ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: پەیوەندیی نێوان تیمی یەکێتیی و پارتی لە ناو وەزارەت پچڕاوە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان تیمی یەکێتیی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە، کاری پێکەوەیی نەماوە و یاسا و رێساکان پێشێل دەکرێن.

لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: “پەیوەندی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و رێز و حورمەت نەماوە، وەزعێکی زۆر خراپە”.

رەنگدانەوەی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گواستنەوەی بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2018 ەوە سەرقاڵی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بە نیشتمانیکردنین.

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و رەنگدانەوەی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتووەتە ئاستێک، نزیکەی ساڵێکە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وەزارەتەکەی دەوام ناکات، لە کاتێکدا هێشتا دەست لەکارکێشانەوەکەشی قبوڵ نەکراوە.

لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە، دەڵێت: “بریکاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە و وتویەتی، دەبێت پشکی یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە 57٪ بۆ پارتی و 43٪ بۆ یەکێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و 50 بە 50 کاتی خۆی و لە دۆخێکی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە”.

هەروەها وتیشی: “بڕیارەکەی بریکاری وەزارەت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی 70و 80 ش دەبێت، کاریگەریشی لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن دەبێت کە بە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی کردووە”.

بەپێی وتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی ئەوەی گەیاندووەتە بریکاری وەزارەتەکەی لە پشکی پارتی، ئەگەر پێشتر بیرۆکەی زیادکردنی پشکی پارتیتان هەبووە بە رێژەی 57٪ بەرامبەر بە 43٪ ، دەبووایە پێش واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەشتنەکە قسەیان کردبا.

لیوا روکن بەختیار وتی: “بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتە واژوو کراوەکەی نییە، چونکە دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەشی نەدراوەتێ”.

سەبارەت بە وەڵامی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار دەڵێت، “بریکار وتی (لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەکەم رازی نابێت بە 50 بە 50، چونکە خەڵکمان زیاترە و کورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە) ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حکومەت چووەتە قۆناغێکی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بکرێت، دواتر لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەکەین، لەم کاتەدا کە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، هەست ئەکەین ئەم داواکارییە وەک بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەکە ئاڵۆزتر دەکات”.

کۆتایی مانگی رابردوو، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری وڵاتەکەی گەیاندە بەرپرسانی هەرێم لە راوەستانی هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

لیوا روکن بەختیار، وتی: “هاوپەیمانان وەکو کورد و یەک هێز دەیانەوێت مامەڵەمان لەگەڵ بکەن، کێشەکە ناو خۆمانە لای ئەوان نییە، ئەوانیش گلەییان هەیە”.

وتیشی: “بریکاری وەزارەت دەڵێت وەک پارتی 50 بە 50 قبوڵ ناکەین، یەکێتیش دەڵێت 57 بە 43 قبوڵ ناکەین، بۆیە دواجار کێشەی تر دروست دەبێت”.

لە کۆتایی قسەکانیدا لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێیوایە تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێکەوتووە، دانانی وەزیرێک بۆ وەزارەتەکە و رێگرتنە لە شۆڕبوونەوەی ناکۆکی سیاسی بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە، وتی: “دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەشتن و کاری پێکەوەیی، نەک تاکڕەویی”.

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …