کەوسەر حەسەن: ئێستا توندوتیژییەکان لە جەستەییەوە گۆڕاوە بۆ دەروونیی

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامە و چالاکوانێکیش دەڵێت: بەهۆی داواکردنی ڕاپۆرتی پزیشکی لە دادگا، توندوتیژییەکان لە جەستەیەوە گۆڕاون بۆ دەروونی.

“ژنان بە درێژایی مێژوو توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت”

کەوسەر حەسەن، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ژن کرد و دەڵێت: هەر لە مێژەوە توندوتیژییەکان هەبوون و تا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام لە ئێستادا زیاتر ناسێندراوە لەبەر زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی تایبەت بە توندوتیژی، ڕۆژ نیە گوێمان لە کوشتنی ژنێک نەبێت، ژنانیش لە ئێستادا هەموو جۆرەکانی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، هەرچەندە ناتوانین توندوتیژی بنبڕ بکەین، بەڵام دەتوانین بە هەموومان و ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندنەکان هەوڵی کەم کردنەوەی بدەین بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بە تایبەتی لەناو گەنجاندا.

“دەبێت خێزان تاکێک پەروەردە بکات لە دوا ڕۆژدا توندوتیژی بەرامبەر نەکرێت”

کەوسەر حەسەن ڕوونی کردەوە، پێوستە بەتایبەتی هۆشیاری لەناو گەنجدا بڵاوبکرێتەوە پێش ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، چونکە زوو شووکردن وای کردووە توندوتیژی زیاتر ببێت و حاڵەتەکانی جیابوونەوەش لە داگادا ڕوو لە زیادبوون بکات، بۆیە خیزانەکانیش ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە کە چۆن تاکێک پەروەردە بکەن لە دواڕۆژدا بتوانن هەڵسوکەوتێکی مرۆڤانە لەگەڵ دەوروبەریان بکەن، ڕووبەڕووی توندوتیژییەکانی کۆمەڵگە ببنەوە، بە تایبەتی دایک دەبێت زۆر ئاگای لە منداڵە کچەکەی بێت و وا نەکەن هەست بە هەبوونی بۆشاییەک لە ژیانیاندا بکەن.

وتیشی: لە ڕابردوودا توندوتیژییەکان زیاتر جەستەیی بوون، چونکە تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام ئێستا لەبەر ئاسانی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە گەورەترین توندوتیژی دەروونی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بۆیە زۆربەی ئەو کێشانەی دێنە لامان کاتێک پرسیار دەکەین، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لایەنی بەرامبەر بۆ کاری سێکسی یان پەیداکردنی پارە توندوتیژیەکی دەروونی بەرامبەر بە ژنان دەکەن، بۆیە دەبێت سانسۆرێک بۆ تەکنەلۆژیا دابنەین و بتوانین بۆ کاری باش بەکاریبهێنین.

“لە ڕابردوودا بە مەبەستی تەمێ کردن توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرا”

کەوسەر حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، خێزانەکان کاتێک دەیانەوێت شتێکی خراپ لە منداڵەکانیان دوور بخەنەوە، نابێت بە توندوتیژی بیکەن، چونکە وا لە منداڵەکە دەکات ڕق ئەستورتر بێت و زیاتر ئەو شتەی لا خۆشەویست بێت، هەرچەندە خراپیش بێت بۆی و وا دەکات هەر توندوتیژیەک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە دایک و باوکی بشارێتەوە، بۆیە ئەو خێزانانەی وەکو هاوڕێن لەگەڵ منداڵەکانیان، کەمترین توندوتیژی ڕووبەڕووی منداڵەکانیان دەبێتەوە.

دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی عەشایەرە و لە ڕابردوودا تەنانەت پێیان عەیب بووە ژنان جیاببنەوە و ژنانیان ناچار کردووە ئەو توندوتیژیانە قبوڵ بکەن کە دەکرێتە سەریان، تەنانەت لە ڕابردوودا ناویان نابوو تەمێ کردن و پێیان وابووە بە توندوتیژی جەستەیی کۆمەڵێک کار ناکەن کە دوورە لە دابونەریتی کۆمەڵگەوە، بەڵام لە ئێستادا ژنان تا ڕادەیەکی باش هۆشیارن و لە کاتی توندوتیژی سکاڵا تۆمار دەکەن.

“لە ئێشتادا توندوتیژی دەروونی زیاتر ئەنجام دەدرێت”

کەوسەر حەسەن باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا زۆربەی توندوتیژییەکان دەروونین، چونکە لە کاتی سکاڵاکردنی ژنان داوای ڕاپۆرتی پزیشکی دەکرێت، بۆیە ئەگەر پیاوان توندوتیژی جەستەیی ئەنجام بدەن، دەبێتە بەڵگە و ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە، ئەمەش وای کردووە پیاوان توندوتیژییە دەروونییەکان بەرامبەر ژنان ئەنجام بدەن، چونکە بەڵگەیەکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا توندوتیژییە دەروونییەکان گەورەترین کێشەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە.

لە کۆتایدا کەوسەر حەسەن دەڵێت: کاتێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەین کە داڵدەی ئەو کەسانە دەدەن لە ڕووی دەروونیەوە باش نین، دەبینین زۆربەی ئەو ژنانەی لەوێن لە ئەنجامی توندوتیژی دەروونییەوە وایان لیهاتووە ئیتر چی بە قسەی نەشیاو بێت یان بە کەم سەیر کرابن و لە کەسایەتیان کەم کرابێتەوە، ئەو ژنانەی توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر دەکرێت و دێنە لامان لە هەموو ڕوویەکەوە ڕووخاون، بۆیە دەبێت سەرەتا پیاوان هۆشیار و ڕۆشنبیر بکرێن.

 

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …