دەمیرتاش: داواکاری نامەی دۆسیەی کۆبانێ بەگوێرەی هەڵبژاردن ئامادەکراوە

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لەمیانی پێشکەشکردنی بەرگریی خۆی لە لە دۆسیەی کۆبانێدا باسی لەوەکرد کە داڕشتنی دۆسیەکە بە واتای ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار.

دانیشتنی ٢٤ەمینی دۆسیەی کۆبانێ لە رۆژی یەکەمدا لە کەمپی زیندانی سنجان بەڕێوەچوو. هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامانی پێشووی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی هەدەپە، بەگشتیی ١٠٨ سیاسەتمەدار کە ١٧یان زیندانین بەهۆی ئەو دۆسیەوە دادگایی دەکرێن. دۆسیەکە بە بانگەشەی ئەوە کراوەتەوە کە ئەو سیاسەتمەدارانە فەرمانیان کردووە بە خۆپیشاندانەکانی ٦-٨ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە پێناو کۆبانێ. دانیشتنەکان لەلایەن ٢٢هەمین دادگای سزاقورسەکانی ئەنقەرەوە بەڕێوەدەچێت.

کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان، بەڕێووەبەرانی هەدەپە، پەرلەمانتارانی هەدەپە گارۆ پایلان، دیلان دیرایەت، وەتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئایشە ئاجار و پارێزەرانی سەر بە ئیهەدە و ئۆهەدە ئامادەی دانیشتنەکەبوون.

ئەو سیاسەتمەدارانەی لە زیندانی سینجان زیندانین نەهێنرانە هۆڵی کۆبوونەوەکە و هەندێک سیاسەتمەداریش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بە ئۆنلاین بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد.

پارێزەر کەمال ئاکالن روو لە دەستەی دادگا وتی، “بۆچی ئەوەندە پەلەتان هەیە، من تێناگەم”. سەرۆکی دادگاش لە وەڵامدا وتی “ژیان کورتە”. دانیشتنەکە بەم ناڕەزایەتی دەربڕینە دەستی پێکرد. سەرۆکی دادگا وتە و بەڵگەکانی شایەتی شاراوە ‘یاپاراک”ی لە دژی ئایهان بیلگەن لە دۆسیەکە زیاد کرد.

هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە دانیشتنەکەدا قسەی کرد و سەبارەت بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکە زیادکراون، بەرگریی لە خۆی کرد. دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە لەبارەی بانگەشەکان لە دژی ئایهان بیلگەن بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون دراوە و سەرۆکی دادگاش وتی، “بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون بۆ من بەڵگە نییە”. دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە بڕیاری راگرتنی بەدواداچوون وەک بەڵگە لە دۆسیەکە زیاد کراوە. ئەو بەڵگەنامانەی هاتوون ئێمە قبوڵیان ناکەین. تائێستا لێپرسینەوە لە ئێمە نەکراوە. لە دانیشتنی پێشوودا ئێوە بڕیارتان لەسەر ئامادەکردنی داواکاری نامەکەدا. بەڵام ئێمە سوورین لەسەر داواکارییەکەمان لەبارەی لێپرسینەوە. بەرلەوەی لێپرسینەوەمان لێبکرێت، داواکارینامە ئامادەبکرێت ئەمە نایاساییەو کەموکوڕییە. بۆچی بە بێ رەزامەندی ئێمە داواکاریینامە ئامادەبکرێت و بخوێندرێتەوە؟ چۆن دەتوانین ئەمە شرۆڤە بکەین؟“.

بەڕێوەبەرییەکی فاشیستی لەبەرامبەرماندایە

دەمیرتاش ئەوەی خستەڕوو کە داواکارینامەی دۆسیەکە لەپێناو هەڵبژاردندا ئامادەکراوە و بەم جۆرە دوا: “هەڵبژاردن لە ١٤ی ئایاردا بەڕێوەدەچێت. هەم دۆسیەی داخستنی هەدەپە و هەم دۆسیەی پیلانگێریی کۆبانێ بە گوێرەی هەڵبژاردن دیاریکراون. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنەکەیدا بەم جۆرە دەڵێت ‘ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وتی تاوانی دەمیرتاش چییە؟ بەرپرسیارێتی من بەرامبەر بە گەلەکەم زۆر گەورەیە و ١٤ی ئایار لەو بارەوە گرنگیەکی زۆری هەیە’. بەڕێوەبەرییەکی فاشیست لە بەرامبەرماندایە. بەشێوەکی ئاشکرا دەست لە کاروباری دادگا وەردەدات و بە کردەوەش ئەمەی نیشانداوە. ئەو کەسە دەڵێت ‘١٤ی ئایار لەم رووەوە خاوەنی گرنگییە و بانگەواز ئاراستەی گەلەکەم دەکەن، دەبێت لە ١٤ی ئایاردا دەنگمان پێبدەن بۆ ئەوەی ئەوانە ئازاد نەکرێن’. ئەمە وەک دەستوەردان لە دادگا هەڵبسەنگێنین؟ هەرگیز ئەمەتان نەبیستووە، گوێتان لێنەبووە، ئێوەش وەک دەستەی دادگا لە منتان بیستووە. رەنگە ئەو تیوریە راست بێت، ئەگەر زانیاریمان نەبێت کە ئەو کەسە راستەوخۆ دەستوەردان لە دادگادا دەکات. ئەردۆغان بانگەوازی لە ئەندامانی داگای دەستوری هەمیشەیی کرد و وتی، ‘ئێوە چۆن دەتوانن بڕیاری رێگریی لە هاوکاری دارایی خەزێنە بۆ هەدەپە لاببەن؟’. چەندین ئەندامی دادگای دەستووری هەمیشەیی باسیان لەوەکرد کە لەلایەن خودی ئەردۆغانەوە دادەمەزرێن. بەڵام ئەندامانی دادگای دەستوری هەمیشەیی کە لە لوتکەی دەسەڵاتی دادوەریدان، بە پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەو هەنگاوەیان شەرمەزار دەکات و دەڵێت ئێوە بۆچی لە دۆسیەی هەدەپەدا ئەم بڕیارەتان دا. ئەو سیاسەتمەدارەی کە بانگەواز لە دادگای دەستووری دەکات و ناڕەزایەتی بەرامبەر دەردەبڕێت بانگهێشتی ٢٢هەمین دادگای سزای قورسی ئەنقەرە ناکرێت و هیچی پێناڵێت. دەڵێت دەبوایە دەمیرتاش سزا بدرایە بەڵام سزا نەدرا’. باسی ئەم دۆسیەیە دەکات. واتە باس لە چاوەڕانییەکانی خۆی لە هەر سێ دادوەری بەرامبەرمان دەکات. وەک چۆن پەیوەندی بە ئەندامانی دادگای دەستوری هەمیشەییەوە دەکات و قسەیان پێدەڵێت، لەبارەی ئەم دادگایەشەوە پرۆسەکە بەردەوامە. دەڵێت، ئێمە ئێستا چاودێری ئەوە دەکەین’. دەتوانین دڵنیابین کە ئێستا ئەردۆغان چاودێری ئەمە دەکات“.

گەلەکەمان بۆ کار و چالاکی بانگهێشت دەکەین

دەمیرتاش بەم جۆرە روو لەدادوەرەکان درێژە بە قسەکانیدا: “چاوەڕێی رۆژی هەڵبژاردنین. ئاخۆ دنیا بۆ سوڵتان سلێمان مایەوە تا بۆ تەیب ئەردۆغان بمێنێتەوە؟ بەڵێنتان پێدەدەین لە سەر کورسی تۆمەتباران دادەنیشن. لەبەر ئەوەی لە تۆمارەکاندا دەنوسرێتەوە ئەمە دەڵێم. من وەسیەت و راسپاردەی خۆم لە تۆماری دادگا دەنوسمەوە، سکاڵای خۆم لەتۆمارەکەدا دەنوسمەوە.ئەوەی ئێمە خستە ئێرە و زیندانی کردین، ئەوە تاوانی کردووە. ئێوە دیکتاتۆریتان ساز کرد. ئێوە دەستوەردانتان لە راپرسی و هەڵبژاردنەکاندا کرد. ئێوەی بەشداریتان لە کودەتای سیاسیدا کرد و گەلتان پەرێشان کرد. ئەوەی دەبێت بیکەن ئەوەیە کە دەبێت وەک دادوەر بجوڵێنەوە. ٣٣ رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن. ئێمە لەدژی ئەوەی کە ئێوە لەسەر ئەو کورسیەوە دەستوەردان لە هەڵبژاردن بکەن بێدەنگ نابین. ئێوە پیلانگێڕن. بەڵگەی ساختەتان خستووەتە دۆسیەکەوە. ئێوە ئەو مرۆڤانەن کە دەستوەردانتان لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا کرد و بە ئاشکرا کودەتاتان کرد. هیچ مافێکتان نییە کە ئێمە تۆمەتبار بکەن، ئێوە تاوانبارن، لەبەر ئەوەی فەرمانتان لە فەخرەدین ئاڵتون، ئەردۆغان و بەکر بۆزداغ وەرگرت، بەڵام ئێمە لەدادگا سەربەخۆکاندا لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکەین. داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە لە سندووقەکانی دەنگداندا ئەم دەسەڵاتە فاشیستیە شکست بدەن. گەلەکەمان بۆ کار و چالاکی بانگهێشت دەکەین“.

 

 

هەروەها چێکی بکە

تۆڕی پشتیوانی نێونەتەوەیی نامەی ئاڕاستەی سی پی تی کرد

تۆڕی پشتیوانی نێونەتەوەیی، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی سی پی تی (ئالان میچێل) کرد، تیایدا داوای کرد …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *