پارتی دیموکرات و قیادە موەقەتە لە دیدی د. قاسملۆوە

خیانەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنها بەرانبەر ئازادیخوازانی پارچەیەكی كوردستان نەبووە، بەڵكوو بەرانبەر هەر ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێك بووه، له هەر چوارپارچەی كورستان.”

دكتۆر عه‌بدوولڕه‌حمان قاسملۆ، له‌ نامیلكه‌یه‌كدا، كه‌ ساڵی ١٩٨١ بە هاوبەشی لەگەڵ عەبدوڵای حەسەن زادە نووسیوێتی، باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و قیاده‌ موەقەتە ده‌كات، له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. هێژای گوتنە ئەم کتێبە لە ژێر ناوی (خیانەتەکانی قیادە موەقەتە بە نەتەوەی کورد)ـە و لە چاپکراوەکانی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی ئێرانە.

خیانه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ته‌نها به‌رانبه‌ر ئازادیخوازانی پارچه‌یه‌كی كوردستان  نەبووە، به‌ڵكوو به‌رانبه‌ر هه‌ر ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێك بووه‌ له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كورستان. بۆ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م مێژووه‌ پڕ شه‌رمه‌زارییه‌، شه‌هید قاسملۆ له‌ كاتێكی هه‌ستیار و خراپدا دێنێته‌ گۆ و په‌رده‌ له‌ سه‌ر ئه‌و خیانه‌ت و خۆفرۆشییانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵدەماڵێ.

له‌ سه‌ره‌تای نووسینه‌كه‌یدا قاسملۆ، باسی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مووزی ساڵی ١٩٥٨ ده‌كات له‌ عێراق و ده‌ڵێت: (دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش ده‌رفه‌تێكی مێژوویی بۆ گه‌لی كورد هاته‌ پێش، تا بتوانێ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی به‌ده‌ست بێنێ له‌ چوارچێوه‌ی ئێراقێكی دیموكراتی، كه‌ ئه‌وكات پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ نهێنی خه‌باتی ده‌كرد. حكومه‌تی قاسم له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆر هه‌نگاوی به‌ كه‌ڵك و شۆڕشگێڕانه‌ی نا به‌ قازانجی خه‌ڵك و چینه‌ زه‌حمه‌ت كێشه‌كان، یه‌كێك له‌وانه‌ دابه‌شكردنی زه‌وی و زار بوو. له‌ ساڵی ١٩٦١ هه‌ندێك له‌ ده‌ره‌به‌گه‌كانی كوردستانی ئێراق، له‌ به‌رنامه‌ی ئیسڵاحاتی زه‌وی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدوولكه‌ریم قاسم ناڕازی بوون و ده‌ستیان دایه‌ چه‌ك و چوونه‌ شاخ. پاش ماوه‌یه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ چه‌كدارییه‌ی گرته‌ ده‌ست و درووشمی نه‌ته‌وایه‌تی و خودموختاری هه‌ڵگرت). 

دكتۆر قاسملۆ باسی هه‌ڵوێستی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات، له‌ دوای ده‌ستپێكردنی خه‌باتی باشووری كوردستان له‌و كاته‌دا، كه‌ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیوا و ئومێدیان به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی باشوور هه‌ڵچنی بوو، باسی ئه‌و هاوكارییانه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش ده‌كات بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و ده‌ڵێت: (كادر و مه‌سولانی ئێمه‌، چی ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ی وڵات به‌ نهێنی كاریان ده‌كرد، چی ئه‌وانه‌ی كه ئاواره‌ی كوردستانی ئێراق بوون، قورسایی كاری خۆیان خستبووه‌ سه‌ر تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ كوردستانی ئێراق. ئه‌و كادرانه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌ باشوور ده‌ژیان، ده‌سته‌ ده‌سته‌ ده‌هاتنه‌وه‌ بۆ كوردستانی ئێران و چه‌ك و پووڵ و ته‌قه‌مه‌نی و خواردن و جل و پێڵاویان كۆ ده‌كرده‌وه ‌و ده‌یانگه‌یاند به‌ براكانیان له‌ كوردستانی ئێراق. خه‌ڵكی كوردستانی ئێرانیش باش ده‌زانن ئه‌م هاوكاریانه‌ له‌ ژێر زه‌بروزه‌نگی ساواك كۆ ده‌كرایه‌وه‌).

دوای ئه‌م هاوكارییانه‌ی كادرانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خه‌ڵكی ئازادیخوازی ڕۆژهه‌لات دوور كه‌وته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی حه‌مه‌ ڕه‌زا شا و ده‌زگای هەواڵگریی ئێران ‘ساواك’ به‌هێز كرد و هێڵی خیانه‌تی هه‌ڵبژارد.

 پارتی دیموکرات و دەزگای هەواڵگریی شاهەنشاهیی ‘ساواک

دكتۆر قاسملۆ له‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌ده‌كه‌ و ساواكدا ده‌ڵێت: (ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی بارزانی به‌رانبه‌ر به‌ ئیمه‌ خراپتر ده‌بوو، ساواك خۆی خزاندبووه‌ نێو پارته‌كه‌، ئه‌وه‌ بوو ئه‌فسه‌ری به‌ناوبانگ سه‌رهه‌نگ مودەڕسی، له‌ ناوچه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر فه‌رمانی كرد  به‌ سه‌رۆكایه‌تی بارزانی، كه‌ هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌ سه‌ر سنوور دوور بكه‌ونه‌وه‌ و به‌ هیچ جۆرێكی هاتووچۆی ئێران نه‌كه‌ن و له‌وه‌ش زیاتر داوای كرد كه‌ له‌ ناوخۆی ئێران هیچ چالاكییه‌ك ئه‌نجام نه‌ده‌ن).

ڕێكه‌وتنه‌كانی نێوان مه‌لا مسته‌فا و شای ئێران نه‌یانتوانی ڕێگه‌ له‌ خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران بگرێت، خه‌ڵكی شاره‌كانی پیرانشار و بانه‌ و سه‌رده‌شت، ڕاپه‌ڕین، دوای ئه‌مه‌ش هه‌رزوو شا په‌نای برده‌ به‌ر مه‌لا مسته‌فا، هێزه‌كانی مه‌لا مسته‌فا شانبه‌شانی هێزه‌كانی ڕژێم به‌ دوای پێشمه‌‌رگه‌كانی دیموكرات ده‌گه‌ڕان. له‌ كاتی ڕاپه‌رینه‌كه‌ و دواتریش چه‌ندین كادر و پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموكرات، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی بارزانییه‌وه‌ ڕاده‌ستی ڕژیمی ئێران ده‌كران، یاخود شه‌هید كران، له‌ نموونه‌ی شه‌هیدكردنی سلێمانی موعینی و مه‌لا ئاواره‌ و چه‌ندینی تر.

دكتۆر قاسملۆ باسی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار ده‌كات و پێی وایه‌، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی ئێراقیش بێكه‌موكورتی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوور بوو له‌ جێبه‌جیكردنی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌. به‌ڵام به‌ هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌لا مسته‌فا و شای ئێرانه‌وه‌، جێبه‌جێ نه‌كرا و به‌ جیبه‌جێنه‌كردنیشی گه‌لی كوردی تووشی ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانی و كاره‌ساته‌ كرد له‌ ساڵه‌كانی دواتردا، تا بگاته‌ ئاشبه‌تاڵ، كه‌ دیسانه‌وه‌ شا سه‌پاندی به‌ سه‌ر مه‌لا مسته‌فادا.

مه‌لا مسته‌فا و نه‌وه‌كانی دوای خۆی و به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ وانه‌یه‌كیان له‌ ئاشبه‌تاڵه‌كه‌ی ١٩٧٤ وه‌رنه‌گرت، ئه‌وكات و ئێستاش له‌ هێڵی خیانه‌تن و درێژه‌ به‌و خۆفرۆشییه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستیان داوه‌تێ. به ‌درووستكردنی قیاده‌ موەقەتە، دیسانه‌وه‌ درێژه‌یان به‌ هێڵی خیانه‌ت دا.

دكتۆر قاسملۆ هه‌ر له‌و نامیلكه‌یه‌ باسی قیاده‌ موەقەتە ده‌كات و ده‌ڵێت: (دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئیران، بنه‌ماڵه‌ی بارزانی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌یان له‌گه‌ڵ گه‌لانی ئێراندا نه‌بوو، ته‌واوی حزب و ڕێكخراوه‌كانی ئێران، داوایان كرد ته‌واوی ئه‌فرادی قیاده‌ موەقەتە له‌ ئێران ده‌ر بكرێن، چونكه‌ له‌ زۆرینه‌ی جینایه‌ته‌كانی كۆن و تازه‌ به‌شدار بوون به‌رانبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر چی حزبی دیموكرات له‌ هه‌موو ئه‌وانی تر زیاتر شاره‌زای ئاكار و كرده‌وه‌ی ئه‌و تاقمه‌ بووین، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ستی به‌رپرسیارێتی، به‌رانبه‌ر به‌ چاره‌نووسی گه‌لی كورد و هه‌زاران ماڵی لێقه‌وماوی كوردانی ئێراق، كه‌ ئاواره‌ی ئێران بوون، له ‌فكری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ نه‌بووین، هه‌ربۆیه‌ له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ك دژی ئه‌وه‌ وه‌ستاینه‌وه‌ كه‌ كورده‌ په‌نابه‌ره‌كان له‌ ئێران ده‌ر بكرێن، هه‌روه‌ها له‌ كۆنفرانسی گه‌لانیش له‌ تاران، كه‌ نوێنه‌ری حزب و لایه‌نه‌كان تیایدا به‌شدار بوون، دژی هێرشكردنه‌ سه‌ر قیاده‌ موەقەتە ڕاوه‌ستاین وه‌ك حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران).

ناپاکیی قیادە موەقەتە بەرانبەر پێشمەرگەکانی دیموکرات

 قیاده‌ موەقه‌ته‌ و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هه‌میشه‌ له‌ كاتی لاوازیدا په‌نایان بۆ كوردی پارچه‌ جیاوازه‌كان بردووه‌ و داوای هاوكارییان كردووه‌‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئاغاكانیان و ده‌زگا هەواڵگرییەکان ئه‌ركداریان کردبن، دووباره‌ چوونه‌ته‌وه‌ به‌ره‌ی دووژمن. دكتۆر قاسملۆ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: (سه‌ره‌تا قیاده‌ موەقەتە پێیان وتین كه‌ به‌بێ موافه‌قه‌تی ئێمه‌ هیچ كارێك ناكه‌ن و ئاماده‌ی هه‌ر هاوكارییه‌كی ئێمه‌ن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ پاوه‌ درووست بوو، چه‌ك و ئازووقه‌مان نارد بۆ پاوه‌، به‌ڵام چه‌كدارانی قیاده‌ موەقەتە له‌ دزڵێ، ڕێگه‌یان له‌و قافڵه‌یهی‌ ئێمه‌ گرت كه‌ ده‌ڕۆشتن بۆ پاوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و خیانه‌ته‌ی قیاده‌ موەقەتە نه‌بوایه‌ و شۆڕشگێڕانی كورد كۆمه‌كیان پێبگه‌‌شتایه‌ له‌ كاتی خۆیدا، ئه‌وا چاره‌نووسی شه‌ڕی كوردستان جۆرێكی تر ده‌بوو. دوای ئه‌وه‌یش شه‌ڕ به‌ربڵاو بوو له‌ هه‌موو كوردستان، چه‌كدارانی قیاده‌ موەقەتە، له‌ پێشه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ركوتكاره‌كانه‌وه‌ بوون).

چه‌كدارانی قیاده‌ موەقەتە، به‌بێ هیچ پره‌نسیپێك دژی هه‌موو كوردێكی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ بوون، هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر سنووره‌كانی كوردستان، كێشه‌یان بۆ خه‌باتگێڕانی كورد درووست ده‌كرد به‌ فیتی داگیركه‌ران و په‌لاماری شۆڕشگێڕانی كوردیان ده‌دا به‌بێ جیاوازی. له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ پلانگێڕی دژی ئازادیخوازان. شه‌هید قاسملۆ باسی خیانه‌تێكی تری به‌ كرێگیراوانی قیاده‌ موەقەتە ده‌كات له‌ ساڵی ١٩٨١، ده‌ڵێت: (به‌ كرێگیراوانی قیاده‌ موەقەتە به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت بچنه‌وه‌ بۆ ئه‌ودیو، له‌شكرێكی زۆریان به‌ره‌و دزڵێ به‌ڕێ خست، پێشمه‌رگه‌كانی ئێمه‌یش پێشیان پێ نه‌گرتن، به‌ڵام به‌ كرێگیراوانی قیاده‌ موەقەتە زۆر نامه‌ردانه‌ له‌و دڵپاكییه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن و له‌ به‌رزاییه‌كانه‌وه‌، به‌ هه‌موو توانای خۆیان بنكه‌ و باره‌گاكانی حزبی دیموكرات له‌ دزڵێ به‌ر ده‌ستڕێژ ده‌ده‌ن، له‌ ئاكامی ئه‌مه‌یشدا پانزه‌ پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ شه‌هید و بریندار ده‌كرێن ).

دكتۆر قاسملۆ له‌ كۆتایی باسی قیاده‌ موەقەتە، پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئایا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی چیان ده‌وێت له‌ گیانی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت (قیاده‌ موەقەتە له‌ كاتی هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ ئازاده‌كراوه‌كان، به‌ سه‌رۆك جاشه‌كانیان وتووه‌، ئێوه‌ ته‌نیا مه‌سولییه‌تی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن، ئه‌گینا شه‌ڕه‌كه‌ ئێمه‌ ده‌یكه‌ین. ده‌یشڵێت پێویسته‌ هه‌موو گه‌لی كورد و به‌ تایبه‌تی كوردی باشوور له ‌بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بپرسن ئایا به‌م كارانه‌ كوردی ئێراق ڕزگار ده‌كه‌ن؟)

له‌ كۆتاییدا ده‌توانین بێژین خیانه‌ت و به‌ كرێگیراوێتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و په‌ده‌كه‌ و قیاده‌ موەقەتە، ته‌نها له‌ پارچه‌یه‌كی كوردستان نه‌بووه‌، ئه‌مه‌یش له‌و هه‌قیقه‌ته‌ دڵنیامان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ده‌سكه‌لای ده‌زگا هەواڵگرییەکانن و دژی هه‌موو كوردێكی ئازادیخواز بەكار هێنراون. ئه‌م نامیلكه‌یه‌ی دكتۆر قاسملۆیش ئه‌و وته‌یه‌مان بۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وە كه‌ به‌ ڕاستی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی خۆفرۆش و به‌ كرێگیراو نیین، به‌ڵكوو خۆیان دوژمنه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كوردن، چونكه‌ له‌ هه‌رپارچه‌یه‌كی كوردستان و له‌ هه‌رقۆناغێكدا، هه‌وڵی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی درابێت، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان داوه‌.

 

هەروەها چێکی بکە

كاروبارە تەندروستییەكانی هەرێمی کورستان بووە بە بازرگانیی

ئەبوبەكر مەجید سیستەمی تەندروستیی بابەتێکی گرنگە بۆ مرۆڤ، بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لە گەڕاندابووە بۆ …