وەک دەزانن ئەمڕۆ ٩٩ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی لۆزاندا تێ دەپەڕێت و پێ دەنێینە١٠٠ ساڵەی ئەو پەیماننامە شومە.
دوای پەیمانی سایکس – بیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ بۆ دابەشکردنی هەندێک لە وڵاتی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتەکانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دوای تەواو بوونی پرۆژەی دەوڵەت – نەتەوە کە زیاتر لە ٩٠ ساڵ بوو لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە ئامادەکاری بۆ دەکرا خستیانە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەدوای چوار ساڵ لە پەیمانی سایکس – بیکۆ هەوڵێک هاتە ئاراوە کە ئەویش پەیمانی سیڤەر بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە ماددەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤، دان بە مافی کولتووری و بەڕێوەبەر بۆ گەلی کورد برابوو کە دەبوو گەلی کوردیش وەک گەلانی تری ناوچەکە دوای ساڵێک لەسەر جوگرافیای نیشتمانی خۆی کە کوردستانە خۆی بەڕێوەبەرێت، بەڵام کەمال ئەتاتورک بە هاوکاری کوردی خائین و کورتبین و بەرژەوەندیخواز ڕێگەیان نەدا پەیمانی سیڤەر جێبەجێ بکرێت، لەدوای ئەوە لە ساڵی ١٩٢٣پەیمانی لۆزان وەک گەلەکۆمەیەکی هێزە بەرژەوەندیخوازەکان هاتە پێشەوە و گەلی کورد لە دەرەوەی هەموو مافێک هێڵرایەوە و نیشتمانەکەی دابەشی چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان کرا.
سەرەڕای هەوڵێکی زۆری ئەتاتورک بەڵام ئینگلیزەکان دەستبەردای ویلایەتی مووسڵ نەبوون و بە دەوڵەتی نوێی عێراقەوە لکێنرا، لەو کاتە و تا ڕۆژی ئەمڕۆ ئەوە ماوەی ٩٩ ساڵە سیاسەتی لەناوبردن و نکۆڵی کردن و کۆمەڵکوژی و قڕکردنی کولتووری بە شێوازی جیاواز لەسەر گەلی کورد بەڕێوە دەبرێت، دیارترینیشیان کۆمەڵکوژی دێرسم لە باکووری کوردستان و ئەنفال و کیمیاباران لە باشووری کوردستان و قڕکردنی فەیلییەکان، تەعریب لە عێراق و سووریا و پاکتاوی کولتووری و سیاسەتی نکۆڵی کردن لە تورکیا لەبەرامبەر کوردان لەسێدارەدان لە ئێران و سەدان هەزار شەهید و چۆڵکردنی دەیان هەزار گوندی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش وای کردووە کوردستان و ناوچەکە بەگشتی ڕۆژێک سەقامگیری و ئارامی بە خۆیەوە نەبینێت، ئەوەی بۆ مان گرنگە لە ئێستادا دەبێت ئەو ڕاستییە درک پێ بکەین کە پارچە بوون و پشتبەستن بەهێزی دەرەکی و نوێنەرایەتی خێڵەکی چ ئەنجامێکی کارەساتباری لێ کەوتەوە و چۆن گەلی ئێمەی خستە بەردەم ڕمی بێ ڕەحمی داگیرکەران، ڕاستە گەلی کورد وەک ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا نییە چارەنووسی بەدەست خێڵێک و سەرۆکێکی بەرژەوەندیخواز نییە، گەلی کورد خاوەن هێز و فیکر و ڕێبەر و ڕێبازی چارەسەری خۆیەتی و لە هەر بەشێکی کوردستان ئیرادەی بەرخۆدان و تێکۆشان لە برەودایە، زیاتر لە نیوە سەدەیە داگیرکەران و هاوپەیمانەکانیان نا توان ئەو ئیرادەیە بشکێنن لەدوای ئەو هەموو پەیمان و ڕێکەوتنانە هێشتاش گەلی ئێمە لەسەر پێیە، بۆیە گرنگە هەوڵی یەکێتی و یەکڕیزی بدەین، هەر لە ئێستادا لە لۆزانی سویسرا لەو شوێنەی ئەو پەیماننامە شومەی تێدا بەسترا کۆمەڵێک لە کوردی دڵسۆز و بەشەرەف لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیمانەیە کە دەوڵەتی تورکیا خەونی پێوە دەبینێت لەدوای یەک ساڵی تر ماف بە خۆی بدات بۆ داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکان لە عێراقی فیدراڵدا هەرێمی کوردستان بە دەستوور هەرێمێکی فیدراڵە و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش زیاتر لە١٠ ساڵە لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا خۆبەڕێوەبەری هەیە و گەلی کورد پێشەنگایەتی گەلانی باکوور و ڕۆژئاوای سووریا دەکات.
لە کۆتایدا؛ نەفرەت لە پەیمانی لۆزان و هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان تێدا گێڕا.
بژی ئیرادەی ئازادی گەلی کورد
ڕیسوای بۆ پیلانگێڕان و داگیرکەرانی کوردستان
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٠٢٢/٧/٢٤