بەرخۆدانی کفری مسۆگەرسەرکەوتن بە دوای خۆیدا دەهێنێت

تارا حسێن

بۆ داوا کردنی مافەکانت پێویستت بە شەڕ و بارەگا سوتاندن و جوێندان نییە، ئەوەندە بەسە بەشێوەیەکی ڕێکخراو، بە پلان و بەرنامە بە شێوەیەکی مەدەنییانە و بە پرەنسیپ داوای مافەکانت بکەیت، بەڵام چۆن؟

گرنگە بێ جیاکاریی  پێکهاتە و ڕەگەزەکان بەشداریی هەبێت، لەو گۆڕەپانەی چالاکیی تیادا ئەنجام دەدرێت، پلانێکی بەڕێوەبردن هەبێت، ململانێی حیزبیی و کەسانی پۆپۆلیست ڕێگەی پێ نەدرێت، ڕێگە بدرێت بۆچوون و بەشداریی لایەنە سیاسیی و کەسە سیاسییەکان، بێ جیاوازیی با هەڵوێستی هەمووان دیار بێت.

گرنگە داواکارییەکان بچووک نەبن و بنکەی گرفتەکان قسەی لەسەر بکرێت، وەک کێشەکانی سیستم و بەڕێوەبردن، لە هەمووان گرنگتر ئەو دەستەیەی سەرپەرشتیی دەکەن، کەسانی بەهێز و خاوەن ئیرادەی بەرز و ئازاد بن، لەهەر ئایدیا و ڕەنگێک هەن با هەبن، گرنگ لەو شوێنە هاووڵاتیین و پێکەوە بە یەک دەنگ و گوتار داوای مافێکی گشتیی دەکەن، نەک بەرژەوەندیی هەرزانی کەسیی و حیزبیی.

هەروەها سیستمێک بۆ خواردن و خەوتن و تەنانەت ئێشکگرتن، پاراستنی ژینگەی ئەو شوێنە، پێداگریی و سازش نەکردن لەسەر داواکارییەکان، بە گرووپ پێشوازیی میوان و بە گرووپ گفتوگۆ و بەشداریی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بۆ ئەنجامەکان و پێوەری بەرژەوەندییە گشتییەکان بە ڕای زۆرینە بڕیاردەربن. هەروەها گرنگە کە تاکتیکەکانی دەسەڵات بناسرێت بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییە مەدەنیی و دیموکراتییەکان و بەتاڵ کردنەوەی سیحرەکانیان.

هەوڵ بدرێت جگە لە نوخبە و چالاکوانان، ئەو مەیدانە ببێت بە مەیدانی هەمووان، دایکان و ژنان و گەنجان رۆڵی سەرەکییان هەبێت، گەنجانێکی هۆشیار و بە پرەنسیپ پێشەنگایەتیی بکەن.

ئەوانە و زۆر خاڵی تر لە چالاکیی کفریدا بینیمان، ئەو دەسەڵاتە ناچارە وەڵامیان بداتەوە، بە پێچەوانەوە ناچارە لەو شارە ڕۆژەکانی پوکانەوەی خۆی بژمێرێت، ئەبێت هەموومان بڵێین سوپاس بۆ کفری، سوپاس شاری ڕۆشنبییران، سوپاس شاری شەهیدان، شاری خالید گەرمیانیی و مامۆستا شەماڵ، خوێنی شەهید ئاکۆ و شەهید شڤان بەفیڕۆ نەچوون، ئەوەتا هاوڕێکانیان مۆدێلی جوانتریین و دیموکراتیی تریین  دەربڕینی ناڕەزایەتیی، پێشکەشی هەولێر و سلێمانی و ڕاپەڕیین دەکەن.

ئەکرێ بڵێین، ئەوەی بەڕاستیی داوای ڕەوای هەیە یان با بێدەنگ بێت یان وەک کفری بە دەنگ بێت، لێرەوە دەستی یەک بە یەکی ئەو برا و خوشکانە دەگوشین کە نموونەی بەرزی ئیرادە و کۆمەڵگەی دیموکراتییکیان پێشکەشکرد، دەستی هەموو ئەو دایکانە ماچ دەکەین کە گەنجی وایان پەروەردە کرد و پێشکەشی مرۆڤایەتییان کرد.

سی (٣٠) ڕۆژە کفری لەسەر پێیە، گوتار و دروشم و داواکارییەکانیان هێندە جوان بوون، هەمووانیان ناچار کرد بێدەنگ نەبن و پاڵپشتیی خۆیان دەرببڕن، لە هەموو ئەوانە جوانتر دوای بینینی بەرپرسان و بەڵێنی باش پێدانیان، هێشتا سورن لەسەر مانەوەی چادرەکە تا جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان، بەرخۆدان مسۆگەرسەرکەوتن بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هەروەها چێکی بکە

كێ وای كرد ڕۆح لە باشوردا نەمێنێ؟

تارا حسێن شەهید لە دوای شەهید کەسانی سڤیل و بێ چەك، گوندنشین، هەنگەوان، دوكاندار، جوتیار …