پەدەكە بەنوێنەرایەتی دەوڵەتانی داگیركەر شەڕی گەریلا دەكات؟

هیوا ئەحمەد

” پەدەكە وەكو بۆمبێكی تەوقیت كراوە لەنێو جەرگەی كوردستان و رەنگە لەهەرئان و ساتێكدا لەلایەن نەیاراندا بەگەلەكەماندا بتەقێندرێتەوە”.

 بەگوێرەی سەرچاوە هەرێمیەكان پەدەكە، لەبەرواری ١٣-٩-٢٠٢٣ ژمارەیەك لەپێشمەرگەكانی بەچەكی سووك و قورسەوە بەرەو ناوچەی سیدەكانی سەر بەهەولێری جووڵە پێكردوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكرێت كە ئاخۆ ئامانج لەجووڵە پێكردنی ئەو هێزە چییە و چی لەهەگبەیاندا شاردۆتەوە بەرەو ناوچەكانی گەریلا كەوتوونەتە رێ. هاوكات هەربەگوێرەی ئەو سەرچاوانە دوێنێ واتا رۆژی ١٤-٩-٢٠٢٣ ئەو پێشمەرگانەی بەرەو سیدەكان جووڵەیان پێ كرابوو، پەلاماری  سەنگەرەكانی گەریلایان داوە.

چەند هەفتەیەك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیركەری توركی”هاكان فیدان”سەردانی هەر یەكە لەبەغداد، هەولێر و ئێرانی كرد و تەوەرەی سەرەكی سەردانەكانیش بەرەنگاربونەوەی گەریلاكانی ئازادی كوردستان و بزوتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان بوو.

لەوسەردانانەدا پیاوە سیخۆرەكەی تورك، هاكان فیدان رۆڵ و پیلانی هەریەكە لەو لایەنانەی سەردانی كردوون روون و تاوتوێ كردون و نەخشەی ئەوەیان داڕشتووە لەساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پەلاماری گەریلا بدەن و سەرچاوە و بنگەی سەرەكی سەرهەڵدانی هزر و فەلسەفەی شۆڕشەكە، كە ئەمڕۆكە بووەتە هیوا و ئاواتی گەلانی زۆڵملێكراو و بەتایبەتی ژنانی چەوساوە و بەكویلەكراو و بەو زەبرەش هەم تۆڵە لەگەریلا بكەنەوە، هەم هیوای گەلان بەئازادی و دیموكراسی و ماف و ئازادیەكانیان وشك بكەن و جارێكی تر هیواكانیان بەئازادی كاڵ و بێ كاریگەر بكەن. ئەمە ئەو پیلانەیە كە چەند رۆژ لەمەوبەر ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری پەكەكە، هەڤاڵ دەوران كاڵكان سەرەنجی بۆ راكێشابوو و پەدەكەی هۆشیاری كردەوە كە نابێت یاری بەئاگر بكات، چونكە یاری كردن بەوئاگرە پێشمەرگە و گەریلا رووبەررووی یەكدی دەكاتەوە و دەبێت شەڕی لێدەكەوێتەوە و هەڵگیرساندنی شەڕێكی ئاوەهاش لەم كاتە هەستیارەدا تەنیا خزمەت بەئەجیندای نەیاران و دۆژمنانی گەلەكەمان دەكات و كەس قازانج لەوەها شەڕێك نابینێت.

پەدەكە وەكو بۆمبێكی تەوقیت كراوە لەنێو جەرگەی كوردستان و رەنگە لەهەرئان و ساتێكدا لەلایەن نەیاراندا بەگەلەكەماندا بتەقێندرێتەوە.

گەلانی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەرەو یادكردنەوەی ساڵیادی شۆڕش نزیكبوونەتەوە و دەیانەوێت لەم ساڵیادەدا بەهێزێكی مەزنتر لەساڵی پار بڕژنەوە نێو شەقامەكان و لەبەرامبەر بەرژیمی فاشیست و دەڕندەی ویلایەتی فەقێ بوەستنەوە و زەبرێكی كاریگەری لێبدەن و بۆ دواوە هەنگاوی پێ هەڵێنن. بەهەمانشێوە گەلەكەمان لەباشوری كوردستان دژ بەنەدانی مۆچەی كارمەندان و پیشەوەران و گرانی بازار و شتومەك و بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی لەبەرامبەر بەدیناری نیشتیمانی عێراق راپەڕیون و بەگردبوونەوەی ناڕەزایەتی حكومەتی ماوە بەسەرچوو ریسوا و شەرمەزار دەكەن و بەو شێوەیەش دەستیان لەكارەكانیان هەڵگرتووە و ناچنەوە سەر كار و ئاڵۆزیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد پێ ناوەتە قۆناخیكی نوێیەوە.

ساڵی رابردوو لەم كاتەدا و بەداگیرساندنی یەكەم چەخماخەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەشاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان رژێمی داگیركەری ئێران بەبیانۆی دەستی دەرەكی و بەتایبەتی دەستوەردانی حیزبە كوردیەكان لەكاروباری ناوخۆی ئێران و رەوانەكردنی پێشمەرگەكانیان بۆ نێو ئاپۆرا جەماوەریەكان بەمۆشكی دوورهاوێژ بنكە و بارەگاكانی ژمارەیەك لەپارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی مۆشكەباران كرد و ژمارەیەك لەخەڵكە رەش و رووت و بەشە مەینەتیەكەی كورد بوونە قوربانی چاوچڵێسیەكانی رژێمی ئێران. دوابەدوای ئەوە رژێم بەمیلیتاریزەكردن و بەمیلیشیایی كردنی شارە كوردیەكان گەنجان و ژنان و پێشەنگانی شۆڕشی پەلامار و كۆمەڵكۆژی كرد و خەڵكێكی زۆریشی دەستگیر، بریندار كرد و بە بڕینەوەی سزای گران لەكۆنجی زیندانەكان  ئاخێنران. حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان و كاربەدەستانی ئەوسا و ئێستاشی لەناودا، لەشوێنی كاردانەوە و هەڵوێست وەرگرتن لەبەرامبەر بەو رژێمە فزەیان پێوە نەهات و خۆیان كەڕ و كوێر كرد و چاویان لەئاستی كردەوە نامرۆڤیەكانی ئەو رژێمە خوێنمژە داخست.

بەدرێژایی ئەم یەك ساڵە گەلانی ئێران و گەلی كوردی تێدا تێپەڕبوون وێرای هەموو زۆری و زەحمەتیەكان و ژانی لەدایكبوونی شۆڕشیان كێشا، حكومەتی هەرێم و كاربەدەستانی هەموو بۆنە و یاد و مەراسیمە تایبەتەكانی رژێمی ئێرانیان لەباشترین و راقی ترین مۆڵ و هۆڵ و تالارەكاندا كەبەدڵی رژێم بێ كردەوە و بەزێدەشەوە، هیچ كەمتەرخەمییەكیان نەنواند لەوەی كە براگەورە و خاوەن ماڵە راستەقینەكە”دەوڵەتی تورك و رژێمی ئێران” لێیان زەویر و دڵگران نەبن و لەتەڕ و وشك سەرستانیان بەدەمیانەوە بوون.

ئەم سلووكە لەسرشتی میرنشینی و دەست لەسەرسەنگ بوونە بۆ نەیاران پاشخانێكی مێژوویی دوور و درێژی هەیە و تەنیا گرێدراو بەئێستاكەوە نییە و لۆمەكردنیشی لەم كات و ساتەدا رەنگە زۆر جێگەی خۆی نەبێت. دەوڵەتی داگیركەری تورك وەك دەڕندەترین دەوڵەتی فاشیستی سەردەم ماوەی دوو ساڵە بەپێشكەوتووترین تەكنەلۆجیای شەڕ و لەناودا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و بایومتری و ترمۆدینامیك و چەكی ئەتۆمی ـ تاكتیكی لەبەرامبەر بەگەریلاكانی ئازادی كوردستان شەڕێكی داسەپاوی دەست پێ كردۆتەوە كە لەمێژوودا نموونەی نییە و رێبەر ئاپۆشی لەدنیای دەرەوە بەتەواوەتی دابڕیوە و بەهەموو چەشنێك پەلاماری گۆڕەپانی تێكۆشانی سیاسی و مەدەنی و راگەیاندنی و دام و دەزگا كۆمەڵایەتیەكان و تیرۆری كەسایەتیە پێشەنگ و شۆڕشگێڕەكانی گەلەكەمان لەباكوری كوردستان و رۆژئاوا و باشوری كوردستان دەدات. لەوەها كاتێكدا پارتی”پەدەكە”ژمارەیەك لەبێشمەرگەكانی بەرەو ناوچەكانی گەریلا بەچەكی سووك و قۆرسەوە دەخاتە جووڵە و حاڵەتی ئامادەباشیەوە. ئەم هەنگاوە لەم كاتە لەبەرامبەر بەگەریلا هاوشێوەی شەڕی خیانەتی ساڵانی ١٩٩٦ و ١٩٩٧مان بەبیردا دەێنێتەوە.

ئەوەی چەند رۆژ پێش ئێستا ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری پەكەكە، هەڤاڵ دەوران كاڵكانیش ئاماژەی پێكردوە، رەنگە گرێدراوی ئەم مەترسیانە بێت كە پەدەكە خۆی خزاندۆوەتە نێو ئەو پیلانگێڕییە مەترسیدارەوە، بۆیە هەڤاڵ دەوران رایگەیاند؛ نابێت پەدەكە یاری بەئاگر بكات، ئاگرێك كە هەموو لایەك دەسووتێنێت و پێش هەموو كەسێك خودی پەدەكە دەبنە سوتماكی ئەو ئاگرە. هاكان فیدان لەهاتنەكەیدا بۆ عێراق ویستی حكومەتی ناوەندی راستەوخۆ بەشداری پیلانەكەی دەوڵەتی توركی پێ بكرێت لەبەرامبەر بەبزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان”پەكەكە”، بەڵام كاربەدەستانی عێراقی ئەو هەڵەیان نەكرد و تۆپەكەیان پاس دایە نێو گۆڕەپانەكەی پەكەكە و رۆڵەكەیان بەپەدەكە راسپارد. ئێستاكەش پەدەكە دەیەوێت لەژێرناوی یاسای عێراقی و گۆایە ئەوانیش بەشێكن لەمەنزوومەی پاراستنی عێراق و لەژێر ناوی پاسەوانی سنور ئەو ئەركە بۆ دەوڵەتی تورك و دەوڵەتانی داگیركەری سەر خاكی كوردستان جێبەجێ بكات و لەپشتەوە پەلاماری گەریلاكان بدات. چوونەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووە لەناكاو و بەبێ پیلانی راگەیەندراوە و راگەیاندنی پێشوەختە بۆ بەغداد كە ١٤-٨-٢٠٢٣دا  بۆ بەغداد بەبیانۆی چارەسەركردنی پرسی مۆچە و بوودجە و پشكی حكومەتی هەرێم، لەبنەمادا پەیوەستە بەپیلانەی دژ بەگەریلا و دەیانەوێت رای گشتی گەلی كوردستان لەبابەت و رۆژەڤە سەرەكیەكەی نێو كوردستان بەدوور بگرن.

هەرچی رژێمی داگیركەری ئێرانە، بەدرێژایی ئەم یەكساڵە باس لە چەك داماڵین پارتە كوردیەكان دەكات و بۆ ئەوەش ١٩-٩-٢٠٢٣ی بەدوایین دەرفەت داوە بەهەردوو حكومەت. لەبەرامبەریشدا لەم چەند رۆژەی رابردوودا، هەم حكومەتی ناوەندی عێراق لەزمانی وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و هەم حكومەتی هەرێمی كوردستان لەزمانی وتەبێژەكەیانەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا رایانگەیاند كە پارتە كوردیەكان بۆ قوڵایی خاكی عێراق گۆازراونەتەوە. واتا لێرەدا تەنیا گەریلا ماوە كە ئەوان دەیانەوێت لەو بەروارە دیاری كراوە پەلاماری بدەن و بەقەوڵی خۆیان بێ چەكی بكەن. بۆیە ئەو هێرشە بۆ سەرگەریلاش لەژێر ناوی هەمان پیلان و پلانەوە پێكدێت كە بەناوی چەكداماڵینی پارتەكانی نەیاری دەوڵەتانی ئێران و تورك دەیانەوێت بەپەدەكە جێبەجێ بكەن.

 ئامانجی داگیركەران لەو هێرشەی بۆ سەر گەیلا چی دەبێت؟

لەهێرشەكەدا دیارە هاكان فیدان بەڵێنی بەدەوڵەتی عێراق داوە كە ئەگەر ئەوان وەكو حكومەتی ناوەندی هاوكار بن لەجێبەجێ كردنی پیلانەكەدا هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەك لەشێوەكان لەناوخودا چارەسەر دەكەن و بڕێك ئاو بۆ دامركاندنی ناڕەزایەتی خەڵك بۆ عێراق بەردەدەنەوە. لەئەگەری پێكهێنانی پیلانەكەی دەوڵەتی تورك ئەوا بەرەیەكی تری شەڕ لەبەرامبەر بە گەریلا دەكرێتەوە و هێزی گەریلا پارچەپارچە دەبێت و بەوەش دەتوانن بەئاسانی لەپەل و پۆی بخەن. دەوڵەتی ئێرانیش بەهەمان شێوە دەیەوێت لەساڵیادی شۆڕشدا بەهەررەنگێك بێت زەبرێك لە گەریلاكانی ئازادی كوردستان بوەشێندرێت؛ چونكە رژێمی ئێران گەریلا بە سەرچاوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین دەزانێت. لەم كاتەشدا هەر پەلامارێك و وەشاندنی زەبرێك لەگەریلا بۆ خۆی وەكو دەستكەوتێك دەبینێ. دەیەوێت بەو زەبرەی خەڵك چاوترسن و بێ هیوا بكات و و لەلایەكی دیكەوە رژێمی ئێران بەهاوكاری دەوڵەتی عێراق و لەژێر ناوی پاسەوانی سنوردا هەوڵدەدەن پێشمەرگەكانی پەدەكە و گەریلا لەشەڕێكدا بئاڵێنن و خۆیان سەیركەری شەڕەكە و پیلانە بن. هەرچی رژێمی ئێرانە لەكۆنەوە سنوری سیدەكان بەناوچە و قوڵاییی ستراتیژ و بەرژەوەندیەكانی خۆی دەبینی و نایەوێت دەوڵەتی تورك لەعێراقدا پێ بەو قووڵاییە بگات دەیەوێت پێش ئەوەی جەندەرمەكانی تورك بگەنە ئەو سنورانە، پێگە و شوێنی خۆی قایەم بكات. مەسرور بارزانی بەچوونەكەی بۆ بەغداد ویستی پەیامی ئەوە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات كە ئەو و حكومەتەكەی لەخەمی خەڵك و شایستە دارایەكان و مووچە و بوودجەیان دایە و بەوشێوەیە ئەو سەردانە وەكو دەسكەوت و قازانجێك بۆ درێژەدان بەحكومەت و دەسەڵاتداریەتی خۆی بەكاری بێنێ.

هەرسێ دەوڵەتی داگیركەری سەر كوردستان و لەناودا پەدەكە وەكو هێزێكی خائین و نۆكەری داگیركەران ئامانجیانە هێڵی و رێرەوی قەندیل، خنێرە، خاكوركوك بادینان لەیەكتری داببڕن و بەرپەرچی ئەو رێرەوەی گەریلاش بدەنەوە كە بەرەو هەرێمەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و …هتد پەلدەكێشێت و بەخەیاڵی خۆشیان بەو شێوەیە دەتوانن لەماوەیەكی كورتدا گەریلا تەفروتۆنا و تەسفیە دەكەن.

پەدەكە لەم پیلانەدا بەنوێنەرایەتی هەموو داگیركەرانی ناوچەكە دەیەوێت پەلاماری گەریلاكانی ئازادی كوردستان بدات و وەكو مێژووی هەمیشەیی لەخۆش خزمەتی بۆ داگیركەران، پیلانی تری قیزەون لەبەرامبەر بە بزوتنەوەی ئازادی و تێكۆشانی نەتەوەیی جێگا بگرێت.

 

هەروەها چێکی بکە

بۆ دووەمین ساڵیادی شەهیدی پێشەنگ مامۆستا شەماڵ

سەید خالید سەرەتا لە کەسەیەتی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بەرێزو وەفادارییەوە سەرجەم شەهیدانی رێی ئازادیی کوردستان، …