بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، بەناوی سەرجەم ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، پیرۆز بایی لە موسڵمانانی کوردستان و گەلان دەکەین. ھیوادارین گەلانی ماف زەوتکراو چەوساوە، تێکۆشان بۆ ئازادیی و دیموکراتیی و پێکەوەژیان فراوانتر بکەن. دژی داگیرکەر و زاڵمی تاڵانکەر و ستەمکارانی سەردەم کە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا، بەچەکی قەدەغەکرا و زھنیەتی نەتەوەگەرایی و ئاینگەرایی، خاک و نیشتمانی ئێمە بۆردومان و سوتماک دەکەن.
گەلی ئێمە سەدان ساڵە، لە پێناو ئازادیی و دادپەروەریی و ژیانی ئازاددا قوربانیی دەدات، بەھەزاران رۆڵەی لەو پێناوەدا کردوەتە قوربانیی، بۆیە لەیادەوەریی جەژندا، وەک وەفادارییەک پێویستە سەردانی گۆڕی شەهیدان بکەین و بنەماڵەکانیان بەسەربکەنەوە و پشتگیریی لە خانەوادەی شەهیدان و زیندانییانی دۆزی ئازادیی بکەین. ھەر ئەوەش لەگەڵ راستیی جەژنی قورباندا یەکانگیر دەبێت، چونکە ئەوانەی ژیان و گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو خاک و بوون و راستیی و دادپەروەریی و ئازادییدا خاوەنی راستەقینەی جەژنی قوربانن.
لەسەر ئەو بنەمایە، پیرۆزبایی جەژنی قوربان لەسەرجەم شەھیدانی رێی ئازادیی و تەواوی گەلی کورد ستان دەکەین ، ھیوا خوازیین لەم جەژنەدا گیانی ھاوکاریی و ئاشتەواویی بەھێزتر بێت و کوردستان ئاوەدان و ئازاد بێت.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان – دەستەی ھاوسەرۆکایەتیی
٢٠٢٤/٦/١٥