لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، وردەکاریی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق و ئێرانی ئاشکرا کرد، ئاماژەی بە سێ خاڵی کرد کە بەگوێرەی ئەو خاڵانە بەغداد مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەکەدا دەکات.
وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە “بەغداد یوم”ی راگەیاند: ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان بەغداد و تاران هەیە بۆ دەستەبەرکردنی کەرتی سنووری نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها ڕێگرییکردن لە هەر هۆکارێک کە بەشداربێت لە بەرزبوونەوەی گرژیی و ناسەقامگیری ئەمنیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بڵاوەپێکردنی پاسەوانی سنوور دەستیپێکردووە و سەرجەم خاڵەکانیش گیراون و سەرجەم بارەگاکانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران بە چەکدارەکانیشەوە لەناوبراون و کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی فیدراڵییەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەغداد قبووڵی ناکات کە سنوورەکانی دەستپێکی هەر ئۆپەراسیۆنێک بێت کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هەبێت، هەروەها ڕێگەش نادات هیچ دەستوەردانێکی وڵاتانی دراوسێ لە بابەتە ئەمنییەکاندا هەبێت، چونکە ئێمە باوەڕمان بە دروستکردنی پەیوەندیی باش هەیە لەگەڵ هەموو کەسێک بەبێ جیاوازی، لەسەر بنەمای ڕێز و تێگەیشتن.
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کە “دوای داخستنی بارەگاکانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان قۆناغی چەکداماڵینی بەدوادا دێت، چونکە ناکرێت ڕێگە بدرێت هیچ لایەنێک کە چەک هەڵبگرێت و لەسەر خاکی عێراق بمێنێتەوە”، راشیگەیاند: بەغداد لە ڕێگەی سێ خاڵی سوورییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سنووردا دەکات، ئەوانیش ڕەتکردنەوەی بوونی گروپە چەکدارەکان لەسەر کەرتی سنووری لەگەڵ هەریەکێک لە وڵاتانی دراوسێ، و ڕێگرییکردن لە بوونی بارەگا حیزبییەکان کە سەرچاوەی هەڕەشەدەبەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، جگە لەوەی پاسەوانانی سنوور نیگەرانن لە بوونی و بڵاوەپێکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ڕێگە بە هیچ چالاکییەک نادەن کە هەڕەشە لە سەقامگیریی بکات.