چاودێرێکی سیاسیی رادەگەیەنێت، “٣١ی ئاب خیانەتێکی مێژوویی گەورە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەستا بە پەلکیش کردنی سوپای دوژمن بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە سیاسییەکان”.
شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسیی، لەبارەی خیانەتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و کاریگەریی ئەو خیانەتە لەسەر دابەشبوونی کورد لە باشوری کوردستان و هەروەها دەربارەی بەردەوامیی خیانەتی پارتی تا ئەمڕۆ ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
٣١ی ئاب دابەشکردنێکی سیاسیی و جوگرافی دروست کرد
سەبارەت بە خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ٣١ی ئاب-ی ١٩٩٦، شێرزاد سەمەد چاودێری سیاسیی ئاماژەی بەوەکرد، ٣١ی ئاب وێستگەیەک بوو لە ژیانی سیاسیی و هەرێمی کوردستان کە وایکرد دابەش بوونێکی سیاسیی و جوگرافی کە بووە هۆی کێشەیەکی گەورەی نێوان دوو حیزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
پەلکێش کردنی سوپای دوژمن خیانەتێکی گەورە بوو
هێمای بەوەشکرد “کە لەوسەردەمدا لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن کرا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پەرلەمانێکی کوردیی دامەزرا، بەڵام پەلکێش کردنی دوژمن بە سوپایەکی گەورەی سەدام حوسێن بۆسەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی هەرێم کە ئەو رۆژە بەخیانەتێکی مێژوویی گەورە ناسرا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەو خیانەتە هەستا لەپێناو یەکلاکردنەوەی کێشەکان”.
دوژمنانی کوردی ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ فراوان کردنەوەی کەلێنەکان
ناوبراو باسی کاریگەریی خیانەتی ٣١ی ئابی لەسەر پێگە و پەیوەندییەکانی هەریمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە کرد و ڕایگەیاند: “لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئاسەواری ٣١ی ئاب ماوە بەسەر کاری سیاسیی، کە دەبینین لەئیستادا بۆ هەموو بابەتەکاندا دووکەوتنەوەیەکی فراوان هەیە لەنێوان هەردوو حیزبی سەرەکیی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاریگەریی کردوەتەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و هەرێیمەکانییش، هەرێمی کوردستان تەنانەت کاریگەریی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ بەغدادیش هەبووە کە ئەمە وایکردووە دوژمنانی کورد ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ فراوان کردنەوەی کەلێنەکان و نەتوانین داخوازییەکانی کورستانیان جێبەجێ بکەین”.
دەستێوەردانەکانی تورکیا رۆڵێکی نەرێنی زۆر خراپی هەبووە
شێرزاد سەمەد، ئاماژەشی بەدەستێوەردانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان کرد و وتی: ” دەبینین رۆژ لەدوای رۆژ دۆزی کورد لە پاشەکشەدایە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سنوردار دەکرێت، هەموو ئەمانە هۆکارەکەی دەستێوەرانی وڵاتانی هەرێمییە بەتایبەتیش دەستێوەردانەکانی تورکیا کە رۆڵێکی نەرێنی زۆر خراپی هەبووە، کە تورکیا توانیویەتی ئامانجەکانی خۆی بپێکێت لە لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و دوورکەوتنەوەی کورد لە هاوکاریی کردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان”.