پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنێت،لە قۆناغى ئێستادا وەک پژاک هەوڵمان ئەوەیە تیشک بخەینە سەر ڕێکخستنی گەل نەک ڕکابەرییکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کورد، دەشڵێن: دۆخی خراپى ئابووریی و گوزەرانی هاوڵاتیان لەگەڵ بەرزبونەوەى ڕێژەى بێکاریی و برسێتیی لە ئێران، دۆخی شەڕی ناوخۆ و ڕاپەڕینی دروستکردووە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک لەبارەى دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەى پژاکدا هاتووە: ئێران و ئیسرائیل لە دۆخى جەنگدان و ڕەنگە بەتوندی بچنە قۆناغی دووەمەوە، ئەگەر وڵاتانى زلهێز بیانەوێت شەڕ لەدژی ئێران دەستپێبکەن، ئەوا لە هەڵوێستی ئیسرائیلەوە دەست پێدەکەن و لەئێستاشدا تەنگژە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سیاسەتێکی مەترسیدار و توندڕەوی دەرەکییدا دەجەنگێت، کە مەترسییەکەى تەنها بۆ خودی ئێران نابێت، چونکە چەند وڵاتێکی دراوسێش دەگرێتەوە.
پژاک وتوشیەتی: بەپێی پێشبینییەکان هەموو قەیرانە جیهانییەکان تا پایزی ئەمساڵ دەگاتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و دۆخی خراپى ئابووریی و گوزەرانی هاوڵاتیان لەگەڵ بەرزبوونەوەى ڕێژەى بێکاریی و برسێتی لە ئێران دۆخی شەڕی ناوخۆ و ڕاپەڕینی دروستکردووە و لەگەڵ هاتنە کایەى مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان، نیشانەى ئەوەن کۆمەڵگا بڕیاری گۆڕانی ڕیشەیی داوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە: هەڵکشانى ژمارەی لەسێدارەدانەکان بەتایبەتی لە بەلوچستان، خوزستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵمەتى ڕەشبگیرى دەستگیرکردن، بڕیاری ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان بەشیوەى توندوتیژی نیشان دەدات.
باسیان لەوەشکردووە: فشارى دەرەکیی، تیرۆری سیاسیی و سەربازییەکان زیادیانکردووە و سیستمی سەرکوتی ناوخۆیش بەهۆی گەندەڵییەوە لاواز بووە و چیتر وەک جاران یەکدەست نییە و لە هەمانکاتیشدا دابەشبوونی ناوخۆیی ئێستای ئێران گەیشتووەتە ئاستى ململانێى سەخت، بەڵام دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن شتەکان ئاسایی بکەنەوە.
دەشڵێن: بارودۆخی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەلانی دیکەی ئێران باشترە، بەڵام هەندێک ململانێیى دەسەڵاتی حزبی و شۆڤێنی دۆخەکەی خستووتە مەترسییەوە، بەڵام بێگومان ئێمە هەوڵ دەدەین لە دەرەوەی بازنەی ئەو کێبڕکێ تێکچووانە بمێنینەوە و بە بەهێزیی لەسەر ڕێگەکەمان بەردەوام بین و لە قۆناغی ئێستاشدا هەوڵەکانمان بۆئەوەیە، کە تیشک بخەینە سەر ڕێکخستنی گەل نەک ڕکابەریکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی کورد.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشانەی تورکیا و ئێران بەرامبەر هەرچوار بەشی کوردستان هەیانە، هاوسەنگکردنی هونەری سیاسیی و سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لە کارە سەرەکیەیکانی ئێستامان، چونکە خۆری ڕاپەڕینی چوار بەشی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزدەبێتەوە و ئەنجامى کۆتاییش لەلایەن ئەم بەشەی کوردستانەوە دیاری دەکرێت.
پژاک ڕاشیگەیاندووە: هیچ لایەنێک بەسیاسەتی ناوەخت و نادروست مافی ئەوەی نییە مەترسی دروست بکات و ئەوەشى هەندێک لایەن دەیانەوێت، کە ئیرادەی سیاسەت و ڕاپەڕین لە جوگرافیای کوردستان دەربکەن و ململانێى شکستخواردوو بۆ پایتەختەکانی دوژمنان بگوازنەوە دەتوانن هەڕەشەیەک بن لەسەر راپەرینی کورد.