هیچ سوودێکیان نییە و کاریگەریی لەسەر هێرشەکانی تورکیا ناکەن، پێویستە هێزە سیاسییەکان هەمیشە گوشار لە حکومەت بکەن، بۆ ئەوەی هێرشەکانی تورکیا ڕابگیرێن، کە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
عیماد ئەلبزونی ئاماژەی هەماهەنگیی لە ناوخۆی عێراقەوە بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی: هەندێک لە سیاسەتمەدارانی بەغدا و هەولێر بەرژەوەندییان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە، کاتێک تورکیا چەند ڕۆژێک لەمەوپێش هێرشێکی نوێی ڕاگەیاند، گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرساند.
باسی لە پیلانی دەوڵەتی تورکیش کرد و وتی: پلانی تورکیا داگیرکردنی کەرکوک و موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراقە، ئێمە وەک هۆزەکانی باشووری عێراق، ئەو پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورک ڕەتدەکەینەوە و شەرمەزاریان دەکەین، داواش دەکەین ئەو هێرشانە ڕابگیرێن.