مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سکاڵایان گەیەندە نەتەوە یەکگرتووەکان

شاندێکی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سکاڵای خۆیان گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان و  داوای هاوكاریی و فشاری نێودەوڵەتیی دەكەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

شاندێکی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شاری هەولێر، لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە  سەربە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی – عادل حەسەن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی پێشلکارییەکان و سزاکانی دەسەڵاتداران دەرهەق بە مووچەخۆران بە گشتیی و مامۆستایان بەتایبەتیی کرا و سکاڵایەکی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی درایە نەتەوە یەکگرتووەکان.

دەقى سکاڵاکە:

بۆ بەڕێز جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتیری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق
لە رێی نووسینگەی UNAMI لە هەولێر.
بابەت/ سكاڵا
سەرەڕای نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، خزمەتگوزاریی سەرەتایی، شكاندنی شكۆی تاك و تاكڕەوی لەبڕیاردان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای زیاتر لە ١٤٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن تا ئێستا وەڵامی داواكاریی مامۆستایانی نەداوەتەوە، كە ئەویش دابینكردنی مووچەیەكی شایستەیە لە كاتی خۆیدا و كەمترین پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی بۆ دابینبكات. لە كاتێكدا جاڕنامەی نێودەوڵەتیی بۆ مافەكانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ هەموو حكومەتێكی پابەندكردووە، كە بژێوییەكی شایستە بۆ هاوڵاتییەكانی دەستەبەر بكات، تاوەكو ئازادبن لە بیركردنەوە و بڕیاردان، تەنانەت ئەگەر بێكاریش بن.
ئەم قەیرانە نزیكەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و لەو ماوەیەدا حكومەت ١٥ مانگ مووچەی تەواوی پاشەكەوت كردووە و ٤٤ مووچەشی بە لێبڕینەوە دابەشكردووە. واتە بە كۆی گشتی هەر مووچەخۆرێكی شارستانی نزیكەی ٣٦ مووچەی تەواوی فەوتاوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزكردنەوەشیان ڕاگرتووە. هەروەها ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو هەن، كە بە مووچیەكی زۆر كەم كاردەكەن كە بەشی دابینكردنی لانی كەمی بژێوییەكی شایستە ناكات. بۆیە لە ئێستادا هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی ئابووریی سەختدا دەژین. ئەمەش كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر سەقامگیریی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروستكردووە.
وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو ستەمكارییانە، مامۆستایان و فەرمانبەران، لەگەڵ چینوتوێژە جیاجیاكاندا، بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانییان، پەنایان بۆ چەندین رێگەی شارستانیی ناتوندوتیژ بردووە. بۆ نموونە ڕێكخستنی چەندین چالاكیی وەك گردبوونەوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان. لە هەمان كاتدا پێشكەشكردنی دەیەها داواكاری بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسایەتییە حكومییەكان. بەڵام بەداخەوە نەك هیچ گوێگرتنێك و وەڵامدانەوەیەك نەبووە، بەڵكو دەسەڵات بەشێوەیەكی زۆر توند وەڵێ‌می خۆپیشاندەرانی داوەتەوە. چەندین چالاكوانیان دەستگیركردووە و ئازاریان داون. تەنانەت ژمارەیەكیشیان لێ شەهیدكردوون. چونكە لەكاتی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكاندا، بێ بەزەییانە و بێ دوو دڵی، تەقەیان لە چالاكوانە مەدەنییەكان كردووە. بۆیە تووشی بێ هیواییەكی گەورە بووین.
پاش ئەو هەموو ساڵە لە تێكۆشانی بەردەوام و قوربانیدان، ناچاربووین لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ەوە بایكۆتی دەوام بكەین. لە ئێستادا دەرگای قوتابخانەكان و هەندێك لە فەرمانگە حكومییەكانی هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و شارۆچكەی كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر داخراون و چارەنووسی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ی ئەو ناوچانە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەبری چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە، هەوڵ دەدەن بە فشار و هەڕەشە و سزادان دەیان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر ناچار بكەن بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان. بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانیش، كارپێكردنی زۆرەملێ جۆرێكە لە كۆیلایەتی مۆدێرن. ئەمەش زەوتكردنی بە بەرنامەی ئازادیی مرۆڤە و بە تاوان دادەنرێت. بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی ٢ی كانوونی دووەمی وەك ڕۆژی جیهانیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆیلایەتی لە سەرانسەری جیهان دیاری كردووە. لە هەمان كاتدا ماددەی چوارەمی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، هەموو جۆرەكانی كۆیلایەتیی قەدەغە كردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی “Walk Free” كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی ئوسترالییە و كاردەكات بۆ بنبڕكردنی هەموو جۆرەكانی كۆیلایەتی مۆدێرن لە سەرانسەری جیهاندا، كۆیلایەتیی بەڕێكەوت نییە، بەڵكو سیستماتیكە. ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا هیچ هەنگاوێكی بەرچاویان نەناوە بۆ چارەسەری قەیرانە جۆراوجۆرەكانی هەرێمی كوردستان، بە قەیرانە داراییەكەشەوە.
بۆیە ئێمە ئەم سكاڵانامەیە وەك زەنگێكی ئاگاداركردنەوە ئاراستەی بەریزتان دەكەین. بە دەنگێكی بەرز داوای هاوكاری و فشاری نێودەوڵەتی دەكەین. ئیتر كاتییەتی كە هەموومان هەستینە سەر پێ و هەنگاو بنێین، و بەشداری بكەین لە چارەسەرێكی ڕیشەیی ئەم قەیرانە درێژخایەنە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …