تەڤگەری ئازادیی و لایەنە ساسییە کوردییەکانی کەرکوک، لە بارەی ئاڵۆزییەکانی شارەکە کۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، رۆژ لەدوای رۆژ ڕەوشی شاری کەرکوک بەرەو ئاڵۆزیی و ناجێگیریی سیاسیی زیاتر هەنگاو ئەنێت.
کۆمەڵ سەرمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوک – تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد بە ماڵپەڕی تەڤگەری راگەیاند: ئەمڕۆ دوو شەممە ٥/٦/٢٠٢٣ لەبارەگای مەڵبەندی کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان ئەنجامدرا، وەک ئاشکرایە رۆژ لەدوای رۆژ رەوشی شاری کەرکوک بەرەو ئاڵۆزیی و ناجێگیریی سیاسیی زیاتر هەنگاو ئەنێت و بازنەی تەعریبکردنی شارەکە لەفراوان بونەوەدایەو هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر چڕکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، روداو پێشهاتەکانی تۆبزاوەو پێشتریش، دەرخەری ناجێگیریی رەوشی کەرکوکە، لێرەوە هۆشداریی دەدەین ئەگەر چارەسەریی ئەم دۆخە نەکرێت ئەوا کەرکوک لەکۆنترۆڵ دەرئەچێت و کارەسات ڕوو دەدات.
باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا دواکارییەکی شەش خاڵیان بۆ لایەنە پەیوەندییدارەکانی عێراق خستووەتەڕوو وتی: یەکەم، دەستبەجێ ئەو رووپێوییەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەنجامی ئەدات رابگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دووەم هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکوک بەسەرجەم پێکهاتەکانیەوە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو پێکەوە ژیانەی کە مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە لەم شارە، بە پێچەوانەوە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و پێکەوە ژیان لەبەردەم مەترسییدایە.
وتیشی: داواکارین لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، بەجێبەجێکردنی کارنامە وەزاریەکەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر درا، بەتایبەت ئەو بڕگەیەی کە تیادا بەڵێن دراوە بەکاراکردنەوەی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بەسەرجەم بڕگەکانیەوە.
کۆمەڵ سەرمەد راشیگەیاند، داواکارین لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەزووترین کات یاسایەک دەربکات، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە، تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵیەکانی پارێزگای کەرکوک.
هاوسەرۆکی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادیی وتیشی خاڵی پێنج و شەشی دواکارییەکان بریتین لە: ئەگەر وەزارەتی بەرگری ئێستای عێراق خۆی بەمیراتگری وەزارەتی بەرگری رژێمی لەگۆڕنراوی بەعس ئەزانێت، ئەوا ئەبێت پابەندبێت بە قەرەبوکردنەوەی هەردوو پێکهاتەی کورد و تورکمانی شاری کەرکوک، لەمەڕ سەرجەم ئەو تاوانانەی لەسەردەمی ڕژێمی لەناوچوو لەپارێزگای کەرکوک دەرحەقیان کراوە، هەروەها پشتگیریی تەواو لە جووتیارانی کوردو تورکمان ئەکەین لەپاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێڵین.