ئەمە تەنها جەستەیەلێرە!

حسێن علی شەریف

دارەكان لێرە بە لوتبەرزیەوە ئەنواڕنە دەریا و بە نازەوە بەدەم شنەی باوە ئەشەكێنەوە، چونكە لە زەویەكدا ڕەگیان داكوتاوە كە خاوەنی هەیە.
لە ئاوێك ئەخۆنەوە كە خودا سازگاری كردوە.
خەڵكانێك دێنە بن سێبەریان كە خۆشیان ئەوێت.
دارەكانی ئێمە وەك ئەوەی كە بێخاوەنن ، لە خاكێكیشدا ڕواون كە كەس ساحێبی نیە.
تەنها ڕاوچی و جەندەرمە و سەرباز دەڕۆنە بن سێبەریان.
لە بری ئاویش خوێنئەخۆنەوە و لەبری شنەی شەماڵیش دوكەڵی بۆمب و لە بری هەناسەش دوكەڵ هەڵئەمژن.
هەندێك جار لە خۆم ئەپرسم ئەرێ هەربەڕاستی من لە كوێدا ئەژیم؟
بۆچی بۆسۆی سوتاوی دارەكانی نیشتیمان هێشتا لێرە لوتم قانگ ئەدەن؟
بۆچی هێشتا بۆنی قەوزەی گەنیوی سیروانی وشكبوو دێتە لووتم؟
بۆچی هێشتا دوكەڵی پوشی سوتاوی زمناكۆ چاوم كوێر ئەكات؟
خۆ من لە ژێر ئاسمانێكی ساماڵ و سەردەریایەكی شین و ناو دارستانێكی چڕدا ئەژیم!
دواتر ئەزانم هۆكار چیە، ئەمە تەنها جەستەیە لێرە و ڕۆح هێشتا لەوێیە!
هێشتا ڕۆح لای ئەو دارانەیە كەجاران عاشقەكان وێنەی دڵ و تیرێكیان لەسەر هەڵئەكۆڵین و ئێستا جەندرمە لە بنا ئەیانبڕنەوە!
چیتان هێشتوەتەوە لەم وڵاتەدا هەرزانفرۆشی نەكەن؟
شەرەف، كەرامەت، ویژدان، خوێنی شەهید، هەر هەمویتان تاڵانفرۆشكرد، دە توخوا تەنها چوار پێنج دارێكمان ماوە مەیبڕنە شەرەفی نەبووی خۆتان!

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *