پرسەکە ١٧ ساڵە یان گەلێکە لەژێر سیاسەت و شەڕی پاکتاودا

عادل عوسمان

بەشی یەکەم

لەدوای کارە شۆڕشگێڕی و گیانبەزیەکەی دوو خۆبەختکەری تێکۆشەر لە ئەنقەرەی پایتەختی بڕیاردان لە قڕکردنی گەلی کورد، گفتوگۆیەکی زۆر کەوتە ناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستان. هەندێک دژ و هەندێک و زۆرینە لەگەڵ. بەڵام لەناو ئەو هەندە دژەدا، کۆمەڵێک بەناو نوسەری دەرونناس و ژینگەپارێز بەنوێی داخڵی دژبەری بۆ کارە گیانبەزیەکەی ئەنقەرە بوون. هۆکارەکەی چیە؟ لە بەردەوامی باسەکەماندا ڕونی دەکەینەوە، کە هیوادارین؛ ئەو کارە دژبەریە هەڵە تێگەیشتن بێت، نەک ئامانجدار!

کاری گیانبازی پەیوەستی ئاستی شەڕ و گۆڕەپانەکانیەتی، تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، هەرگیز چەک و شەڕی بەخواستی خۆی هەڵنەبژاردوە، بەڵکو لە دەرەوە بەسەریدا سەپێنراوە. چونکە سیاسەتی داگیرکەری سەرگەلی کورد لە هەرجۆرە داگیرکاریەکی تر جیاوازترە و پێویستە هەرتاکێکی کورد ئەو جیاوازیە بە هەستیاریەکی قوڵەوە تێبگات و خۆی بەرپرسیاری بەرەنگاربونەوەو بەرخۆدان و پاراستنی بزانێت. ئەو تایبەتمەندیەی داگیرکاریش، سیاسەتی پاکتاو قڕکردن و کۆمەڵکوژی و بێ ناسنامە هێشتنەوەیە. خاکی کوردستانیش داگیرکراوە و دەوڵەت و سیستەم و نەتەوەی دەوڵەتی خۆیان لەسەر بنیات ناوە و دەبێت نە ناوی کوردستان بهێنرێت، نە ناوی کورد بهێنرێت.

ئەو پرسیارەی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت ئەوەیە، ئایا پرسێکی قوڵی نەتەوەیی قڕکراوی کۆمەڵکوژکراو، بەشێوەی تەمەن١٧ساڵ یان تیرۆر و شەڕی چەکداری چارەسەر دەکرێت؟ لەکاتێکدا قۆناغی شەڕ گەیشتوەتە ئاستی شەڕی مان و نەمان، دەکرێت بە جیاوازی تەمەن، ڕەگەز و پارچە، بەش و ئەتنیک بەرخۆدان و پاراستن پارچە بکرێت؟ گفتوگۆ بێ ئاکامەکانی باشور بەکوێمان دەگەیەنێت؟ شەڕبردنە ناو دڵی دوژمن (کە لەباشورەوە داوا دەکرێت) مانای چیە؟ ئایا شەڕ هەر کاری چەک و چەکداریە؟ ئایا شەڕ هەر بەسوپاکان دەکرێت و دەبێت ئەوانی تر تەماشاچی بن؟ وە ئایا مل خستنە بەردەم چەقۆی قەساب بەکوێت دەگەیەنێت؟ وە ئایا هێرشی دەوڵەتی تورک بە باشوری کوردستان واتە بەهەرێمەکەی ڕادەوستێنرێت و ڕادەگیرێت؟ ئایا ئەو شێوازە لە شرۆڤەی ڕوداوو دیاردەکان شیاوە و لایەنی ئەرێنی هەیە؟ ئایا شەڕخستنە ماڵی دوژمن مانای چیە و ئایا ئەنکەرە دەوری لەو شەڕەدا چیە؟ ئایا هەڵبژاردنی ئەو گۆڕەپانە، لە کات و ساتی هەستیاری خولی دەستپێکردنەوەی پەڕلەمانی تورکیا و بونی ئەردۆغان و هاکان فیدان لە پەڕلەمان، چ مانایەک دەدات؟ ئایا ئەگەر کاریگەر نەبوە، بۆچی ئەردۆغان و هاوکارەکانی شۆک بون و توشی هستیریا بوون؟ ئایا ئەگەر کاریگەری نیە، بۆچی وەک گای ئیسپانی بەهەرچوار لادا کەوتونەتە هێرشی بێ ئەنجام؟ وە ئایا بەوشێوە گفتوگۆی هەستیارترین قۆناغی شەڕ و سیاسەتی پاکتاوو قڕکردن دەبینەوە؟ ئایا دەوری بەڕێوەبەرانی شەڕی تایبەت و کەوتنە داوی ئەو شەڕەوە، خود ئاگا، یان ناخود ئاگا واتەی چیە؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە بۆ ئاراستەی دوو دید و تێڕوانینمان دەبات؛

یەکیان: دیدی دەسەڵاتخواز و داگیرکەران و بەڕێوەبەرانی شەڕی تایبەتە.

ئەویتریان: دیدی کۆمەڵگەی کوردی و تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە، کە بە سۆسیۆلۆژیای ئازادی دەناسرێت.

 وەڵامی ئەو پرسیارانە یەک بەیەک نادەمەوە، ئەوە ئەرکی هەموانە. ئەوەی پەیوەستە بەم باسەوە ئەوەیە، ئایا چۆن و بە چ شێوازێک بەرگری داگیرکەری قڕکەر دەبینەوە. داگیرکەر شەڕێکی بێ ڕەوستانی دەستداوەتێ، بەگوێرەی سیاسەتی هەر شت بسوتێنە و سەرکەوە، دەجوڵێتەوە. سەردەمی بەعسیش لە کاتی ئەنفالەکان و بەدواوە سیاسەتی زەوی سوتاو واتە (ارض المحروقە)ی بەڕێوەدەبرد.

بێگومان کێشەکە لە گرتنە دەستی واتا دان بە دەربڕینە. چونکە هەر دەربڕێنێک واتا و مانا بە دەربڕینەکە دەدات و شتێک دەژیەنێت! لە باشوری کوردستان قسە، وتە بێ مانا و بێ ناوەرۆک کراوە! بۆیە هەستیاری بەرامبەر دەربڕین و واتاکانیش مانای خۆی لەدەستداوە. یەکێک لە چەمکە خراپکاریەکان بێ ناوەرۆک کردنی ئەو واتادانە بەو پراکتیکەیە کە لە دەربڕیندا بەڕێوەدەبرێت. بۆیە کاتێک دەڵێی “شەڕ ببەرە ناو تورکیا و ناوماڵی دوژمن” ئەوە پێوانەی پراکتیک و پێکهێنان و زۆر و زەحمەتی هەیە. پێکهێنانی ئەوە پێوانەی تێگەیشتوی و پێگەیشتویی قۆناغی شەڕ و بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕی هەیە! بۆیە قسە نابێت لە خۆوە بکرێت و پێشنیاربۆ هێزی پێکهێنەر بکرێت. شەڕی کوردان و بەتایبەت هێڵی تێکۆشانی ئازادی بۆ ڕاگرتنی شەڕی قڕکەرە، نەک بۆ بەردەوامی شەڕ و خوێنڕشتن و توندوتیژی و نیشاندانی هێز.

پێویستە پرسێکی ئاوا بە بەرپرسیارەتی و پێکهێنان لە خۆدا و بەشداری ڕاستەوخۆی کەسەکە یان لایەنەکە لەتێکۆشانی گشتیدا واتای پێ بدرێت. خۆ لەدەرەوە بینین و وەک پێشنیارکەر و تەماشاچی بێ واتایی شۆڕشگێڕی و بەشداری لە پرسی ئازادی گەل، نەتەوەو خاک و نیشتیماندا دەبینێتەوە. بێگومان خەمساردی بە قازانجی بەرژەوەندیەکانی دوژمن و کەوتنە داوی بێ دەربەستی و دابڕانە. ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێن کەوتنە داوی دوژمن. زۆر کات ئەو کەوتنە داوە پەیوەندی بە نیەتی مرۆڤەکەوە نیە! بەڵکو پەیوەندی بەو پەروەردە، بێ خەمی و غەفڵەتەوە هەیە کە تاکی کۆمەڵگەی باشور تێی کەوتوە. سیاسەتێک کە چەند دەیەیە لە باشور بەڕێوەدەبرێت، کە پشت بە پارچەبوون، جیاوازی و بەرژەوەندی و خەمساردی دەبەستێت، تاک و پێنوس بەدەستێکی پەروەردە کردوە، کە لە گەورەیی شەڕی ئازادی تێناگات. تێنەگەیشتنیش عەیبە نیە! ئەوەی عەیبەیە کاتێک دەکەویتە بەر ڕەخنەی کۆمەڵگە بە کاردانەوەی دژبەرانە بەرامبەر ئەو ڕەخنانە بوەستیتەوە و بکەویتە بەرامبەر نەتەوە و شێوازی تێکۆشانی ڕەخنەگرانە.

لەباشوری کوردستان هەستیاری لە بەڕێوەبردنی شەڕی تایبەت نیە، بۆیە دوژمن دەتوانێت سەنتەرەکانی بیرکردنەوە، ڕۆشنبیری یان لانی کەم گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکان بەگوێرەی خۆی دروست بکات و دەسەڵاتیش هاوکاری و خزمەتی دەکات. بۆیە چەمکی گرێدراو بوون بەدەسەڵاتەوە مەترسی و کێشەکان چەندبارە و گەورە دەکاتەوە.

ئەو کایە ڕۆشنبیریە گرێدراوەی باشور سەری بەدەسەڵات و حیزب و هێزە باڵادەستەکانەوەیە، بۆیە کاتێک دێتە سەر شیکردنەوەی هەر دیاردەیەک، ڕوانگەکەی ڕوانگەی دەسەڵات و دەسکەوتە. لە هەر ڕوداوێکدا، حەماس دەیگرێت، داوای کاردانەوەی خێرا دەکات و خۆی لەدەرەوەی ڕوداوەکان دەبینێت.

بەبێ تێگەیشتن لە دۆزی کورد وەک کێشەیەکی مێژووی قوڵ کە ڕەگی لەمێژودایەو سیاسەتی ئینکار و قڕکردنی لەسەر بەڕێوەدەبرێت و درێژ مەودایە. ناتوانرێت بەرەنگاری ئەو سیستەم و سیاسەتە داگیرکاریە ببینەوە. وەستانەوە بەرامبەر سیاسەتی داگیرکاری پێویستی بە میتۆد، متمانە، سەبر و لەسەرخۆیی و بەکارهێنانی تەواوی گۆڕەپانەکانی ژیان هەیە بۆ تێکۆشان. بچوکترین گۆڕەپان بەڕەنج دروست دەکرێت و ڕەنجی هەموانیشی پێویستە و لەتێکۆشانی ئازادی کورداندا بچوکترین ڕەنج هەم لەبەرچاو دەگیرێت، هەم کاریگەری دەبێت. هەروەها شەڕی چەکداری هەموو شت نیە و کۆتا شتیش نیە و دەست لێبەردراویش نیە. شێوازێکی بەڕێوەبردنی تێکۆشانە و دروستکردنی هاوسەنگی و کردنەوەی دەرفەتە لەسەر چارەسەری پرسە هەڵواسراو و ئینکار کراوەکان. بەڵام چەک نەک وەک توندوتیژی، بەڵکو وەک هێزی پاراستنی ڕەواو خۆییە.

لایەکی تری دەربڕینی قسە بەرهەمهێنانی ڕەوایی دانە بە کردەوەیەک کە لایەنەکانی شەڕ دەیکەن، ئەگەر تێڕوانین وەک یەک بێت بۆ لایەنە بەشدارەکانی شەڕ، یان نەناسینی ئەو شەڕەی کە بەڕێوەدەبرێت. بێگومان بۆ هەڵە و خزمەتکردن بەلایەنی هێرش بەرت دەبات. شەڕێک کە لە کوردستان بەڕێوەدەبرێت، بۆداگیرکەران شەڕێکی داگیرکاری ناڕەوایە، بەوگوێرەیە دەبێت لەدژی هەر جوڵەیەکی داگیرکەر ڕاوەستان و بەرخۆدان و بەرپەدچ دانەوە هەبێت. بەگوێرەی کوردانیش شەڕی ئازادی و ڕزگاریە، کەواتە شەڕێکی ڕەوایە و هەر کردەیەکی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی لەدژی داگیرکەر و بۆ ڕێکخستنی ناو ماڵی خۆبێت ڕەوا و شیاوە. بۆیە کاتێک لە دژی هێرشی سەر ئەنکەرە بە کاردانەوە دژبەری دەکرێت، واتە ڕەوایەتی بەداگیرکەری تورک دەدەیت کە چی دەوێت بیکات! بەبێ ئەوەی گوێ بە سیاسەتە قڕکەر و ناڕەوایەی داگیرکەر بۆ سەر کوردستان هەیەتی بدەیت.

ئەم چەمکە ڕۆشنبیرە تەنانەت گوێ لە ئازار و هەستی ناوەوەی تاک و شۆڕشگێڕان و گیانبازانی وڵات و پەیامەکەشیان ناگرێت! ئەو منداڵانە نابینێت کە پانزێڕەکانی دوژمن لە شەقامە گشتیەکاندا بە بەرچاوی دایک و باوک و خەڵکەوە دەیکەن بەژێرەوە و دەیپلیشێننەوە. ئەو بۆردومان وێرانگەری و چەکە کۆکوژانە نابینن، کەلە دژی کۆمەڵگە خاک و نیشتیمان و ژینگە بەکاری دێنن. ئەو دەستدرێژیانە نابینن کە دەکرێتە سەر ژن و گەنج و کچی تەمەن بچوک و ئاسودەیی دەشێوێنن، یان دەیبینن و هەستیاریەکانیان بەرامبەری ناجوڵێت و چاویان لە گەشت و سەفەر و ڕابواردنەیە کە بۆی دەچن!.

بۆیە گوێگرتن لە پەیامی ئەو گیانبازانە هەرچی شەڕی تایبەتی ڕەشکردن هەیە، هەڵی دەوەشێنێتەوە و پێویستە هۆشمەندی باشوریش توشی شۆک و وەرچەرخان بکات.  کاتێک تێکۆشەری گیانباز ڕۆژهات زیلان دەڵێت (دەبێت پەیوەندی نێوان ئامانج و واتا بە باشی ببینرێت، وەک هاوڕێیانمان وتیان “بە پاراستنی گیان، مرۆڤ ناتوانێت ببێتە ئەویندار” ئەو ئەوینداریە ئەوینداری ئازادی و تێکۆشانی ئازادیە، بۆیە دەتوانێت گیانبازی بکات و گۆڕەپانی شەڕ بەگوێرەی پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دیاری بکات و گیانی پێشکەشی ئەوینی نیشتیمان و ئازادی و گەلەکەی و ڕێبەری و هاوڕێیانی بکات.

بۆیە گەیاندنی پەیام گرنگی دروستکردنی گفتوگۆیەکی بەواتای ئامانجدار دەبێت، کە بۆ یەکیەتی نەتەوەیی، دیموکراتیزەکردنی هۆش، تاک و کۆمەڵگەی ئازاد و هەرەوەزی دور لەدەسەڵاتدارەتی بەرهەم بێنێت. پێویست بوو ئەو گیانبازیە ببوایەتە دروستکردنی شۆک لە بیرکردنەوەی ئەوانەدا، کە پاراستنی گیان و دەسکەوتی تایبەت بە بنەمای ڕۆشنبیریەکەیان دەزانن و بەخۆیاندا بهاتنایەتەوە، نەک بەگوێرەی تەنگاوی دوژمن زمانیان بێننە گۆ. سەیری کۆمەڵگەی باشور بکەن بزانن ئاستی قەیران و لەدژ وەستانەوەکەی بە چ ئاستێک گەیشتوەو تێگەیشتنەکان چۆن گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە. کەموکوڕی چیە ڕۆشنبیرانی ئازاد، پێویستە گفتوگۆی بکەن و هۆکارەکانی چارەسەری بدۆزنەوە، نەک ببنە پارێزەری دوژمنی داگیرکەر و پارچەگەر.

دیموکراتیزەبونی کۆمەڵگەی باشور بۆ یەکیەتی تێکۆشانی هێزە سیاسیەکان و گەل و ڕۆشنبیران، وەرچەرخانێکی مەزن دەبێت لەڕێی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا و پێویستیشە بەگوێرەی بەرەوپێشچونی تێکۆشانی ئازادی خۆیان سەر ڕاست و یەکلایی بکەنەوە و واتا بە ئامانجی ئازادی نەتەوەیی و دیموکراتیک بدەن. داوا لە تورکیا و داگیرکەرانی کوردستان و سیستەمی جیهانی بکەن، هێرشەکانتان ڕاگرن، ناسنامەی کوردبناسن و خاک و نیشتیمانەکەی دان پێدابنێن و پێکەوە سیستەمێکی ژیانی ئازاد و پێکەوەیی دابڕێژن و ئارامی و ئاسودەیی بۆ کۆمەڵگەکەمان و نەتەوە جیاوازەکان و ژینگەیەکی گونجاو بنیات بنێین.

هەروەها چێکی بکە

ماندێلا و ئۆجالان؛ شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادیی”

پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەمام لە وتارێکدا بە ناونیشانی “ماندێلا و ئۆجالان: شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی …