پەژاک وەڵامی دژەتیرۆری پارتیی دەداتەوە

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پەژاک رایدەگەیەنێت، دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ وەک وتەبێژی میت دەجوڵێتەوە، گوێ لەدرۆکانی مەگرن.

ئەمڕۆ سێ شەممە، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) راگەیەندراوێکی بڵاوکردە و تیایدا ئاماژە بە هەواڵێکی دوو رۆژ لەمەوبەری دەزگای دژەتیرۆری پارتی  دیموکراتیی کوردستان ئەکات، لەبارەی ئەوەی گوایە لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە گوندی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهیدبوون، ئەو دەنگۆیەی بەدرۆخستووەتەوە و ئاماژەشی بۆ بەشێک لە کردەوەکانی ئەو دەزگایەی پارتی کردوە، کە پێشتر لە ١١ی ئابدا سێ هاووڵاتیی عەرەبی کە لە ئەنجامی بۆردومانێک لە نزیک ناڵپاڕێز شەهید ببوون، وەک گەریلا ناساندبوو.

پەژاک دەشڵێت: بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورک لە گیانی مرۆڤەکان گرینگترە.

ئەوە خراوەتەڕوو، “دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیاین و بەتایبەت چالاکانی مەدەنیی و ڕۆنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورک دەجوڵێتەوە.”

جەختیشی کردووەتەوە: ” ئەو دەزگایە بووەتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بەمیت کار دەکات و تەمرین و راهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ. هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاوبکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە“.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان؛

سەبارەت بە دوژمنایەتی دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک

ڕێکەوت: ٢٩-٠٨-٢٠٢٣

 

دوو ڕۆژ لەمەو بەر دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە گۆیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون. وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سرنج بۆ سەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین. لە ڕێکەوتی ١١ی ئەو مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ترکیەدا لە ڕێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەڕەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیا سێڵ بوون شەهید بوون، دەزگای بەناو دژەتیرۆری پارتی رایگەیاند ئەوانە گەریلا بوونە. کەچی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی تورک لە گیانی مرۆڤەکان گرینگترە.

دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و ڕۆنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورک دەجوڵێتەوە. ئەو ناوەندە مافیاییە دوای هەر هێرشێکی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەکەی بڵاو دەکاتەوە و هەندێ جار لە کاتی وەکوو دیدارەکەی هاکان فیدان لە عێراق و باشووری کوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاو دەکاتەوە کەچی ڕێک لەوکاتەدا بە هۆی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک مەرتەع و باخ و ڕەزەکانی پێنجوێن ئاگریان گرتبوو و پێویست بوو هەموو لایەن بەهانای خەڵکەوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام ئەوە نەتەنیا بایەخیان پێ نەدا، بەڵکوو وەک بەشێک لە دەزگای میتی تورک دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست. بۆیە پێویستە گەلی کورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێ.

هەرچەندە ئەوە چاوەڕوان کراو بوو و هەموو دەزانن کە ئەوە دەزگای حیزبێکە کە لە دانیشتنەکانی دوای ئاشبەتاڵ لە جیاتی وێنەی شەهیدانی ڕێگەی شۆڕشی کوردستان، وێنەی خومەینییان لە شوێنی کۆبوونەوەکان هەڵواسیبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵەکە لەسەر زاری  دەزگایەکی وەها لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە، بە پیویستمان زانی کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەین.

ئێمە ڕادەگەیێنین ئەو دەزگایە بۆتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بەمیت کار دەکات و تەمرین و راهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ. هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاوبکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە. ئەوە پێویستییەکی ڕاگەیاندنێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی  ڕۆژنامەوانییە. ڕۆژنامەوانی پیشەیە بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە پشتیوانی تێکۆشانێکی بەحەق. شیوازێکی پشتیوانی لە ئێمە دەکرێ بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستی دوژمنانی تێرۆریست بێ دەرحەقی ئێمە و ئەوەش لەبەرامبەر پیشەی ڕۆژنامەوانی بەربەست نییە.

ئێمە لە شۆڕشداین و بەردەوام هەموو هەواڵە خۆش و ناخۆشەکانی تێکۆشانمان بە زووترین کات بە ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیێنین. بۆیە داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە بە بیستنی هەر هەواڵێک، بە سەبرەوە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەواڵەکە پشتڕاست یان بەدرۆی بخەنەوە. بە هیوای ڕۆژانێک کە ناڕاستی و ناپاکی لە ژیانی مرۆڤەکان سەر روی زەوی بسڕدرێتەوە”.

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …