تەڤگەری ئازادیی لە ھەشتەمین ساڵی کۆمەڵکوژیی زارگەلییدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

لە ھەشتەمین ساڵی کۆمەڵکوژیی زارگەلییدا نەفرەت لە دەوڵەتی تیرۆر و فاشستی تورکیای داگیرکەر”

ھەشت ساڵ لەمەوبەر لەبەرەبەیانی ٢٠١٥/٨/١ لەرۆژێکی وەک ئەمڕۆدا فڕۆکە جەنگییە تاوانکارەکانی دەوڵەتی ئەردۆغانی کوردکوژ، کۆمەڵکوژییان لە گوندی زارگەلیی بناری قەندیل سەر بە شارۆچکەی وەرتێ ئەنجامدا، کە بووە ھۆی شەھید بوونی ھەشت ھاووڵاتیی سڤیل و دەیان برینداری لێکەوتەوە و چەندیین خانوو ئوتۆمبێلی ھاووڵاتییانی ئەو گوندە لە ناوچوون.

دەوڵەتی تورک، رۆژ نییە تاوان و کۆمەڵکوژیی و تیرۆر ئەنجام نەدات، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، بە ھەموو شێوەیەک داخوازیی و چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لەخەڵکە وڵاتپارێز و ئازاکەی بۆ ئەوەی بە تەواویی ھەژموونی داگیرکاریی خۆی لە باشووری کوردستان و عێراق بسەپێنێت.

سوپای داگیرکەری تورکیا، تەنھا لەو دەڤەرە کە بەسەدان کیلۆمەتر لەسنورەکانی دوورە بەدەیان ماڵ و ئوتۆمبێلی ھاووڵاتییانی کردوەتە ئامانج، لە رێگەی کورتەک و دۆڵی باڵەیان و بناری قەندیل، بەدەیان ھاووڵاتیی لە ژن و منداڵ شەھید بوون، لە کونەماسی و چەمچەماڵ، مەخمور و شیلادزێ و بادینان و ناوچەکانی دیکە ھاووڵاتییان دەکاتە ئامانج، بەو ھۆیەوە سەدان ھاووڵاتیی مەدەنیی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوونەتە قوربانیی، بەسەدانیش بریندار و کەمئەندام بوون و بەدەیان گوند چۆڵکراون و روخاون و پڕۆژەی ئاو کارەبا و رەزوباغ سوتێندراون.

ئەوە لە کاتێکدایە، نە حکومەتی ھەرێم، نە پەرلەمان و نە حکومەتی عێراق تا ئێستا ھەڵوێستێکی جددییان نەبووە، ساڵی پار لە سەیرانگای پەرخ لە سنوری پارێزگای دھۆک نۆ ھاووڵاتیی بە رەگەز عەرەب  کەوتنە بەر بۆمبارانی فڕۆکەی تورکیا و شەھید بوون، لە بەرامبەر ئەو بۆمباران و کۆمەڵکوژیی و پێشێلکارییانەی سوپای تورکیا بەتایبەت دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم، بەردەوام ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانەیان پەردەپۆش کردوە و مافی ئەو خەڵکەیان کردوەتە قوربانیی بەرژەوەندییە حیزبی و ئابورییەکانیان، جگەلەوەش ناڕەزایەتییەکانی گەلیشیان سەرکوتکردوە.

دەبێت ھەموولایەک، ئەو راستییە بزانن کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا زۆر لەوە گەورەترە، تەنھا بە پاساوی شەڕی گەریلای ئازادیی کوردستان پەردەپۆش بکرێت، کە ئەمڕۆ تاکە ھێزە رووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوەتەوە، ئێمە لەسەر خاکی خۆمانیین، کورد لە رۆژئاوا و لە باکور لەسەر ماڵوحاڵی خۆیانن، بەڵام ھێرشیان دەکرێتەسەر و دەکوژرێن، ئەوەی تورکیا دەیکات دژ بە ھەموو یاسا و رێسایەکی مرۆڤایەتیی و نێودەوڵەتییە. پێویستە دەنگی نارەزایەتییمان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی گەلی عێراق و رۆژئاوای کوردستان و ھەموو ئازادییخوازان لە دژی ئەو داگیرکاریی وکۆمەڵکوژییانەی فاشیزمی تورکیا بکەینەیەک، ھەرگیز ھاوپەیمان و پشت و پەنای ئێمە داگیرکەران نیین، بەڵکو گەلانی ئازادییخواز و دۆستەکانمانن.

جارێکیتر لەو رۆژەدا کە کۆمەڵکوژیی گوندی زارگەلیی تیادا ئەنجامدراوە، بەشکۆ وە یادیان دەکەینەوە، داوا لەسێ سەرۆکایەتییەکەی حکومەتی عێراق دەکەین پێویستە رۆڵی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان بگێڕن و خوێنی ھاووڵاتییان و شکاندنی سەروەریی وڵات ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت، ھەر ھێز و لایەنێک بیانو و پاساو بۆ ھێرشی داگیرکەران بهێنێتەوە مانای خیانەتە لە گەل و نیشتیمان، بەو هۆیەوە داوا لەتەواوی کەسایەتیی و ھێزە نیشتیمانییەکانی عێراق و کوردستان ئەکەین لە ئاست ئەو پێشێلکاریی و جینۆسایدانە چیتر بێدەنگ نەبن.

بێدەنگیی و بێ ھەڵوێستیی مانای شکاندنی ئەو سۆز و پەیمانەیە کە بە گەل-تانداوە.  لێرەوە بە پێویستی ئەزانیین لەسەر مەزاری شەھیدانی کۆمەڵکوژیی گوندی زارگەلیی و شەھیدانی کورتەک و بناری قەندیل کە بە بۆمباران و فڕۆکەی تورکیا شەھید کراون، سەرەخۆشیی خۆمان لە تەواوی بنەماڵەی شەھیدان بکەین.

 نەمریی و سەربەرزیی بۆ شەھیدان

شەرمەزاریی و نەمان بۆ داگیرکەران و خیانەتکاران

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان-ئەنجومەنی ھەرێمی راپەڕیین

١/٨/٢٠٢٣

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی سەردانی حیزبی پێشکەوتنخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد

شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی حیزبی پێشکەوتخوازیی دیموکراتی کوردستانی کرد، هەردوولا لە بارەی رەوشی …