وتەبێژی (هەدەپە)، ئەبرو گونای، ڕایگەیاند لە ٨ هەرێمدا کۆبوونەوەی جەماوەریی ڕێکدەخەن و گوتی: “لەپێناو پتەوکردنی سیاسەتی چارەسەرییدا، پێویستە دەستوبرد گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی پێبێت”.
وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، ئەبرو گونای کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی لە بارەگەی پارتەکەی سازدا و ئاماژەی بەوە کرد، پاش هەڵبژاردن لەپێناو نرخاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پرۆسەکانی گۆڕان و نوێبوونەوە، کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی فراوان و نرخاندنی چڕ ئەنجام دەدەن.
ئەبرو گوتی، دەستیانکردوە بە قۆناغی کۆبوونەوەی مەجلیسی پارتەکە و مەجلیسی ژنان و هاوسەرۆکی شارەکان و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندیی و دەستەی ئیدارە خۆجێیەکان و گوتی: “دوو هەفتەیە لە گوند و شارەکان لەگەڵ ڕێکخستنەکانمان لە گفتوگۆداین، ئێستایش ئەگەینە قۆناغی دووەمی نوێکردنەوە و گۆڕان و ڕێکخستن، لەمڕۆوە تا ٢٥ تەمموز، لە ٨ هەرێم کۆبوونەوەی جەماوەریی فراوان ئەنجام دەدەین”.
گونای جەختیکردەوە، حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بوونەتە هۆی چەندین قەیرانی فرەلایەن کە چارەسەر هەڵناگرن و جڤاک تەنگەتاو دەکەن، ڕایگەیاند لە تورکیا هەر کەسێک وەک حکومەت بیرنەکاتەوە، دەکرێتە ئامانج و گوتی: “حکومەت دەریخست، دوژمنی گەلە، دوژمنی کوردە، دوژمنی ژنە”.
وتەبێژی هەدەپە، ئەبرو گونای ئاماژەی کرد بە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی و گوتی: “تاوەکو باس لە داڕمان و قەیران نەکرێت، فشار و هێرشەکان زیاتر دەکرێن؛ گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان شوێنی لەنێو جڤاک و دیموکراسییدا نابێتەوە، خەریکە دەسەپێنرێت بەسەر هەموو جڤاکدا. مەردان یانارداغ هەر هێندە باسی گۆشەگیریی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی کرد و گوتی “تاوان مەکەن”، لە سەرەتادا لە میدیای دەسەڵاتەوە کرایە ئامانج، پاشان بەخێرایی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو لەلایەن دادگاوە. هەمووان دەزانن قسەکردن لەسەر گۆشەگیریی تاوان نییە، بەڵکو خودی گۆشەگیریی تاوانە، پێداگریی لەسەر گۆشەگیریی، پێداگرییە لەسەر دوورکەوتنەوە لە چارەسەر، ڕایگشتیی دیموکراتیک ئەم ڕاستییە دەزانێت، لەپێناو پتەوکردنی سیاسەتی چارەسەرییدا، پێویستە دەستوبرد گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان کۆتایی پێبێت”.