فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لەبارەی کامپی مەخمورەوە هاتە دەنگ

فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق، هێرش و گەرمارۆدانی سەر کامپی مەخمور شەرمەزار ئەکات و رایگەیاند، بە بەڵگەیەکی ئاشکرای دەزانین کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسیی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا و ئەجێنداکەی.

لە راگەیاندراوێکیدا فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق ئاماژە بەوە ئەکات، ڕۆژی ٢٠ ئایار هێزێکی گەورە لە سوپا و پۆلیسی عێراقی هێرش دەکەنە سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخموور، بە ئامانجی دروستکردنی تاوەرو دیوار و تەلبەندکردنی کامپەکە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن پەنابەرانی کامپەکە بۆ شکاندنی گەمارۆیان، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، لە ئاکامدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی دانیشتوانی کامپەکە و سوپا و پۆلیسی عێراقی دروست دەبێت و ژمارەیەك لە پەنابەرانی کامپەکە بەسەختی بریندار دەکرێن.

هێمای بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە خەڵکێکی سڤیل و پەنابەرانێك، کە لەدەست زوڵم و سەرکوت و بی مافی حکومەتی فاشیستی تورکیا هەڵهاتوون و ماوەی ٣٠ ساڵە ژیان و گوزەرانێکی کوولە مەرگی لەم کامپەدا بەسەر دەبەن، دژ بەهەموو پێوانە نیودەوڵەتیەکانە لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە و ڕێزنەگرتنە لەمافی ژیان و پارێزی جەستەیی ئەو مرۆڤانە لە هەردەستدرێژیەك.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرباری ئەوەی کە یەکەمین جار نییە پەنابەرانی دانیشتووی ئەم کامپە ڕووبەرووی هێرش و پەلامار دەبنەوە، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین جار فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی ئەم کامپەیان کردوە و ژیانی دەیان مرۆڤیان لەم کامپەدا لەخوێن هەڵکێشاوە، ئەمە جگە لە هێرشی داعش لە ناوەوە بۆ سەرکەمپەکە، تەنانەت ڕێگەگری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەریم لەوەی پەنابەرانی ئەم کامپە هاتووچۆی هەولێر بکەن.

فیدراسیۆنەکە دەشڵێت، بەشێکی زۆری بژێوی ژیان وگوزەران و دابینکردنی پێداویستەکانی دانیشتوانى کامپى مەخموور لەشاری هەولێر دەستەبەر دەکرێت، جەختیکردوەتەوە، ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی بەرامبەر بەم پەنابەرانە دەکرێن بەپێشچاوی ڕێکخراوی نەتەوەیەگرتوەکان بۆ مافەکانی پەنابەران و یۆنامی و چاودێرانی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە بەرێوە دەچێت، بێ ئەوەی بەکردەوە بچوکترین بەرپرسیاریتیان لەخۆیان نیشاندا دابێت و بگرە بێ دەنگبوون و فەرامۆشکراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە بە توندی سەرکۆنەکردنی هێرش بردن و ئابلۆقەی سەر کامپی مەخمور بە بەڵگەیەکی ئاشکرای دەزانین، کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا و ئەجێنداکەی.

داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردوە، هەڵوێستی بەرپرسیارانەی خۆی نیشان بدات و پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتی ئەم پەنابەرانە بگریتە ئەستۆ و سنورێك بۆئەم دەستدریژیانە دابنێت، کە دەکرێتە سەر ژیان و ئەمنیەتی ئەم پەنابەرانە.

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق بانگەواز دەکات لە تەواوی ڕێکخراوە جەماوەری و مەدەنی و پیشەیی و مرۆڤدۆستەکان و هەموو ئەو لایەنانە، کە خۆیان بە داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی پەنابەران دەزانن ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم کردەوە نامرۆڤانەی حکومەتی عێراقی نیشان بدەن.

 

هەروەها چێکی بکە

“ژن هۆگری سروشتە و پارێزگاری لە ژینگە دەکات”

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەیی باسی لەوەکرد، کە چۆنیەتی بەکارهێنان و پارێزگاریکردن لە ژینگە و سروست …