بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، سەدان کەس لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییان کردەوە و جەختیان لە درێژەدان بە سەرهەڵدانەکە کردەوە.
سەرباری کەشی توندی ئەمنیی لە دەوروبەری گۆڕستانەکان، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانان و کەسوکاری گیانبەختکردوان سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادییان کرد و وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو گیانبەختکردووانە دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە.
دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوودا ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە بە پاساوی حیجاب کوژرا، سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و تائێستاش بەردەوامە، بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەو سەرهەڵدانەدا کوژراون کە نزیکەی یەک لە سەر چواریان کوردن.
لە بۆنە و یادە جیاجیاکاندا گڵکۆی ئەو گیانبەختکردووانە دەبێتە مەکۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات و لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لە شاری سەقز ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان روویان کردە گۆڕستانی ئایجی شارەکە کە گڵکۆی ژینا ئەمینی و ژمارەیەکی دیکە لە گیانبەختکردووانی تێدایە و بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادیی”، “کوردستان گۆڕستانی فاشیستان” و “نەمان بۆ دیکتاتۆر” ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵات دەربڕی.
لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا هێزێکی زۆری ئەمنی کۆکرابوویەوە، بەڵام ئەوە رێگریی لە توڕەیی جەماوەرەکە نەکرد و کاردانەوە بەرامبەر بەو هێزانە و دەسەڵات نیشاندرا و چەندین سرودی شۆڕشگێڕی وترانەوە و جەختیان لەسەر درێژەدان بە سەرهەڵدانەکە کردەوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی.
هاوکات لە شاری بۆکان، مەهاباد، سنە، دیواندەڕە، کامیاران، دێوڵان، مەریوان، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتیش کە ناوەندە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی بوون، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان روویان کردە گۆڕستانی ئەو شارانەو گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکانیان بەسەر کردەوە و دروشمەکانی وەک شەهید نامرن و “ژن، ژیان، ئازادیی”و سرودی “ئەی رەقیب”یان وتەوە.