جوتیارانی كەركوك: “تا كێشەكەمان چارەسەر نەكرێ واز لە مانگرتن ناهێنین”

دژی هەوڵە داگیرکارییەکانی سوپای عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان، جوتیارانی کورد و تورکمانی شاری کەرکوک دەڵێن: تا کێشەکانمان چارەسەر نەکرێت مانگرتن ناشکێنین.

جوتیارانی ناوچەکانی تۆپزاوا، داقوق، قەرەهەنجیر، سەرگەڕان، پەڵکانە و ژمارەیەک گوندی دیکەی سنووری پارێزگای کەرکوک، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند “بەردەوام دەبن لە مانگرتن تا کێشەکانیان بەتەواوەتیی چارەسەر ئەکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد: ئەمەش ئەبێت تەواوی ئەو بڕیارانەی سەردەمی بەعس هەڵبوەشێندرێتەوە، کە تایبەت بوون بە داگیرکردنی خاکی باوباپیرانیان.

مانگرتووەکان کە نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەگەڕان و ژمارەیەک ناحیەی دیکەی لە ناودایە، ماوەی زیاتر لە ٢٥ رۆژە خێوەتیان لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکوک هەڵداوە، وەکو خۆیان دەڵێن، تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمیی وەڵامی داواکارییەکەیان کە “هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش) سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس” نەدراوەتەوە.

خێوەتی مانگرتووەکان کە جووتیارەکان خۆیان پی دەلێن خێوەتی بەرخۆدان دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەستیان بەو مانگرتنە کردووە،

 سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوکدا بگرێت، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کە لە سەردەمی حکومەتی رژێمی پێشووی بەعس ئەو زەویانە بەبڕیاری (کاروباری باکور)ی سەردەمی بەعس دراون بە وەزارەتی بەرگری عێراقی ئەو کات، جوتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە ماوەی زیاتر لە ٢٥ رۆژە  ناڕەزایەتییان دەستپێکردووە و داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە رەتدەکەنەوە.

بۆ دۆزینەوە چارەسەر بۆ ئایندەی شارەکەمان

رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سامی غەفور کە یەکێکە لە نوێنەری جوتیارانی کوردی خەڵکی تۆپزاوا، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند دوا و وتی: “ئێمەی کورد و تورکمان لەگەڵ هەندێک لەو برا عەرەبانەی کە لەسەردەمی رژێمی بەعس ستەمیان لێکراوە، ئەمرۆ ٢٥ رۆژ لەسەر مانگرتنمان تێپەڕی لەم خێوەتە، خێوەتەکەمان بۆتە ماڵێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەدەمی رژێمی پێشووی بەعس ستەمیان لێکراوە، وە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەوام سەردانمان دەکەن بۆ دۆزینەوە چارەسەر بۆ ئایندەی شارەکەمان”.

لایەنە شۆڤێنیەکان لەدژمان هەڵوێست وەردەگرن

هەروەها سامی غەفور ئاشکراشی کرد: “بەخۆڕاگریمان توانمان بەشێک لەمافەکانمان بەرقەڕار بکەین، ئەویش بە کارا کردنی ئەو بڕیارەی کە لەساڵی ٢٠١٢ دەرچوو کە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس دژ بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە پوچەڵ بکرێتەوە، ئەو لایەنە شۆڤینیانەی کە هەڵوەشاندنەوەی بڕێارەکانی بەعس لە بەرژەوەندیان نیە چەندین هەڵوێستیان لە ڕیگەی بەیاننامەوە دەکردووە”.

خێوەتەکەمان چۆڵ ناکەین تا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس

 ئەو چووتیارە کوردەی شاری کەرکوک ووتیشی: “ئێمە نابێت خێوەتەکەمان چۆڵ بکەین چونکە ئەوەی ماوە کاری بۆ بکرێت زۆر گرنگە کە ئەویش هەڵوەشانەوەی  بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش)ی سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچووە، ئەوەش پێویستی بە کۆکردنەوەی دەنگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە کۆی دەنگ بڕیاربدرێت بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکانی رژێمی بەعس دژ بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە”.

بڕیارەکانی بەعس ماوەی ٥٠ ساڵە بۆتە تەوقێک بەملمانەوە

لە کۆتایدا سامی غەفور جووتیاری ناوچەی تۆپزاوا لە ڕیگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە داوایەکی ئاڕاستەی هەمووان کرد و ووتی: “تا بتوانین بە ئازادی لەسەر زەوییەکانمان بژین، هیوادارین هەموو لایەنێک یارمەتیمان بدەن لە رزگاربوون لەو بڕێارانەی رژێمی بەعس کە ماوەی ٥٠ ساڵە بۆتە تەوقێک بەملی کورد و تورکمانی شارەکە”.

 

 

هەروەها چێکی بکە

هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران

کەمێک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی و دەیان هەڤاڵ دەستگیرکران. …