فاشیزمی دەوڵەتی ئەردۆغان و باخچەلی لە دوای هێرشە شکستخواردووەکەیان لە مانگی نیسان لە هەرێمی بادینان بۆ زنجیرە چیاکانی کورەژار و زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە سنووری باکوور و باشووری کوردستان کە چارەنووسی حکومەتەکەیان پێوە گرێداوە لەبەرامبەر فیداکاری و بەرخۆدانی گەریلای ئازادیی کوردستان تێک شکێنراوە، هەر بۆیە وەک کاری هەمیشەییان بەدوای قەرەبووی زیانەکانیانەوەن بە هاوکاری هێزە سیخوڕ و خۆفرۆشەکان، تیرۆرکردنی محەمەد زەکی هاووڵاتی باکووری کوردستان خاوەن و ڕێستۆرانتی دەنیز لە ١٧ی ئایار لە سلێمانی و هێرشی فڕۆکە بۆسەر ناوچەی بناری خاڵخاڵان لە ناحیەی ئاغجەلەر کە بووە هۆی شەهید بوونی دوو هاووڵاتی بەناوی ئیسماعیل ئیبراهیم و ئارام ئیسماعیل، لە هەمان ڕۆژ هێرشی سەر کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، وێرای هاوخەمیمان بۆ کەسوکاری ئەو شەهیدە سەر بەرزانە کە بەناحەق شەهیدکراون، شەرمەزاری ئەو هێرشە تیرۆریستی و ڕەشەکوژییانەی دەوڵەتی تورکیای فاشیست دەکەین کە لە باشووری کوردستان ئەنجامیان ئەدا.
دڕندانە پێشێلی هەموو یاسا و ڕێسایەک نێودەوڵەتی و هەرێمی دەکات، بەئاشکرا بەسەدان کیلۆمەتر لە دووری سنوورەکان بۆمببارانی گوند و ناوچەی کوردستان دەکات و لە شارەکان هاووڵاتی و چالاکی مەدەنی و سیاسی تیرۆر دەکات و هیچ حیسابێک بۆ سەروەری و یاسای عێراق و هەرێم ناکات ئەو هێرش و پەلامارانەی تورکیا لە قووڵایی باشووری کوردستان بەتەواوی لاوازی و لەرزۆکی ئەو دەسەڵاتە سەرشۆڕەی هەرێمی لە هەموو ئاستێکدا دەرخستووە، شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم و عێراق و هێزە سیاسییەکان کە تا ئێستا بێ هەڵوێست و بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو پێشێلکاری و تیرۆر و سنوور بەزاندنانەی دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک تورکیا.
دەبێت هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن ئەگەر هێزی بەرگری و ئیرادەی گەلی کورد بشکێ و هێزەکانی دیکە بە بیانووی بێ بنەما بێدەنگی و سەرکزی هەڵبژێرن ئەوا جگە لە بەشداریان لە و خیانەتە ناشتوانن سەلامەت لێی دەربچن یان دەبێت جاشایەتی و سەرشۆڕی قبووڵ بکەن یان بار بکەن بڕۆن، بە ئاشکرا دەوڵەتی فاشیستی تورکیا پلانی داگیرکاری دەست پێ کردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە عەفرین و سەرێکانی تا دەگاتە زاپ و برادۆست و شەنگال و کەرکووک کراوەتە مەیدانی شەڕ، ئیدی کاتی بێدەنگی و پاساوی بێ بنەما بەسەر چووە ئەگەر ئەمڕۆ بیانوویان هێزی گەریلا بێت ئەوا سبەینێ بۆ هەر کەس و حیزبێکی دیکە تەنیا کورد بوونێکی بە کەرامەت بەسە بۆ ئەوەی هێرشت بکەنە سەر، ئیدی کاتی هەڵوێستە کاتی کردارە لەدژی داگیرکاری و خیانەت وەرن با پێکەوە کوردستان بپارێزین هەرگیز خەڵکی قوربانیدەری باشووری کوردستان شایەنی ئەو دەسەڵاتە بێباک و سەرشۆڕییە نییە، کاتی یەکیەتی و یەکبوونە کاتی گێڕانەوەی شکۆمەندی باشووری کوردستانە.
نەفرەت لە داگیرکەران و خۆفرۆشان
نەمری بۆ شەهیدان
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٠٢٢/٥/٢٢