دیار غەریب، هێمای بەرخۆدانی گەلی باشووری کوردستان دژی فاشیزم

“لە هەموو ئەم قۆناغانەدا شەهید هەڵمەت وەک نموونەی باڵای بەرخۆدان و شۆڕش و کولتووری دژایەتی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشەنگایەتیی گەنجانی باشووری کوردستان گێڕاوە تا نەکەونە بن کاریگەری ئایدۆلۆژیای فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە”.

پاش ڕاپەڕین و ئازادبوونی باشووری کوردستان لە دەست بەعسییە فاشیستەکان، هەر حزبەو ئامانج و بەهاکانی شۆڕشی باشووری کوردستانی بۆ لای بەرژەوەندییەکانی خۆی کێش دەکرد، لەم نێوەندەدا هیوا و ئامانجە باڵا و پیرۆزەکانی گەلی کورد بنپێ خرا و ون کرا، لەم سەروبەندەدا،

لاوێک، نووسەرێک، ڕێبەرێکی گەنجانی باشووری کوردستان، سەری هەڵدا و بزووتنەوەی شۆڕشی کوردساتان و هێڵی ئاپۆیی ناسی.

شەهید هەڵمەت، ناوێکی ئاشنا و خۆشبێژی سەر زاری هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە

خۆی لە بارەی ئەو قۆناغەی باشووری کوردستانەوە دەڵێت:

”تا دەهات ڕەخنەکانم لەسەر یەنەکە و پەدەکە زیاتر دەبوو، باسی کوردایەتییان دەکرد، بەڵام باشووریان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان جیا دەکردەوە، ئەمانە بۆ من ناکۆک بوون، بەڵام لە درووشمەکانی پەکەکەدا بینیم پرسی کورد وەک یەک سەیر دەکەن لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئەمە بۆ من ڕاستتر بوو، بۆیە دەستم بە لێگەڕین کرد و نرخاندنەکانی سەرۆک ئاپۆم خوێندەوە لە بارەی سۆسیالیزم و نەتەوایەتی و پرسی کورد شتی نوێ بوون.”

شەهید هەڵمەت، ناوی تەواوی دیار غەریبە، لە ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی سێوسێنانی قەرەداغ لەدایک بووە، لە ساڵی ١٩٩٦ بەشی فیزیای زانکۆی هەولێری خوێندووە، شەهید هەڵمەت لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا دژی بەعسییەکان وەک گەنجێک ڕۆڵێکی گرنگ و باڵکێش دەگێڕێت، جگە لە خۆی برایەکی بە ناوی دلێر لە سەروبەندی ڕاپەڕیندا لە کەرکووک شەهید دەەبێت.

شەهید هەڵمەت سەرەڕای کار و خەبات لە نێو گەنجانی باشووری کوردستان، تەماشا دەکات ئەم ڕەنج و خەباتە ئامانجەکانی ئەو تێر ناکەن، سا بۆیە ساڵی ١٩٩٥ بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە دەبێت و ساڵی ١٩٩٧ لەگەڵ پۆلێک هەڤاڵی تر لە شام چاویان بە ڕێبەر ئاپۆ دەکەوێت و پەروەردەیەکی چڕوپڕی ئایدۆلۆژیی و فیکریی دەبینین.

هەڤاڵ هەڵمەت لە ناو تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەیدا چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی گرنگی هەبووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٤ دامەزرێنەر و ئەندامی ئەنجوومەنی دەستەی کارگێڕی پەچەدەکە بووە، له‌ كۆنگره‌ی چواره‌می پەچەدەکەدا وەک سه‌رۆک و لە کۆنگرەی پێنجیشدا وەک هاوسەرۆکی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان-پەچەدەکە هەڵبژێردراوە.

هەروەها له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ڕۆژی شه‌هیدبوونی، له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كە)ـدا، چەندین ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیی ڕێكخستنی له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، ئه‌ندامی کۆمیتەی ناوەندی په‌كه‌كه‌ و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه‌ بوو.

لە هەموو ئەم قۆناغانەدا شەهید هەڵمەت وەک نموونەی باڵای بەرخۆدان و شۆڕش و کەلتووری دژایەتی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشەنگایەتیی گەنجانی باشووری کوردستان گێڕاوە تا نەکەونە بن کاریگەری ئایدۆلۆژیای فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە و لە سەر بنەمای متمانە و باوەڕبەخۆبوون ڕاستینەی گەلەکەیان بناسن و بەرگری لە ئامانج و چاند و ڕاستینەی گەلی کوردستان بکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەهید دیار قەڵەمە بەبڕشت و تیژبینەکەی بوو، ئەو خاوەنی ئەم کتێبانەیە:

خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، کورتە مێژوویەکی عێراق و باشووری کوردستان، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، قەیرانی سیستم و پرسی پێشەنگایەتیی لە باشوری کوردستان، لەگەڵ مانیفستۆی گەنجانی باشوری کوردستان، جگە لە سەدان نوسین و لێکۆڵینەوە و کۆڕ و سیمینار و پەروەردەی چڕی گەنجانی باشووری کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان.

لە ساڵی ٢٠٢١، کتێبێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت چاپ کرا، بە ناونیشانی “دیار غەریب، مانیفێستۆی کەسێتیی ئازاد و شۆڕشگێڕی کوردستان”، کتێبەکە لە پێنج بەرگ پێک دێت، ژیاننامە و کۆوتار و چاوپێکەوتنەکانی هەڤاڵ هەڵمەت لەخۆ دەگرێت و لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووس ‘حەسەن جودیی’ـەوە ئامادە کراوە.

لە ڕۆژی ٢٦ـی حوزەیرانی ٢٠١٩ دەستی ناپاکان و دەوڵەتی فاشیستی تورک گەیشتە هەڤاڵ هەڵمەت و دوو لە هەڤاڵەکانی، کە دواتر کەجەکە ئاشکرای کرد، شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت بە بەرنامە و بەشداریی سیخوڕەکان بووە و دەبێت سزای خۆیان وەرگرن.

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …