کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بێنە لای یەکتری و کۆنگرەیەکی نیشتمانیی ساز بکرێت

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان:

دوای بیست ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، لەلایەن هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هێشتا دۆخی عێراق ئاسایی نەبووەتەوە. دیارە ئەو ڕۆژە بۆ گەلانی عێراق ڕۆژێکی مێژووی بوو، کاتێک پەیکەری سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی عێراق لە ناوەڕاستی شاری بەغدادی پایتەخت هێنرایە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ گومانێک نییە لەوەی دۆخی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لە دەستی دیکتاتۆرێک ڕزگار کرا، بەڵام ڕووداوەکانی پاش ٢٠٠٣ بە جۆرێک بوون هیچی لەو مەرگەسات و ترس و کۆمەڵکوژیانە کەم نەکردەوە کە ڕژێمەکەی سەدام بەسەر گەلانی عێراقی هێنابوو. شەڕی تائیفی، مەزهەبیی شیعە و سوننە و شەڕەکانی گرووپەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش بەدەیان هەزار هاووڵاتی کردە قوربانی و بە هەزارانیش ئاوارەبوون، ئیدی لەو ماوەیەدا شتێک نەمایەوە بۆنی ژیانی لێ بێت.

هاوپەیمانان عێراقیان لە ئاڵۆزییەکی وەهادا بە جێ هێشت، بەتەواوی دەرگای خستە سەر پشت بۆ وڵاتانی جیهانی و ناوچەیی بە ئارەزووی خۆیان دەست بخەنە ناو کاروباری عێراقەوە، ئەمریکا لە لایەک و ئێران و تورکیا لە لایەکی ترەوە بوونە مایەی نائارامی و درێژەپێدانی شەڕ و ناکۆکییەکان، هەموو گەلانی عێراق چاوەڕوانی ئەو بەڵێنەی ئەمریکا بوون کە چەندین جار ڕای گەیاندبوو کە ئەمە پرۆسەی ئازادییە بۆ گەلانی عێراق، بۆیە هەموو گەلانی عێراق و پێکهاتەکانی چاوەڕوانی ئەوە بوون ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ خۆیاندا سیستەمێکی دیموکراتی جێگیر بکەن و ئاشتی و ئارامی بێتە کایەوە! بەڵام دەرکەوت بەتەواوی پێچەوانەیە! نە ئەمریکا خۆی پرۆژەیەکی دیموکراتی هەبوو نە ئەو هێزانەش کە لە بەرامبەر بەعسدا ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئێستا بوونەتە دەسەڵات خاوەنی پرۆژەی نیشتمانی-دیموکراتی-خزمەتگوزارین، بۆیە ئەم دۆخە لە ٩/نیسانی/٢٠٠٣-وە تاک و ڕۆژگاری ئێستا بە هەمان عەقڵیەت و شێواز بەردەوامی بە دەسەڵاتداری و ستەمکاری دەدەن و گەلانی عێراقیان ڕووبەڕووی دەیان کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی قووڵ کردووەتەوە، دەستدرێژی و دەستتێوەردانە دەرەکییەکان بە ڕادەیەک فراوان بوون بوار نادەن گەلی عێراق پشوویەکی ئارام بدات و ڕۆڵ بگێڕێت لە دیاریکردنی ئایندە و چارەنووسی خۆیدا، ئەو هێزانەی دەسەڵات هیچ پرۆژەیەکی چارەسەرییان پێ نییە و هەر یەکە و بە زیهنیەتی تائیفی و مەزهەبی و قەومی خۆیان بە دەوڵەتانی هەرێمییەوە گرێداوە، لە لایەکی دیکەوە هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەستی ئەو هێزە ستەمکارانەیان گرتووە و هیچ هەوڵێک و پرۆژەیەکی چارەسەریشیان پێ نییە.

گەلی کوردیش وەکوو پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق چاوەڕوانی ئەوەی هەبوو کە لایەنە کوردستانییەکان لە پایتەختی عێراقدا بتوانن قۆناخێکی جیاوازتر نوێنەرایەتی بکەن و خاوەن یەک گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی بن، پێویست بوو پۆست و پێگەی کورد لە بەرژەوەندی گەلی کورد بەکار بهێنن، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردیش خراپتر لە هاوپیشە سیاسییەکانیان لە عێراق هەموو پێگە و پۆستێکیان بۆ بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەی و کەڵەکەکردنی سەرمایە و سەرچاوەی خۆ دەوڵەمەندکردن بەکارهێناو پرسە نیشتمانییەکانیان وەکوو مادەی ١٤٠ و پرسی پێشمەرگە و چەند دینیتر کە دەکەوتنە بەرژەوەندی گەلەکەمان بەتەواوی فەرامۆشکران و هاووڵاتییانی ماف خوراوی کورد لە ناوچە کێشە لە سەرەکان کراونەتە قوربانی.

بە درێژایی ئەو ٢٠ساڵە، خەڵکی عێراق بە کورد و عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانی لە باشووری کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوام لەدژی ئەو ملهوڕیانەی دەسەڵاتداران دەنگی نا ڕەزایەتیان بڵند کردووەتەوە لەبەرامبەر دەستدرێژی و داگیرکاری و گەندەڵی و نا دادییەکانی گەلانی عێراق بە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ترییەوە، قوربانی زۆریان داوە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا بەسەدان هاووڵاتیی، ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنی شەهیدکراون – کەمی ڕێژەی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان جۆرێکە لە هەڵوێستی گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو شێوازە حوکمڕانییە گەندەڵ و بێباکە لە باشوور تا هەموو ناوچەکانی عێراق.

ئێستا لە هەر کات زیاتر ئەوانەی لەژێر سێبەری ئەو دۆخەدا لەپێناو بەرژەوەندییە حیزبی و بنەماڵەییەکانیاندا سەروەت و سامانی میللەتیان بەناوی سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری هەڕاج کردبوو شکستیان هێناوە، لەڕووی پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسییەوە لاواز و بێ متمانە بوون، ئازادی ڕادەر برین و مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی مەترسیدار پاشەکشەی کردووە و چەندین جار لەلایەن نێوەندە کانی un و یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان پێدراوە، هەرێمی کوردستان لە بۆشایی دەستووری و نەبوونی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ و یاسایەکی دیموکراتی بۆ هەڵبژاردنەکان دایە، هیچ ئومێدێکیش بۆ چارەسەری کێشەکان لە هەگبەی ئەو هێزانەی ئێستادا بەدی ناکرێت، هەر بۆیە کاتی هاتنەلایەکی هێزە دیموکراتی و ئازادیخوازان و ناڕازییەکانە لە چوارچێوەی بەرەیەکی نیشتمانی و دیموکراتی کە هێز و ئیرادەی گەل بە بنەما بگرێت و لە دەرەوەی هێزە هەرێمییەکان و دوور لە دەستتێوەردانەکان کێشەکانی خۆی بە ئاراستەی دیموکراتیانە چارەسەر بکات لە ئێستادا بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتمانی دیموکراتی بووەتە پێویستییەکی گرنگ بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی بکات و هەرێمی کوردستان و عێراق لەو قەیرانە هەمەلایەنە دەرباز بکات و بە ئاراستەی دیموکراتی و خۆبەڕێوەبەری پێکهاتەکان و پێکەوە ژیان ئاراستەی بکات.

ئێمە لە تەڤگەری ئازادیی بە پێویستی دەبینین لە ئێستادا هەموو لایەنەکان بێنە لای یەکتری و کۆنگرەیەکی نیشتمانی سەرتاسەری ساز بکرێت بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتە و ئایین و مەزهەب و نەتەوەکان، هەموو ئەوانەی لە گەندەڵی و پشتیوانی داگیرکارییەوە نەگلاون پێویستە بەرپرسیاریەتی خۆیان پێک بهێنن و بەشدارییان هەبێت بۆ دەربازبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو هەموو دەردەسەریی و کارەساتانەی بەسەر گەلانی عێراقدا هاتوون، ئێمە بۆ پرۆژەیەکی بەم جۆرە دەستی هاوکاری و پشتیوانی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین و پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە لە دەوری یەکتر کۆ ببینەوە و خاڵە هاوبەشەکانمان لە یەکتری نزیک بکەینەوە لەپێناو ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی و سەروەر بوونی خاک و گەلانی عێراق.

لەم چوارچێوەیەدا ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە چەند خاڵێکدا چارەسەرییەکی دیموکراتی و نیشتمانی دەخەینە ڕوو:

١-لەڕووی سیاسییەوە، پێویستە کۆنگرەیەکی نیشتمانی بە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنەکان، ئەکادیمیست و کەسایەتییە دیموکراتەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییەکان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی دوور لە زیهنیەتی زۆرینە و کەمینە ببەسترێت.

٢-پێویستە دەستوور هەموار بکرێتەوە و قورسایی بخرێتە سەر ئاوەزو شکاندنەوەی بەلای دیموکراتیدا، بە شێوازێک جەخت بخرێتە سەر پێکەوە ژیانی گەلان و ڕێزگرتن لە ئیدارە خۆسەرەکان و حکومەتە خۆجێییەکان.

٣-هێزی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری لە دەستی کەس و حیزبە سیاسییەکان دەربهێنرێت و بە نیشتمانی بکرێت، لە هەمان کاتدا بدرێتە دەست کەسانی نیشتمانپەروەر و تەکنۆکرات.

٤-پێویستە پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند بە دامەزراوە بکرێت و لەسەر بنەمایەکی دەستووری بەڕێوە بچێت.

٥-ناوچەی مادەی ١٤٠ لە سەر بنەمایەکی دەستووری ئاسایی بکرێتەوە و شێوازی بەڕێوەبردنی لەسەر بنەمای بەشداری پێکهاتە ڕەسەنەکان بێت، دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی.

٦-بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە دابەشکردنی داهات و خزمەتگوزاری و کەمکردنەوەی جیاوازی لە نیوان داهاتی بەرز و کەم دەرامەتەکاندا.

٧-پێویستە دەوڵەتی عێراق سەروەری (سیادەی) (زەوی، ئاو، ئاسمانی) وڵات بپارێزێت و وڵاتانی ناوچەیی پابەند بکات بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.

٨-تەحریم کردنی سیاسەتی وابەستەیی و تاکڕەوی و مەزهەبگەرایی و نەتەوەگەرایی.

٩- لێپرسینەوە لەو کەس و دەسەڵاتدارانەی داھاتی گشتیان بردووە یان بەھەدەری داوە  لەرێگای دادگایەکی تایبەتەوە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی

٠٩/٠٤/٢٠٢٣

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی پرسەو سەرەخۆشیی ئاڕاستەی بنەماڵەی حەکیم لوقمان دەکات

‎پرسەو سەرەخۆشیی ‎بۆ بنەماڵەی بەڕێزی  شەھید حەکیم لوقمان، لەشارۆچکەی کەلەکچی سەر بەپارێزگای دھۆک. بەھەستێکی قوڵەوە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *