ئەیوب بارزانیی: تەنها چارەسەر بۆ باشتربوونی دۆخی هەرێم ئەنجامدانى شۆڕشی مەدەنییە

نوسەر و سیاسەتمەداری کورد ئەیوب بارزانیی هۆشداریی لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دەدات و لایەنەکان بە هۆکاری لاواز بوونی قەوارەکە دادەنێت و ئەنجامدانی “شۆڕش”یش بە چارەسەری گونجاو دەزانێت بۆ ڕزگار بوون لە دۆخەکە و جەختیشکردەوە کورد پێویستی بە ستراتیژێکی هاوبەش هەیە.

ئەیوب بارزانی کە ئامۆزای مەسعود بارزانییە ‌و سیاسەتمەدار و نوسەرێکی کوردە و زیاتر بەوە ناسراوە کە رەخنەی جدیی لە دەسەڵاتدارە بارزانییەکان هەیە و ڕاگەیاند” ئەم ئەزموونە هەر لەسەرەتاوە بە هەڵە هاتووە، لەوانە بابەتی پەنجا بە پەنجا و تەزویرات لە هەڵبژاردن، دوو ئیدارەیی و دوو هێزی پێشمەرگەو ئەمنی، دوو سەر (هەردوو سەرکردەی سیاسی بارزانیی و تاڵەبانیی)، کە لەگەڵ ئەو پەندەیا یەک دەگرێتەوە دوو سەر لە یەک مەنجەڵدا ناکوڵێت، بۆیە لە ئێستادا هەرێم بە قۆناغی هەڵوەشانێکی هێواش هێواشدا تێدەپەڕێت.

پێگەی هەرێم لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە:

ئەیووب بارزانیی،  سەبارەت بە پشتگیریی و ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ مانەوە و بەرەو پێشچوونی هەرێمی کوردستان، ڕای وایە، لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێ هیوابوون لە چاکسازیی دەسەڵاتی سیاسیی و ئەڵێت”هۆکارە دەرەکییەکان لەسەرەتادا پۆزەتیف بوو ئەیانەویست هەرێم لە ڕووی ئابورییەوە گەشە بکات و ئارام بێت، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بێ هیوابوون لە چاکسازیی سەرکردەکان، گەیشتنە ئەو ڕاستییەی سەرکردایەتیی سیاسیی وەک ئاغا و میراتگر هەرێم بەڕێوەدەبەن، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەمانە ناگۆڕێن بۆیە وردە وردە سارد بوونەوە.”

هەروەها ئەیوب بارزانیی ئەوەشی بە دەنگی ئەمریکا وتووە” ڕێگە گرتن لە سەرۆکی پارلمان لە 2015 دا کاریگەری زۆری هەبوو بۆ بێ ئەرزشکردنی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی کە ئەندامانی پارلمان پیاوی خۆیان بوون، بەڵام ڕێزی ئەوانیشیان نەگرت کە کادری خۆیان بوون.”

هەرچەندە وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەندین جار هۆشدارییان داوەتە حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر خراپی دۆخی هەرێم، بەڵام لە مانگی 6 ی ئەمساڵ ئەلینە ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە ڕۆژنامەنووساندا لە سلێمانیی ڕایگەیاند “هێشتا هەرێمی کوردستان ستراتیژەو ئەوان هاوبەشمانن.”

لە مانگی ڕابردووش دان بەیکن یاسادانەری کۆمارییەکان بە ماڵپەری هەواڵی میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاندبوو یاسادانەرانی ئەمەریکا داوایان کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێم دابین بکرێت.

پرسی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستاندا:

سەبارەت بە ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕاگەیاندن ئەیووب بارزانیی پێی وایە، ئازادیی سنوردارکراوە و مەودای ئازادیی بەرتەسک کراوەتەوە و دەڵێت “بە گوتار باس لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکرێت بەڵام بە کردار وانییە. وایان لە ڕۆژنامەنووسانی خۆیان کرد کە ببنە سێبەری دەسەڵات و خزمەتی خۆیان بکەن. ئەوەی بە دڵی دەسەڵات نەبێت لەمپەری بۆ دادەنێن، بەو شێوەیە پەروەردەیان کردن کە ڕۆڵیان هەبێت لە بە مەرجەع کردن و گەورەکردنی سەرۆکەکاندا.”

دەستێوەردانی هەرێمیی:

هەرچەندە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕال خاوەن شەرعیەتی یاسایی و دەستوریی خۆیەتی، بەڵام بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەو هێرشی وڵاتانی هەرێمیی دەبێتەوە. بە بڕوای ئەیووب بارزانی ئێران و تورکیا ناڕازی نیین لە خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان و دەڵێت ” ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم بە سیستەمەکەیەوە بە دڵی تورکیا و ئێرانە وهیچ نیگەرانییەکیان نییە لە دۆخەکە، لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا هەردوو وڵات بەرژەوەندیەکانی خۆیان مسۆگەرکردووە، ترسیان نییە لەوەی قەوارەی هەرێم ببێتە هیچ. ئێران و تورکیا دەیانەوێت ئەم دۆخە وا بمێنێتەوە تاوەکو چارنوسی سیاسەت و مانەوەی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە تەواوەتی ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکە نەمێنێت ئەوا پەیوەندی و تێڕوانینیان لەگەڵ کورد دەگۆڕێت.”

ئێران و تورکیا بەردەوام هێرشی ئاسمانی یو مووشەکیی دەکەنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی هێزە چەکدارە کوردەکانی دژ بە وڵاتەکانیان.

ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و شەقام لە گۆڕانکارییدا:

هەرچەندە لە گۆڕەپانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا چەندین حزبی ئۆپۆزیسیۆن بوونیان هەیە و لە ڕابردووشدا گۆڕان یەکێک بوو لەو هێزە کاریگەرانەی کە وەک حزبێکی ئۆپۆزسیۆن توانی 25 کورسی پارلمانی بباتەوە، بەڵام بە ڕای ئەو نووسەرە گۆڕان ڕۆڵێکی خراپی بینیوە لە بێ هیوابوونی دەنگی خەڵکی ناڕازیی و دەڵێت “هێزی بەدیل هەبوو کە گۆڕان بوو، بەڵام لە نیوەی ڕێگاکە گەڕایەوە و هەمووشتێکی تێكدا، بزوتنەوەی گۆڕان گورزێکی گەورەی لە پڕۆژەی گۆڕانکارییدا لە هەرێمی کوردستاندا.”

پێشی وایە ئەستەمە گۆڕانکاریی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بکرێت و دەڵێت” بە ڕەهایی باوەرم وایە کە گۆڕانکاریی لەڕێگەی هەڵبژاردنەوەوە ناکرێت لە هەرێم، چونکە بە ڕەهایی ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگیرێت، هەر لە جەوهەردا باوەڕیان بە هەڵبژاردن و گۆڕانکاری نییە، ڕێگە نادەن بە ڕای ئازادیی خەڵک، خەڵک لەلای ئەوان مێگەلە و دەبێت گوێڕایەڵ بێت بە درێژایی ئەو 32 ساڵە دیدیان بۆ بابەتەکە نەگۆڕاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی بادینان، چونکە دیدی خێڵەکی لە بادینان بەهێزترە، بەڵام لە سلێمانیی ڕەخنە هەیەو دۆخەکە ئازادترە.”

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەیووب بارزانی دەشڵێت تەنها چارەسەر بۆ باشتر بوونی دۆخی هەرێمی کوردستان “شۆڕش”ی مەدەنییە و ڕایگەیاند”دەبێت شۆڕشێکی گەورە بکرێت بە پرۆژەیەکی باشەوە، شەقام بجوڵێت لە هەموو هەرێم بەتایبەت لە هەولێر، ئەو چەقبەستوویە نەمێنێت، ڕێگە نەماوە لەبەردەم خەڵکیدا ئیلا شۆڕش نەبێت، شۆڕشەکە دەبێت شۆڕشی سپیی بێت و ئاشتیخوازانە بێت، زۆربەی گەلانی دونیا بەشۆڕش توانیویانە لەم دۆخانە خۆیان ڕزگار بکەن.”

ئەو نووسەرە ڕاشیگەیاند”کورد پێویستی بە ستراتیژێکی هاوبەش هەیە، دوور لە دەست تێوردانی حیزبیی و هەژموونی وڵاتانی دەرەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت کورد هەمووی دەبێتە دوژمنی یەکتر.”

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …