ئەنجامنامەی کۆنگرەی یەکەمی رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئەوروپا

ئەنجامنامەی کۆنگرەی یەکەمی رێکخستەنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان   لە ئەوروپا

 

ئاشکرایە بارودۆخی ناوچەکە و جیهان، لە ناجێگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدایە، شەڕێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، دۆخێکە مرۆڤایەتیی لەبەردەم هەڕەشەیەکی ترسناکی ژیان کردن ڕاگرتووە، ئەم هەلوومەرجە گەلێک هەستیار و چارەنووس سازە. ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەکەمان چەقی قورسایی ئەم ناکۆکیی و بەریەک کەوتنەیە، کورد و کوردستانیش لەناو ئەم تابلۆ سیاسیی و سەربازییەدا پشکی گەورەی بەرکەوتووە.

دووژمنانی ئازادیی کورد، لەهێرش و گەمارۆدانی گەلی ئێمە و دەسکەوتەکانی درێخیی ناکەن، ڕۆژانە هێرشی داگیرکاریی و ستەم و نادادییەکان بەردەوامیی هەیە و گەلی ئێمە و شۆڕشگێڕەکانی لەبەرخۆدان و خەباتی بێوچاندان.

لەم هەلوومەرج و بارودۆخە هەستیارەدا، لە بەرواری١١ تا ٢٠٢٣/٨/١٣ بەبەشداریی نزیکەی سەد کەس، لە ئەندامان و وڵاتپارێزان، بە دروشمی (بەڕێکخستن بوون و ئیرادەی ئازاد، تێکۆشانی دیموکراتی فراوان دەکەین) یەکەمین کۆنگرەی رێکخستەنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئەوروپا – سوید ئەنجامدا.

لە کۆنگرە جەخت لەوەکرایەوە کە وێڕای هەموو ئەو فاکتەرە جیهانیی و ناوچەییانە کە باسکران، کاریگەریی سلبیی لەسەر کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان هەیە، بەڵام هۆکارە ناوخۆییەکانیش دەبێ ببینرێن و بەوردیی لەسەریان ڕاوەستەبکرێت. لە کوردستان و عێراق بەردەوام سیاسەتی نادادیی و پێشێلکاریی ماف و ئازادییەکانی گەل بەڕێوە براوە، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، دۆخی ژیانی خەڵك، لەماوەی سیی ساڵی رابردوودا، شێوازی فەرمانڕەوایی و زهنیەتی دەسەڵاتداریی قۆرغكار و خۆسەپێن و نادادیی کۆمەڵایەتیی بووە. لەبنچینەدا دەسەڵاتێکی ستەمکار و  بەرژەوەندییخواز و وابەستە بەداگیرکەران بووە. هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسیی کە خۆی لە ئیسلامی ئیخوانیی، داعش و سەلەفی دەنوێنێت، کۆمەڵگە بەرەو عەقڵیەتێکی دۆگما دەبات و دووری دەخاتەوە لە بییرکردنەوەی ئازادانە و برەو بە گوتاری توندوتیژیی و کولتووری ڕق و جیاکاریی دژی کۆمەڵگە و گەنج و ژن و ماف و ئازادییەکانیان دەدات! لەو ڕێگەیەوە دۆخێکی وادەخوڵقێنن کە خەڵكی کوردستان لەژێر ناوی ئیسلامییەتی ساختە بکەونە خزمەتی داگیرکەرانی کوردستان.

 کۆنگرە باسی لە دۆخ و پێگەی ژنانی لە کۆمەڵگەی باشوور، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ڕاوەستەکردن لەسەر دۆخی ئارامیی و ئاسایشی کوردستان و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و تورکیا، بەتایبەت ئەو دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورکیا کە دەیکاتە سەر وڵاتپارێزان و خەباتکارانی ئازادییخوازی کورد بە هاوکاریی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ھەروەها بە پێی ئەو دۆخەی کە لە کوردستان و ناوچەکەدا تێپەڕدەبێت، پێویستیی بە تێکۆشان هەیە، لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە، کۆنگرە باسێکی بەرفراوانی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی رێکخستن بوون کرد، پێداگریی لەسەر ئەوەکرا کە پێشخستنی بواری رێکخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی شۆڕشگێڕیی و پەروەردەیی، رێگەچارەی هەنوکەیی تێکۆشانی رزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە.

کۆنگرە جەختی کردەوە کە لە ئەوروپا، ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی باشووری كوردستان و ماتەوزەی بەرچاوی کاروخەباتی تیادایە، ئەم  ماتەوزەیە گرنگە بخەینەگەڕ و لەناو کاروخەباتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، هێزی خۆیان زیاتر و زیاتر بەتین بکەن. لە قۆناغی ئەمڕۆماندا رێكخستنێكی تۆكمە لە ئەوروپا كە پشت بە هێز و ئیرادەی گەل ببەستێت و بە تێكۆشانێكی دیموكراتییك و بە دوور لە دەمارگرژیی و بە خوێندنەوەی قوڵی رووداوەکان، دەتوانێت ئاڕاستەی گۆڕانكارییەكان بەرەو دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراتییك و جەماوەریی بگۆرێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆنگرە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی لە كەش و هەوایەكی گەرم و شۆڕشگێرانەدا پەسند كرد.

بڕیارەکانی یەکەمیین کۆنگرەی رێکخستەنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات بەم شێوەی خوارەبوون:

١/تێکۆشانی هەمەلایەن لە دژی داگیرکاریی کوردستان، لە دەرەوەی وڵات و پێشخستنی تێکۆشانی هاوبەش لەگەڵ لایەن و رێکخستنە دیموکراتییەکان و ئازادییخواز لە باشوری کوردستان و عێراق لە پێناوی بەرقەرارکردنی ئازادیی و دیموکراتیی لە وڵات.

٢/ تێکۆشان بۆ ئەوەی کورد لە دیاسپۆرا، ببێتە هێزی پاڵپشتی خەباتی دیموکراتیی و ئازادیی لە ناوەوەی وڵات،  ئەمیش بۆ ئەوەی ڕەوەندی کوردیی لە دەرەوەی وڵات بە ناسنامەی ڕاستەقینەی نەتەوەیی و بەها کۆمەڵایەتیی، دیموکراتییک و بەدەستهێنانی مافەکانی بناسێندرێت و بژیت.

٣/تێکۆشان دژی گۆشەگیریی لە ئیمرالی و هاوکات پێشخستنی کاروخەبات بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

٤/پێشخستنی چالاکی هاوبەشی نەتەوەیی لەگەڵ لایەنە سیاسیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و دەزگا کولتووریی و فەرهەنگییەکان و بەشداریی لەسەرجەم ئەو چالاکییانەی لە پێناو بەدەستهێنای مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئەنجام دەدرێت.

٥/دروستکردنی کۆمیتە، ئەنجومەن و رێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی لە وڵاتانی ئەوروپا و پێشخستنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لە ناو گەلدا.

٦/بە سیستەم کردنی پەروەردە و پێشخستنی پەروەردە لە ناو ئەندامان و لایەنگران و وڵاتپارێزان.

٧/ دروستکردنی گرووپێکی هونەریی تایبەت بە باشوری کوردستان، لە پێناو پێشخستنی هونەری وڵاتپارێزیی لە دەرەوەی وڵات.

٨/ دروستکردنی سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و رەنگی ئازادییخوازان لە ئەوروپا.

٩/لە پێناوی گەڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئازادانەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردستان تێدەکۆشێت و هەروەها بۆ بەدەستهێنانەوەی ناسنامە و ئیرادەی ئازادیی ژن لەبەرامبەر زهنیەتی پاشکەوتوو دژە ژن و رێگریی کردن لە کوشتنی ژنان تێدەکۆشێت.

١٠/ چونکە پرسی ژینگە پرسێکی جیهانگیریی و سەرتاسەرییە، هیچ سنوورێک ناناسێت، بۆیە تەڤگەری ئازادیی هەوڵی ئەوە دەدات لە ناوەندەکانی بڕیار و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان پرسی ژینگەپارێزیی بووروژێنێت و لە سەرووی خەبات و تێکۆشانی خۆیەوە دادەنێت و هۆشیاریی ژینگەپارێزیی لە نێو کۆمەڵگەدا بەرزدەکاتەوە و پێشیدەخات.

کۆنگرە، بڕیاری لە چەندین پلاننامە و بەرنامەی مەیدانەکانی تری کاروخەباتدا،  وەک: (ڕێکخستن و کۆمەڵایەتیی، ژنان، ژینگەپارێزیی، گەنجان و هونەریی و کولتووریی،…هتد)

پاشان کۆنگرە، لە ناو جۆش و خرۆشی شۆشڕگێرانە، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.

بەڕێوبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان- دەرەوەی وڵات

٢٠٢٣/٨/١٣

 

 

هەروەها چێکی بکە

حسێن کەرکوکی: سەردانەکەی ئەردۆغان سووکایەتیی کردنە بە گەل و دەوڵەتی عێراق

بەرپرسی نووسینگەی بەغدادی  تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق سووکایەتیی کردنە بە …