هاوسەرۆکی مەسەدە: کاتێک ژنان بەهێز دەبن، دەتوانن جڤاک بگۆڕن

هاوسەرۆکی مەسەدە، ئەمینە عومەر ڕایگەیاند، هەرکات ژنان تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن، دەتوانن گۆڕان و گۆڕانکاریی لە جڤاکدا بەدی بهێنن.

هاوسەرۆکی مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، ئامینە عومەر، بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەسەر ژنان  قسەی بۆ ئاژانسی فورات کرد.

ئەو شەڕەی لە ڕۆژئاوا و فەلەستین لەلایەن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە لەگەڵ قڕکردنی گەلان ئەنجام دەدرێت، چۆن دەنرخێنن؟

چەمکی شەڕ لەنێوان دوو گەل کە بەردی بناغەی ڕۆژهەڵاتی ناوینن، چەند سەدەیەک لەمەوبەر دەستی پێکردووە و بەردەوامە. ئەو هەرێمانەی لەلایەن هێزە هەژموونخوازەکانەوە دابەشکراون، بەتایبەت دابەشکردنی وڵاتانی عەرەبی بۆ ٢٢ وڵات، هێشتاش بەرکار و بەردەوامە. بە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ١٩١٧ خاکی فەلەستین درا بە جولەکەکان. لە هەمان کاتدا خاکی کوردستان لە نێوان ٤ دەوڵەتدا دابەش بوو. هەرچەندە سەدەیەک تێپەڕیوە، بەڵام ئەم جۆرە دابەشبوونە ئازاری قووڵی بۆ گەلان ئافراندووە. سیاسەتی سەدە ساڵەی قڕکردن هێشتا بەردەوامە. ئەوان دەیانەوێت بە سیاسەتێکی وەک قڕکردنی سیستماتیکی و کۆچبەری و گۆڕینی دیمۆگرافی گەلان لەناوببەن. تا چارەسەرێکی ڕیشەیی لە دژی سیاسەتی قڕکردنی دوو گەل کە بەردی بناغەی ڕۆژهەڵاتی ناوینن نەدۆزرێتەوە، ئازار و کێشەکان بەردەوام دەبن. نموونەی هەرە بەرچاو لەمڕۆدا سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورکە لە دژی گەلی ڕۆژئاوا. هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد و فەلەستین پێکەوە ئەنجام دەدرێن. کۆمەڵکوژی دژی گەلی فەڵەستین ئەنجام دەدرێت. بۆ ئەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ئارامی بژین، پێویستە پرسی هەبوونی گەلان چارەسەر بکرێت.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی و گۆڕینی دیمۆگرافی، کاریگەریان لەسەر ڕێکخستنبوونی ژنان و تێکۆشانی جڤاکی چییە و پەیوەندیان چییە بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانییەوە؟

پێش داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی، ژنان لەو هەرێمانە پێشەنگ بوون. ڕێکخستنی ژنان پێشکەوتوو بوو، ژنان لە دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوەبەریدا چالاک بوون. خەباتی گرنگ بۆ ئازادی ژنان و بنیاتنانی جڤاکێکی دیموکراتیک ئەنجام دەدرا. جگە لەوەش جڤاکێکی نوێ بە ڕەنگی ژن و زیهنیەتی ژن ئافرێنرا و شەڕی زیهنیەت دەکرا. بەداخەوە دوای داگیرکردنی دەوڵەتی تورک، پێشێلکارییەکانی مافی ژنان زیادی کرد و سیاسەتی قێزەون دژی ژنان دەستی پێکرد. ئەو مافانەی بە بەرخۆدان و تێکۆشان بەدەستیان هێنابوو، لێیان زەوتکرا. لەگەڵ داگیرکاریدا، کۆمەڵکوژی، ڕفاندن، گرتن، کۆچکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان ڕوویدا. لەمڕۆشدا هەوڵ دەدرێت بۆ بەرتەسککردنەوەی مافی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان، بەڵام ژنان هێشتا بەرخۆدان دەکەن. دەزگا و ڕێکخراوی ژنان لەو ناوچانەدا بوونیان نییە و ژنانیش ناتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. بەڵام کاتێک سەیری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین، ژنان بە ئەرکێکی پێشەنگەوە خۆیان ڕێکدەخەن و جێگەی خۆیان لە جڤاکدا دەگرن. هەروەها هەوڵ دەدات هەناسەیەک بێت بۆ ژنانی بندەستی داگیرکاری. تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە هەرێمەکەدا بۆ ئازادی ژنانی بندەستی داگیرکاری بەردەوامە. لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژیانێک بە پێشەنگایەتی ژنان هەیە. تێکۆشانێکی مەزن بۆ ئازادی ژنان لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بۆیە جڤاکێکی دیموکراتیک بە بەشداریی بەهێزی ژنان لە ژیان و مافەکانی ژنان و ئازادیدا بنیات دەنرێت. لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم بەرخۆدان و تێکۆشانەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و سیستەمی سەرمایەداری جیهانیش زیاتر دەبن. چونکە لە ئیرادەی بەهێزی ژنان و جڤاکی دیموکراتیک دەترسن. لەم ڕەوشەدا سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی ژنان جێبەجێ دەکرێت. لەگەڵ مەزنبوونی تێکۆشان، بۆ بێدەنگکردنی ژنان، کۆمەڵکوژی ژنان زیاد دەکات. ژنانی پێشەنگی جڤاک دەکرێنە ئامانج. جڤاکی دیموکراتیک لە ڕێگەی تێکۆشانی ژنانەوە بنیات دەنرێت. هەڵبەتە بنیاتنانی جڤاکی دیموکراتیک یەکناگرێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی هێزە هەژموونخوازەکان.

گرنگی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت دژی ژنان لە هەرێمە داگیرکراوەکانی بندەستی دەوڵەتی تورک و تێکۆشان دژی ئایین‌پەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چییە؟

ڕۆژهەڵاتی ناوین بە شوێنی لەدایک بوون و لانکەی مرۆڤایەتی ناسراوە. ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕووی چاند و ئایین و مەزهەب و گەلەوە، خاوەن پێکهاتەیەکی دەوڵەمەندە. لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە، گۆڕانکاری زۆر ڕوویدا. ئامانجی سەرەکی بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە قووڵکردنەوەی کێشە جڤاکییەکانە. واتە دروستکردن و قووڵکردنەوەی ململانێ و ئاژاوە لەنێوان گەلان و ئایینەکان و مەزهەبەکان و چاندەکاندا. ئایین‌پەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی جگە لە ئازار هیچی تریان بۆ جڤاک نەهێناوە. ئەم ئازار و مەینەتییە دەبێتە هۆی لەناوچوونی جڤاک. لەم چوارچێوەیەدا ئازارەکانی جڤاک زیاتر دەبن. پێویستە لە شەڕێکی مەزندا بین لە دژی ئایین‌پەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی. ئەگەر لەدژی ئەو زیهنیەتانە تێکۆشان نەکرێت، ئازادی نامێنێت. ئایین‌پەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی نەخۆشی زیهنین. تەنها خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت، ئیتر بۆ شتی تر کوێرە. بۆ ڕزگارکردنی جڤاک لە دەستی ئەم تێگەیشتنانە، تاکە ڕێگە تێکۆشانە.

هەڵمەتی “ژن، ژیان، ئازادیی، بەرەو شۆڕشی ژنان” لە ڕۆژئاوا پەرەی سەند و پراکتیزەکردنی لە چ ئاستێکدا بوو؟ لە ڕوانگەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئامانجی ساڵی نوێی تێکۆشان چییە؟

دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی، هەڵمەتی “ژن، ژیان، ئازادیی” لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد. ڕاستە لە ئێرانەوە دەستی پێکرد، بەڵام بزووتنەوەیەک بوو کە لە جیهاندا بڵاوبووەوە. ژنان هەمیشە لە لایەن دەوڵەت و جڤاکەوە بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە. پێویستە بەشداری ژنان لە بزووتنەوەکەدا بەهێز بێت. تەنانەت ئەگەر هەموو جڤاکیش وەک یەک نەبێت جڤاک توندوتیژی تێدایە. بەشدارییەکی بەهێز لەم هەنگاوەدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش نیشانەی پێشەنگایەتی ژنانی هەرێمەکەیە. ئێمە دژی توندوتیژی دژی ژنان دەوەستینەوە، قبوڵی ناکەین. ئێمە دەڵێین سەدەی بیست و یەک کاتی گەیشتنی ئازادی و تێکۆشانە ژنانە بۆ لوتکە. هێزە هەژموونخوازەکان بەو دیزاینە نوێیەی لە جیهاندا، جڤاک بەرەو پشێوی پاڵدەنێن و دابەشبوونێکی قووڵ لە جڤاکدا دروست دەکەن و شەڕ گوڕ دەدەن. ئەم ڕەوشە زۆرترین کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان هەیە. بۆیە پێش هەموو شتێک پێویستە ژنان لە دژی ئەم شەڕ و ئاژاوەگێڕییە بوەستن. چونکە توندوتیژی دژی ژنان لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و شەڕەوە ئەنجام دەدرێت. ژنان لە ڕەوشی شەڕدا زۆرترین زیانیان پێدەگات. کۆچبەر دەکرێن، دەکوژرێن، ڕووبەڕووی توندوتیژی سیاسی دەبنەوە. هێزی کۆتایی هێنان بە شەڕ دەبێت ژن بێت. پێویستە بەدوای دۆزی ئازادیدا بگەڕێت. بۆیە ئامانجمان ئەمساڵ کۆتایی هێنان بە شەڕ و مسۆگەرکردنی ئازادی ژنان و گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ و بنیاتنانی جڤاکی دیموکراتیکە.

بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چ پەیامێکتان هەیە؟

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەو ڕۆژەیە کە جڤاک و ژنان جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن. ژنان پێویستە تێکۆشانی خۆیان زیاتر بکەن. دەتوانین چەندین جۆری توندوتیژی وەک توندوتیژی جەستەیی و توندوتیژی دەروونی و توندوتیژی ئابووری ڕیز بکەین. ئێمە ئازارێکی زۆرمان بینیوە و بەردەوام دەبین. پێویستە ژنان لە یەک شوێن هێزی خۆیان کۆبکەنەوە و یەکبگرن. تا زیاتر پێکەوە گرێدراو بن، زیاتر دەتوانن مافەکانیان بەدەست بخەن و گۆڕان و گۆڕانکاری لە جڤاکدا بکەن. بۆیە پێویستە ژنان یەکبگرن و تێکۆشانیان بەهێزتر بکەن.

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …