دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ کپکردن و لە ناوبردنی دەنگی کەسانی ئازادییخواز، چرۆ شوانیی ئاماژە بەوە دەکات هێزێکی سیاسیی وابەستەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بووە دەڵێت: “خەباتی ژنان ترسی لای دوژمن دروست کردوە”.
چرۆ شوانیی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات، تورکیا پێش ئەوەی هێرش بکاتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەشتەکانی ڕاگرتبوو و فشاریشی خستبووە سەر دەوڵەتانی تر کە گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بوەستێنن، دواتر خۆی هێرشی کرد، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو ماوەیەدا هەڵوێستێکی نەتەوەیی هەبوو، ئەویش کۆبوونەوەی مەزڵوم کۆبانێ بوو لەگەڵ یەکێتیی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش، لەکاتێكدا داعشیش هەر دەوڵەتە داگیرکارەکان دروستیان کردووە دژ بە گەلی کورد، هەر هەڵوێستێکی نەتەوەیی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا، چونکە هێز لە یەکبووندایە، لەکاتێکیشدا نزیک دەبێتەوە لە هەڵبژاردن و چاوەڕێی شکستێکی گەورەی لێدەکرێت، بۆیە دەوڵەتی تورکیا ویستی بەم هێرشانە شکستەکانی دابپۆشێت، هەروەها دۆزی نەوت و ڕادەستکردنی بە عێراق جارێکی تر لێدان بوو لە ئابووری تورکیا، بۆیە هەرچەندە ئەمریکا هۆشداریی دابوو بە تورکیا کە هیچ هەڵوێستێکی نادروست ئەنجام نەدا، بەڵام تورکیا یەک ڕیزیی کوردی پێ قبوڵ نەکرا.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لە ئێستادا لایەنەکانی هەرێم کۆببنەوە و یەکبگرن، چونکە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی هاتنی پەیمانی ١٠٠ ساڵەی لۆزان، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ کورد، کاتێک ئەو پەیماننامەیە بەسترا کورد لە پێگەیەکی لاوازدا بوو، بەڵام ئێستا کورد خاوەنی پرۆژە و هێزە و تا ئێستا ملکەچ نەبووە بۆ هیچ داگیرکەرێک و هەمیشە لە خەباتدایە لە پێناو ئازادیی و پێکەوە بوون، بۆیە هێرشەکەی تورکیا بەزاندنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراقە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیی بوو بە شێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان ئیدانەی ئەم هێرشەیان کرد، جگە لە پارتیی کە پاساوی بۆ هێرشەکە دەهێنایەوە، وە هەر ئەمەشی لێ چاوەڕێ دەکرا، چونکە ئەو پشتی بە تورکیا بەستووە و پشتی لە گەلەکەی خۆی کردووە.
وتیشی: کورد دەزانێت لە چی کاتێکدا بەرپەرچی هێرشەکانی دوژمن بداتەوە، هەر وەک چۆن هەموومان بە یەک دەنگ ڕژاینە سەر شەقام.
شوانیی ڕوونی کردەوە، تورکیا یەکەم جاری نییە هێرش دەکاتە سەر کوردستان، بەڵکو بە بەرچاوی جیهانەوە بەردەوام بە چەکی قەدەغەکراویش هێرش دەکاتە سەر شۆڕشگێڕان، دەبینین جیهان و نەتەوە یەگرتووەکان بێدەنگن لە ئاست ئەم کارە نامرۆڤانەی تورکیا، ئەمەش پەیامێکە بۆ کورد کە پشت بەخۆی ببەستێت، بۆ ئەوەی کورد ئازاد و سەربەست بێت لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دەبێت یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین، بەڵام بەداخەوە هێزێکی سیاسیی وابەستەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بووە، ئەم هێرشانە نامۆ نییە بەلای ئێمەوە، هێرشەکانی تورکیاش شەرمەزاریی ئەو دەوڵە پیشان دەدات و نایەوێت هێزە سیاسییەکان یەک بگرن بۆ چارەسەری کێشەکان، داگیرکەر هەمیشە چاوی لەسەر سلێمانییە، چونکە زۆربەی خەڵکەکەی ئازادییخواز و ڕۆشنبیرن و بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی دوژمن بوونەتەوە و ملکەچی دوژمن نەبوون، تا ئێستاش هەر چالاکیەک دژ بە داگیرکاریی هەبێت سەرچاوەکەی لە سلێمانییەوە سەرهەڵدەدات، هەر وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ئەگەر چوار شاری وەکو سلێمانی هەبێت دوژمن ناتوانێت سنوری خاکمان ببەزێنێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمەی کورد گەلێکی ئازادییخوازین و هەمیشە داوای مافی خۆمان دەکەین، دوژمنیش ئەمەی پێ قبوڵ ناکرێت، بۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەتێک نییە بە ناوی کوردەوە و هەرگیزیش ناهێڵین هەبێت، بۆیە هەمیشە ترسیان لە یەکڕیزیی نەتەوەی کورد و شۆڕشی ژنان هەیە، هەر وەک ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی: سەریهەڵداوە، بۆیە هەر کاتێک شۆڕش لەسەر دەستی ژنان بەرپا دەبێت، ترسێک لای دوژمن پەیدا دەبێت، چونکە دەزانێت شۆڕشەکە سەرکەوتوو دەبێت، ژنان پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک پێشبینی هەموو شتیک دەکەن و بە دڵسۆزانەش دەستپێدەکەن.
لە کۆتاییدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گشتی تەڤگەری ئازادیی: ژنان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە دێنە مەیدان بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆیان، هەروەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت “شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنە” بە تایبەتی لە ئێستادا شۆڕشی ڕۆژهەڵات کاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی جیهان و ئەم دروشمـەش ئەگەر بێتە ئاراوە مەترسییەکی گەورەی دەبێت لەسەر دوژمن، هەر بۆیە کاتێک ژنێکی پێشەنگ لە باشوور دەست بە خەبات دەکات، دوژمنان دەست دەکەن بە دروستکردنی قسە و دواجار شەهیدی دەکەن، بەڵام گەلانی ئازادییخواز ناکەونە داوی پلانە قێزەونەکانی ئەوانەوە.
سەرچاوە:
https://jinhaagency.com/so/syast/fg-36680