بەرپرسێکی یەکێتیی رایدەگەیەنێت،”چالاکی دەزگای هەواڵگیریی تورکیا لەناو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، ئەمەش مەترسیی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردوە”.
رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی بەغدادی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند “تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە هەرێم دەکات، فڕۆکەی بێفرۆکەوانی تورکیی بەسەر هەرێمدا دەسوڕێتەوە و مەترسیی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردوە، بەتایبەت هێرشی درۆنەکانی تورکیا ناوچە سنورییەکانی تێپەڕاندووەو و لەناو جەرگەی هەرێم خەڵک دەکاتە ئامانج.”
بەرپرسەکەی یەکێتیی جەختیشکردەوە: “بوونی میتی تورکیا لە ناو شاروشارۆچکەکان لە زیادبووندایە، ئەمە تەنها مەترسیی لەسەر سلێمانی دروست نەکردوە، بەڵکو بووەتە مەترسیی بۆ سەر هەموو کوردستان و قەوارەکەش. مەرج نییە هاوکارانی تورکیا کەسی تورک بن، ئەوەتا وەزیری بەرگریی تورکیا ناوی هێز و لایەنی سیاسیی دەهێنێت.”
وتیشی،”حکومەتی عێراق بۆ هەنگاوی کرداریی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان نانێت، دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە. ئایا ژێر بە ژێر دەستی لە هێرشەکاندا هەیە، یاخود هەڵوێستی بۆ وەرناگیرێت؟“
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدادی یەکێتیی راشیگەیاند: گەر بیانەوێت بەداخستنی فڕۆکەخانە و هێرش، یەکێتیی ناچار بکەن، تا چییان بوێت بۆیان بکرێت، یەکێتیی ئەمە ناکات.”