لە شەنگال دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرا

لە ناوچەی سیبای شێخ خدر، دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرا، دانیشتوانی شەنگال ڕایانگەیاند، دەوڵەتی عێراق بەرامبەر پێکهاتەی ئێزدی کەمتەرخەمە و داوایان کرد دەستبەجێ روفاتی ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بناسرێنەوە و تاوانبارانی کۆمەڵکوژییەکە دادگایی بکرێن.

دوێنی دوای ٩ ساڵ جارێکی تر دەوڵەتی عێراق دەستی بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگەی سیبای شێخ خدر کردەوە. پێدەچێت ھەڵدانەوەی گۆڕەکان ٣ ڕۆژ بخایەنێت. هەزاران کەس لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشدارن، کە بەپێی داب و نەریتی کۆمەڵگەی ئێزدی ھەڵدەدرێنەوە.

لە گۆڕی یەکەمدا کە ھەڵدرایەوە روفاتی زیاتر لە ٦٠ کەسی تێدا بووە و ئەو روفاتانە بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی بەغداد دەکرێن.

نائیف داود، میری ئێزدییەکانی شەنگال، سەبارەت بە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رایگەیاند: دەوڵەتی عێراق بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزیدی زۆر کەمتەرخەمە. تا ئێستا زیاتر لە ٩٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگالدا بوونی هەیە. هەرچەندە ٩ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا هەموو گۆڕەکان ھەڵنەدراونەتەوە. تا ئێستا زیاتر لە ١٣ دەوڵەت فەرمانی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە. بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق دانی پێدا نەناوە. هەروەها ئەو کەسانەی بوونە ھۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە دادگایی نەکراون. ئێمە داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین ئەو کەسانەی بوونە هۆکاری ئەو فەرمانە دادگایی بکرێن و وەک پێویست سزا بدرێن. ئێمەی کۆمەڵگەی ئێزدی تا ئەو کاتەی مافی خۆمان بەدەست نەهێنین، دەستبەرداری دۆزەکەمان نابین.

لای خۆیەوە ھاوڵاتییەک بە ناوی جەمیل عەلی حاجی، کە ١٣ ئەندامی بنەماڵەکەی لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان، ئاماژە بە بێدەربەستی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد و وتی: “ئەو تیمانەی بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ھاتوون ژمارەیان زۆر کەمە. هەر بۆیە سەرباری ئەوەی ٩ ساڵی بەسەریدا تێپەڕیوە، هێشتا گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە تەواوی ھەڵنەدراونەتەوە”.

جەمیل عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ٩ گۆڕی بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگەی سیبا دەستنیشان کراون و وتی: دەزانین کە کەسوکارمان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان، چونکە کاتێک چەتەکانی داعش لێرە کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا، وێنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە”.

وتیشی: ئەگەر ئەو روفاتانەی دەرھێنراون بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری بکرێن، ئەنجامەکانیان نزیکەی ٤، ٥ مانگ دەخایەنێت و وتی: “ئەگەر تیمە بەرپرسیارەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکردایەو ڕاوەستەیان لەسەر کارەکانیان بکردایە، ئەوەندە کاتی بەسەردا تێنەدەپەڕی، بەڵام بەو شێوەیە دەکەن کە ھەموو کات فەرمانەکە لێمان دووبارە ببێتەوە و ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین”.

ساڵی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش لە سەرتاسەری شەنگال و گوندەکانی کۆمەڵکوژیان ئەنجام دا و هەزاران ژنیان ڕفاند. لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییانەدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و خرانە ناو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵەوە. کۆمەڵگەی سیبای شێخ خدر یەکێکە لەو شوێنانەی کە ٩ گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە.

 

 

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …