ئەمڕۆ چوار شەممە سوور و جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان بەڕێوەدەچێت

ئه‌مڕۆ جه‌ژنی چوار شه‌ممه‌ی سوور و سەری ساڵی ئیزیدییەکانە، مێژوویەکی کۆنی لە نێو کورد و میزۆپۆتامیا هەیە، ئێزییدکان جەژنەکە بە ڕۆژی دروستبوونی گه‌ردوون دەزانن و لایان پیرۆزە و بەو هۆیەوە جەژن و شادیی دەگێڕن.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە١٩/٤/٢٠٢٣، بۆ ئێزیددیەکان ڕۆژ و بۆنە و جەژنێکی گرنگە کە خۆیان بە چوار شەمبا سۆر و سەری ساڵی ئێزیدی نای دەهێنن. ئەم جه‌ژنەکە ڕیشەیەکی کۆنی مێژوویی هەیە، هەزاران ساڵەی لە نێو ئیزیدییەکان بە تایبەتیی و کوردستان و میزۆپۆتامیا بە گشتیی هەیە. ئێزییدکان جەژنەکە بە ڕۆژی دروستبوونی گه‌ردوون دەزانن و لایان پیرۆزە و بەو بۆنەوەیەوە جەژن و شادیی دەگێڕن و سەردانی لالش دەکەن.

 ئێزدییەکانی کوردستان و جیهان و بەو بۆنەیەوە لە کوردستان و وڵاتانی جیهان، کە ئێزیدیەکانی لێی دەژییەن جەژن و شادیی دەکەن و کوڕ و کاڵ و کچ و منداڵ و هەمووان خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن و بە پۆشاکی نوێ و جوان خۆیان دەڕازێنەوە. ئێزیدکان ڕۆژێک بەر لە جەژن، واتە لە ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەدا، سەردانی پەرستگاکان بەتایبەتی لالش و نورانی دەکەن و تا ڕۆژی چوارشەمە تێیاندا دەمێنەوە. لە لاش و پەرستگاکاندا، سەردانیکەرانی ئێزیدی ئاگر دەکەنەوە و خۆراکی جۆراوجۆر و تایبەت بە بەجەژنە کە دروست دەکەن، لەوانەش هێلکە بە چەندین جۆری جیاواز ڕەنگ دەکەن و گوڵاڵە سورە لێ دەکەنەوە و دەیکەن بە دەرگای ماڵەکانیانەوە.

ئێزیدیەکان، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی چوارشەممەی ناوەڕاستی مانگی چواردا بەبۆنەی دروستکردنی جیهان لە لایەن یەزادنەوە جەژنائاسا ڕۆژەکە پیرۆز دەکەن، ئەم جەژنە لە ئێزیدی و کورد و سۆمەرییەکانەوە گوزراوەتەوە بۆ گەلانی سامی وەک ئاسوریی و ئەکەدیی و پاشتر بۆ  نێو سەرجەم  پەیڕەوانی ئایینی کرستیانیی.

ئەم نەریت و جەژنەی ئێزیدییەکان، مێژوونوسان لە پەرتوک و لێکۆڵینەوەکانیاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە لەسەردەمی سۆمەریەکاندا، جەژنەکە بۆ خودای ئینانای مێینە بەرێوەچووە و ئەکەدی و ئاسوری و بابلیەکانیش لە سۆمەریەکانەوە جەژنەکەیان وەریان گرتووە و ناوی ئینانای خودای میینەیان گۆڕیوە بۆ عەشتار و هەموو تایبەت مەندیەکانیشی بۆ ئەو خودا نوێیە گواستووەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە دێرینەکان و میتۆلۆژییەکان، ئینانا یان عەشتار لە هێلکەیەکی گەورەدا لە ئاسمانەوە کەوتووەتە ناو ئاوی ڕووباری فوراتەوە و دوایی لەوێوە ئەو خودا مێینە هاتۆتە دەرێ و بووەتە هۆکاری پیت و بەرەکەت و زیندووبونەوە و ژیانەوە و بەهار.

جەژنەکە لە هەرێمی فراوانی میزۆپۆتامیاش ناوبانگی دەرکردوە، سەرەتای مانگی چوار سەری ساڵ بووە. باوەڕیش وابووە کە خوداوەند عەشتار لەو مانگەدا زیندوو دەبێتەوە و لە دوای شەش مانگ لە پاییزدا دەمرێت و پرسەی مردنی بۆ گێڕدڕاوە. هەروەها بۆ زیندووبوونەوەی خوداکانی عەشتار و تەموز و هاوسەرگیریان پێکەوە، ئاهەنگ و شایی بەڕێوەچووە و باوەڕ وابووە کە عەشتار لە سەرەتای بەهاردا زیندووبووەتەوە. ئێزیدییەکان بەگوێرەی ڕۆژمێری کۆنی خۆیان لەو باوەڕە دان کە گەردوون و ژیان، لە یەکەمین چوار شەممەی سوری مانگی نیسان ئافڕێنراوە و گەردون و ژیان و مرۆڤ ئاوێتەی یەکدی کراون.

هەرچی سەبارەت بە ڕێوڕوسمی هێلکە ڕەنگکردنیش هەیە، لەلای باوەڕدارانی میزۆپۆتامیا و ئیزدیش وەک سیمبوڵێکی زینندووبوونەوە و پیت و بەرەکەت بینراوە و بەشێکی گرنگی ڕێوڕەسمی جەژنی سەری ساڵی میزۆپۆتامیا و جەژنی چوار شەممە سوری ئیزدیش بووە. هەر لە بەر ئەوەش بووە کە لە مانگی چواردا ئاهەنگی سەری ساڵ گێردراوە و گەورەترین ڕێوڕەسم و چالاکی هەمەجۆر لەو مانگەدا بەڕێوە چووە. ئەم ڕێوڕەسمە لە میزۆپۆتامیا و ئیزدیەکانەوە بۆ نێو ئاینی کریستیانی گوازراوەتەوە، هەڵبەتە دوای ئەوەی کە بووە بە ئاینی ڕەسمی ئیمراتۆریەتی ڕۆم. رۆمەکان ناوی “عەشتار” یان وەک خۆی وەرگرتوە و وەک “ئیستەر” گۆیان کردوە. دەستپێکیش لە ژێر کاری گەری باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا، سەرەتای بەهار و نزیک نەورۆز کرا بە ڕۆژی زیندووبوونەوەی عیسا مەسیح. ئەمەو کریستیانەکانیش بەهەمان شێوەی ئێزیدیەکان مەراسیمی هێڵکە ڕەنگکردن بەرێوە دەبەن. هەروەها لە جەژنی هەستانەوەی یان زیندووبونەوەێ مەسیح هێلکە ڕەنگ دەکەن و شەوی پێش ئەوەش مۆم و ئاگر و  مەشغەڵ بەدەست بە کوچە و کۆڵانەکان و کلێساکاندا بە ئومێدی بینینی عیسا و یاوەرانی دەسوڕێنەوە. هەڵبەتە لە نێو کوردانی موسڵمانیشدا، هێلە ڕەنگکردن لە چەند بۆنەیەکدا هەرماوە لە وانە، لە کاتی مەراسیمی خەتەنەدا کە بەختەنە سوران بەناوبانگە.

ئێزدیەکان مانگی چواری هەموو ساڵێک بە بوکی ساڵ دادەنێن، بۆیەنابێت بەهیچ شێوەیەک لەو مانگەدا پرۆسەی هاوسەرگیری بەڕێوە بچێت و بە گوناهێکی گەورە دێتە ئەژمار. هەروەها نابێت جووت بکرێت و زەوی بکێڵرێت و لە ڕووی ئایینیەوە قەدەغەیە. بەڵام لەو مانگەدا جلی نوێ دەپۆشرێن و هەمووان خۆیان پاک دەکەنەوە و قوربانی دەکەن. هەر لەو مانگەدا ئێزدیەکان هەتاوەکو چوارشەممە سوری (١٩ ی مانگ)، سەفەری ماست دەکەن. هەر ڕۆژێک خەڵکی گوندێک بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە خۆیان دەگۆڕن و ماست لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ لالش ولەوێ بە نانەوە دەیخۆن. ئەوەشی کە لێیان ئەمێنێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی بەجێدەهێڵن کە هاتوون بۆ سەردانی لالش و نورانی. جگە لەوانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاهەنگێڕانی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و گرنگترینیان لە چوارشەممە سوردا ئەنجام دەدرێن. بەگشتی چوارشمە سور و ڕۆژانی پێش و پاشی وێرای پەرستش و پاڕانەوە و نزای ئایینی، دەبنە بۆنەیەک بۆ دەربڕینی شادیی و شایی و ئاهەنگێڕان و دور کەوتنەوە لە غەم و ناخۆشی.

سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی و سەرزەوی ئێزیدخان ڕووبەڕووی دەیان جار قڕکردن و فەرمان بووەتەوە و ئاستەنگی و بۆختانی زۆریان بۆ دروست کراوە، بەڵام ئێزیدیەکان بەتاسەوە جەژەنەکەیان پیرۆز دەکەن و ئەو نەریتە دێرینە هەزاران ساڵانەی لەو جەژنەدا بەڕێوە دەچن پاراستوونیان و بە بەردەوامی پێدانیشیان جەژنەکە زیندووانە ڕادەگرن و دەیگەێنە نەوەکانی ئایندە، تا ئەوانیش وەک باوانیان بیگوازنەوە و بۆ نەوەی دوای خۆیان و بەو شێوەیە بۆ ئەبەد بەردەوامی هەبێ.

هەروەها چێکی بکە

ڕوناک مەجید: بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی بە ئەمری ئەردۆغان بووە

روناک مەجید ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی رایدەگەیەنێت: داهاتووی ئەردۆغان بەندە بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *